جەنگ بۆ ؟ نامەکانی ئەنیشتاین و فرۆید

374 جار خوێندراوەتەوە کات09:35 بەروار11-01-2020
جەنگ بۆ ؟ نامەکانی ئەنیشتاین و فرۆید

ڕاچڵه‌كین- هه‌ڤین كه‌مال شا

ھەر لەسەرەتای دەستپێکردنی ئەم سەدەیە، سەدەی بیست ویەک، خوێنێکی زۆری تیادا ڕژا کەپێشتر لە ھیچ سەدەیەکی تردا بەو شێوەیە نەبووە . ھەموو ئاکامە خراپەکانی جەنگەکانی سەدەکانی پێشووی تیادا بەجێما، وەھیچ ھیوایەکیش نابینرێت بۆ باشتربوونی دۆخەکە ، بگرە مرۆڤی ئەم سەردەمە ڕۆژ بە دوای ڕۆژ بێ ئومێدتر و بێھیوا تردەبێت . 

ئەو شێتی و ناجێگری باری دەروونی و ھیستریایەی مرۆڤی ئەم سەردەمەی تیادا دەژی، بۆ ڕووخاندن و تێکشکاندن بەھیچ جۆرێک تەفسیر ناکرێت و ھیچ لێکدانەوەیەکی مەنتیقی و لۆژیکی نیەبۆی . 

وەکو ئەوەی بڵێت مرۆڤایەتی بڕیاری لەناوبردن و خۆکوژی خۆیدابێت و گەشتبێتە ئاستێک کەخۆدی خۆیی و ژیانی پێ قبوڵ نەبێت. لێکۆڵەوەرەوەکان و مێژووناسەکان دەڵێن ئەم دۆخەی ئێستا مرۆڤایەتی تێیکەووتوە، زۆر لەو دۆخەی پێش ھەڵگیرسانی جەنگی جیھانی دووھەم دەچێت لە زۆر لایەنەوە . لەو کاتەدا مەیدانی جەنگ زیاتر لە کیشوەری ئەوروپادا بوو ، ھەر ئەمەش بوو وای لە زانا و بیرمەندەکانیان کرد کە زەنگی مەترسی لێبدەن و دژ بە جەنگ بوەستن و ھەوڵ بدەن ھۆکار و ئاکام و ئەنجامە خراپەکانی لێکبدەنەوە . دووان لەو زانا و بیرمەندانەی کە جەختیانکردەوە لەسەر دژبوون بە جەنگ و ھەڵگیرسانی شەڕ زانای فیزییاوی ئەلبرت ئەنشتاین _ و بیرمەند و داھێنەری زانستی دەروونشیکاری _سیگموند فرۆید بوو . ئەم زانا و بیرمەندە ڕای خۆیان بەرامبەر جەنگ و ئاشتی دەڕبڕی ، بە ئاڵوگاڕکردنی دوو نامەی گرنگ لەنێوانیاندا . کە بۆ یەکەم جار لە لایەن " ئینیستوتی ھاریکاری فکری نێوان دەوڵەتەکان " لەساڵی (١٩٣٣ )دا بڵاوکرایەوە بە ناونیشانی (نامە کراوەکان ). لێرەدا بۆم گرنگە کە ناوەڕۆکی ئەم نامانە بخەمە بەر دیدی خوێنەران ، چونکە ناوەڕۆکەکانیان لەگەڵ ئەم بارودۆخەی ئێستامان زۆر دەگونجێت و بۆمان ڕووندەکاتەوە لە دیدی ئەو دوو بیرمەندەوە ، بۆ مرۆڤ کائینێکی شەڕانگێزەو و بەبەردەوامی لەگەڵ بەرپابوونی جەنگەکانەو دژ بەئاشتییە . 

لەم بەشەدا تەنیا نامەکەی _ ئەلبیرت ئەنیشتاین_ دەخەینە ڕوو ، لەبەشی دووەمدا وەڵامی سیگمۆند فرۆید دەخەینە ڕوو بۆ نامەکەی ئەنیشتاین .



