سەرۆكایەتی پەرلەمانی عیراق لەبارەی داواكەی د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح قسەی خۆی كرد

224 جار خوێندراوەتەوە کات10:20 بەروار15-12-2019
سەرۆكایەتی پەرلەمانی عیراق لەبارەی داواكەی د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح قسەی خۆی كرد

راچڵەكین-

سەرچاوەیەك لەسەرۆكایەتی پەرلەمانی عیراق ئاشكرای دەكات، تائەم ساتەوەختە هیچ كوتلەیەكی گەورە لەناو ئەنجوومەنی نوێنەراندا تۆمار نەكراوە.

ئەو سەرچاوەیە لەلێدوانێكدا بۆ میدیا عیراقییەكان ئاماژەی بەوەكردووە:" دوای راگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە 2018 دا، تەواوی كوتلەكان سەرقاڵ و ململانێی یەكیدا دەكرد بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكوەزیرانی نوێ، ئەو كاتیش هیچ كوتلەیەك داواكاری پێشكەش نەكرد وەك گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی."

ئاماژە بەوەشدەكات:" دوای هەڵبژاردنی عادل عەبدولمەهدی، وەك سەرۆك وەزیرانێكی سەربەخۆ، كوتلە سیاسییەكان ئەو بابەتەیان پشتگوێخست، هەڵبژاردنی عەبدولمەهدی بە تەوافوق ئەنجامدراو پێویستی بە كوتلەی گەورە نەبوو."

پێشتر، د. بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق، لەنووسراوێكدا كە ئاراستەی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و جێگرەكانی كرد، ئاماژەی بەوەكردبوو، "ماددەی 76ی دەستوری عێراق، سەرۆك كۆمار پەیوەست دەكات كە گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی رابسپێرێت لە ماوەی 15 رۆژدا ئەنجومەنی وەزیران پێكبهێنێت".

هەر لە نوسراوەكەدا هاتووە، "بەمەبەستی پێكهێنانی ئەنجومەنی نوێی وەزیران، داوا دەكەین لە یەكەمین دانیشتنی داهاتوی پەرلەماندا گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی دەسنیشانبكرێت."