ئەلبێرت ئەنشتاین 
" لەپێناو ئاشتییەکی تێکۆشەرانە " 

ھەمیشە گوتومە؛ ھێندە پارە ، کار، خواردن ھەیە لەسەر گۆی زەوی، ئەگەر بەرووبومەکانی سەرزەوی بە یەکسانی دابەش بکەین، بۆ ئەوەی خۆمان نەکەین بە کۆیلەی سیستمێکی ئابووری و سەرمایەداری ڕەق یاخود چەند نەریتێکی دارێژڕاو پێشتر بۆمان . ناکرێت ھەموو ھێزوو بازوومان بۆ خۆئامادەکردن بۆ جەنگ بەکاربھێنین، و خۆمان لەبیرکردنەوەو کارکردنی ڕژد و جدی بۆ بنیاتنانی دواڕۆژێکی پڕشنگدار بوەستێنین . 

من زۆر لەگەڵ ئەو بیروبۆچوونەی گەورە پیاو و بیرمەندی ئەمریکی بنیامین فرانکڵین م کە دەڵێت : " ھیچ کاتێک جەنگێکی باش بوونی نەبووە ، ھەروەک چۆن ئاشتییەکی خراپیش بوونی نیە" . من نەک ئاشتیخوازم ، بەڵکوو ئاشتیخوازێکی تێکۆشەرم ، دەمەوێت تێبکۆشم لە پێناو ئاشتی دا .

ئایا باشتر نیە مرۆڤ لە پێناوی پرسێکدا بمرێت کە باوەڕی پێیەتی وەکو ئاشتی ، لەجیاتی ناڵاندن و ئازار چەشتن بە دەست پرسێکەوە کە باوەڕی پێی نیە، وەکو جەنگ ؟ 

ھەموو جەنگێک بازنەیەک زیاد دەکات بۆ زنجیرەی تاوان و خراپی ، کە ڕێگری دەکات لە پێشکەوتنی مرۆڤایەتی . ھەرگیز جەماوەر لەگەڵ جەنگدا نەبوون ، ئەگەر بیر و فکریان ژەھراوی نەکرابێت لە ڕێگای بانگەواز و پڕوپاگەندەکانەوە . دەبێت نەوەکانمان بکوتین دژ بە جەنگ ئەویش بەوەی بە ڕۆحێکی ئاشتیخوازانە پەروەردەیان بکەین . بەدبەختی ئەوروپا لەوەدایە کە گەلانێکن لەسەر فەرھەنگ و نەریتی ھەڵە پەروەردەکراون ، پەرتۆکی قوتابخانەکانمان پیرۆزی و شەرعیەت دەدات بە جەنگەکان و نەرێنی و وەحشیگەراییەکەی دەشارێتەوە . منداڵەکان پڕ دەکەن لە ڕق وکین . من دەمەوێت ئاشتییان فێرکەین لە جیاتی جەنگ ، خۆشەویستی لە جیاتی ڕق . دەبێت پەرتۆکی قوتابخەنەکان دیسانەوە پیاچوونەوەیان بۆ بکرێت ، بەجۆرێکی تر داڕێژرێن دوور لە ڕۆحیەتی شەڕانگێزی . بەرپرسیارێتی یەکەم دەکەوێتە سەر شانی دایکانی جیھان، کەھەر لەسەر لانکەوە منداڵەکانیان لەسەر پارێزگاریکردن لە ئاشتی و خۆشەویستی پەروەردەکەن . دەبێت ئەو جیھانەی دەمانەوێت چۆن بوایە؟! ئەگەر ئەو ھێز و توانایەی لەجەنگدا بەکارمان دەھێنا بۆ بنیاتنانی مرۆڤایەتی بەکارمان بێنایە . ئەگەر دەیەکی ئەو ھێز و توانایەو بڕێکی کەمی ئەو پارەیەی دەوڵەتە زلھێزەکان سەرفیانکرد لە جەنگی جیھانی یەکەمدا بۆ چەک و بۆمبە دەستی و گازە ژەھراوییەکان بەکاربھاتایە بۆ مرۆڤایەتی، ئەوا ئێستا ھەموو جیھان بە شکۆ و کەرامەت و یەکسانی و خۆشگوزەرانیەوە دەژیان . 

پێویستە گرنگی بدەین بە پرسی ئاشتی، وەھەمان فیداکاری پێشکەش بکەین کە پێشتر پێشکەشی جەنگمان کردووە . لەئێستادا ھیچ شتێک ھێندەی ئەم پرسە بۆ من گرنگ نیە، دەشزانم ئەوەی دەیڵێم و دەیکەم ناتوانێت گەردوون بگۆڕێت، بەڵام دەنگێک بۆ خزمەتی پرسێکی وا گرنگ " ھەمەئاھەنگی نێوان خەڵک و بەرپابوونی ئاشتی جیھانی " بە پێویست دەزانم . 

" کابۆت، ناوچەی بوتسدام ، ٣٠ یۆلیۆ⁄ ١٩٣٢"


ھاوڕێم بەڕێز فرۆید من خۆشحاڵم کە لە ڕێگای کۆمەڵەی گەلان (عەسبەی ئومەم )، لەگەڵ ئینیستوتی جیھانی بۆ ھەمەئاھەنگی فکری لە پاریس ، ڕێگام پێدرا بتوانم ئاڵوگۆڕی فیکری و فەرھەنگی ئازاد لەگەڵ کەسێک بکەم لە ھەڵبژاردەی خۆم و لەسەر بابەتێک بە دڵی خۆم . ئەوەی دەمەوێت من دیبەیتی لەسەر بکەم لەگەڵ تۆدا پرسی جەنگە، کەلەلای من لەئێستادا یەکێکە لە گەورەترین کێشەکان کەڕێگرە لە شارستانیەتی مرۆڤایەتیی. بەپێی بارودۆخی ئێستا بێت ، پرسیارەکەی من ئەوەیە : ئایا ھیچ ڕێگایەک ھەیە بۆ پاراستنی مرۆڤ لە ئاکام و ماڵوێرانی جەنگەکان ؟ 

ئەو گۆشە نیگایەی لای وایە ئەم کێشەیە بۆتە کێشەیەکی بەرجەستەو وجودی بۆ شارستانیەتی مرۆڤایەتی بەھۆی پێشکەوتنی تەکنیکی و تەکنەلۆژیی یەوە، گۆشە نیگایەکی چەسپێنراو و چەوتە . لەگەڵ ھەموو ئەو ھەوڵە ڕژد و ڕاستەقینانەی دراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەڵام بە داخەوە ھیچیان سەریان نەگرتووە . 

من پێم وایە ئەو کەسانەی گرنگی دەدەن بەم بابەتە و پڕۆفیشناڵن تیایدا ، بەھۆی لاوازی و کەمی توانایان لە بوارەکەدا، لایان گرنگە بیروڕاو گۆشەنیگایی کەسانی تر بزانن بەرامبەر بابەتەکە. بەتایبەت ئەو کەسانەی لەبواری زانست و زانیاریدا کاردەکەن . بە نیسبەت منەوە، و بەپێی ھزری من بۆ بینینی شتەکان ، کەناتوانم بە قووڵی لە ناخ ودەروونی مرۆڤ تێبگەم، تەنیا شتێک کە پێمبکرێت ئاڵوگۆڕکردنی بیرو بۆچوونمە لەگەڵ کەسێکی وەک تۆ ، کە ناسراوی لەبوارەکەتدا و بە دەروون و ھەست و سۆزی مرۆڤدا ڕۆچوویت . دەمەوێت کێشەکان بخەمە ڕوو و بیر و ڕای تۆ وەرگرم لەسەری . ئەوەی چاوەڕوانکراوە تۆ باس لە پەروەردە بکەیت، ئەو پەروەردەیەی دەتوانێت باز بەسەر ئاستەنگیەکاندا بدات بە ڕێگایەکی سایکۆلۆژی نەک سیاسی تا ڕادەیەک . بەڵام کێشەکە لەوەدایە ئاستەنگیەکان کەسانێک دایدەنێن کەھیچ شارەزا نین لەبواری سایکۆلۆژیادا و لێوەشاوە نین بۆ ھەڵسەنگاندنی بارودۆخی جیھان . 

لەبەرئەوەی من مرۆڤێکم دوورم لەھەموو جۆرە سۆزێکی ناسیۆنالیستی، پێم وایە ڕووی دەرەوەی یاخود ڕێکخستنی کێشەکە زۆر ئاسانە، ئەویش : پێویستە دەوڵەتەکان دەزگایەکی یاسادانەر و تەشریعی پێک بھێنن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان. ھەموو ووڵاتەکان پابەند بن بە بڕیارەکانی ئەو دەزگایەوە، وەبگەڕێنەوە بۆ دادگاکانی لەکاتی بوونی کێشە و گرفت لەنێوانیان ، وەھەموو مەرجەکانی دادگاکانیان پێ قبووڵ بێت . لێرەدا یەکەم ئاستەنگی دێتە بەردەممان : دادگاکان مرۆڤ دەیانبات بەڕێوە، ھەر لەبەر ئەوەش ھۆکارە دەرەکییەکان کاریگەرییان دەبیت لەسەری ، دەبێت مرۆڤ لەم کاتەدا ئەم ڕاستییانەی لەپێشچاو بێت : یاسا و ھێز دوانەیەکی جووتن لەگەڵ یەکدا ، لەوانەیە ئەندامانی دەستەی دادوەری بۆ بەرژەوەندی دەوڵەتێک بڕیار بدەن ، کەدەزانن خاوەن ھێز و دەسەڵاتە . لەئێستادا ئێمە زۆر دوورین و بەھیچ جۆرێک لە تواناماندا نیە ڕێکخراوێکی نێودەولەتی دروستبکەین ، کەتیایدا بتوانین دەسەڵاتی تەواوی پێببەخشرێت و دادگاکانیشی مافی تەواویان پێبدرێت بۆ سزادانی ھەر دەوڵەتێک سەرپێچی یاساکان بکات ، ھەر بۆیە ئەمە دەمانگەیەنێتە ئەو دەرئەنجامەی : " گەشتن بە ئاسایش و ئاشتی جیھانی دەبێت لە ڕێگای دەستبەرداربوونی بێ مەرجی ووڵاتەکانەوە بێت لەھەندێک لەئازادی و سالاریی و دەسەڵاتیان ، لەئێستادا من دڵنیام ھیچ ڕێگا چارەیەکی تر نیە جگە لەمە " . 

ئەگەر بەخێرایی چاوبخشێنین بە ھەموو ئەو ھەوڵ و کۆششە ڕژد و جدیانەی لەم دەساڵەی دواییدا دراوە بۆ چارەکردنی ئەم کێشانە ، بۆماندەردەکەوێت بەبێ ھیچ دوودڵیەک، کەتوانایەکی سایکۆلۆژی زۆر بەھێز ڕێگری دەکات لەم ھەوڵانە . لەبەرئەوەی حەزی دەسەڵات و خاوەندارێتی لەھەندێک دەستەی خاوەن دەسەڵات لە کۆمەڵگادا دژ بە ھەر یاسایەک دەبن بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵات لەو دەوڵەتە ، ھەروەھا دەسەڵاتی ئابووری دەستەیەک ھەمان کاریگەری دەبێت . مەبەستم لێرەدا ئەو کەمینەیەی کۆمەڵگایە کە لەناو ھەموو گەلێکدا ھەیە و پێیان وایە بەرپابوونی جەنگەکان و بازرگانیکردن بە چەک و دروستکردن و ھەنارەکردنی لە بەرژەوەندی ئەوانە بۆ زیادکردنی ڕووبەری دەسەڵاتیان . ئەو پرسیارەی دێتە بەردەمم لێرەدا ئەوەیە : ئایا ئەو کەمینەیە چۆن دەتوانن دەست بەسەر ھزر و فکری زۆرینەی جەماوەرە میللیەدا بگرن و بەرەو بەرەکانی جەنگیان بەرن ؟ بەمەرجێک ئەو جەماوەرە تەنیا ماڵوێرانی و لەدەستچوونی دەست دەکەوێت لەجەنگەکاندا ! 

کاتێک باس لە جەماوەری میللی دەکەم، ھیچ سەربازێک دەرناکەم لە مەبەستەکەم بە تایبەتی ئەو سەربازانەی کەسەیری جەنگ و جەنگاوەری دەکەن وەک پیشەیەک، و لەو باوەڕەدان کەبەوە خزمەتی ھێنانەدی ئامانجی گەلەکەیان دەکەن ، وە لەلای ئەوان "ھێرشکردن باشترین ڕێگایە بۆ خۆپاراستن". 

لەوانەیە باشترین وەڵام بۆ ئەو پرسیارەم ئەوەبێت کە ئەو کەمینەیە دەسەڵاتی بەسەر قوتابخانەو ڕاگەیاندن و لەزۆربەی کاتیشدا دەزگا ئاینییەکان ھەبێت . بەو شێوەیەش دەتوانێت کۆنتڕۆڵی ھەست و سۆزی جەماوەرە میللیەکە بکات و بیکات بە داردەستی خۆیی ). 

بەڵام ئەم وەڵامە لەھەموو سیاقەکاندا ڕاست نابێت، چونکە پرسیارێکی تر سەر ھەڵدەدات : ئایا چۆن دەتوانرێت لەو ڕێگایانەوە جەماوەر بوروژێنرێت تا ئاستی شێتی و فیداکردنی گیان و ڕۆح ؟ لەوانەیە وەڵامەکە ئەوەبێت : مرۆڤ لەناخیدا ھێزێکی بارگاوی بە ڕق و تێکدان ھەیە . کەلەکاتە ئاساییەکاندا کەمەو دەرناکەوێت ، بەڵام لەکاتە نائاسایی و جەنگەکاندا بەخراپترین شێوە دەردەکەوێت . و دەتوانرێت بە ئاگا بھێنرێتەوەوەو ببێت بە ھستریایەک و سایکۆسێکی جەماوەری .

ئالێرەدا بنەوانی ئەم کێشە ئاڵۆزە دەردەکەوێت، ھەر بۆیە دەمەوێت لەلایەن گەورەترین شارەزا لەبواری ناسینی حەز و غەریزەکانی ناخی مرۆڤ، تیشک بخرێتە سەر ئەم بابەتە ، ئەویش کە تۆیت . 
لێرەدا دەمەوێت پرسیارێکی تر ئاراستەی تۆ بکەم : ئایا ڕێگا چارەیەک ھەیە بۆ ئەوەی وا لەمرۆڤ بکەین بتوانێت بەرھەڵستی حەزی ڕووخاندن و تێکدان و ڕق بکات ؟ لێرەدا من مەبەستم تەنیا نەخوێندەوارەکان نیە . بەپێ ئەزمونەکانم بێت لەژیاندا، ڕۆشنفکرەکان و خوێندەوارەکانیش ھەندێک


ڕۆشنفکرەکان و خوێندەوارەکانیش ھەندێک جار بە ئاسانی لە ژێر کاریگەری جەماوەریی ڕووخێنەردا دەبن . 

لەکۆتایدا ؛ ئەوەی تا ئێستا باسمکردووە جەنگی دەرەکی نێوان دەوڵەتە جیاوازەکان بووە ، بەڵام من بە ئاگام لەوەی کە توندوتیژی لە مرۆڤەکاندا لەوانەیە بەزۆر شێوەی ترخۆیی بنوێنێت، و بەپێی بارودۆخەکە سەرھەڵبدات، بۆ نموونە : لەڕێگەی شەڕە ناوخۆییەکانەوە کە بەھۆکاری ئاینی و کۆمەڵایەتی ھەڵدەگیرسێنرێت ، لەڕێگای چەوساندنەوەی کەمینەکانی ناو کۆمەڵگا یاخود بەھۆی خوڵقاندنی چەندەھا جۆری ناکۆکی تر لەنێوان کۆمەڵگا مرۆڤایەتیەکان . کە بەزانینیان دەتوانین بگەینە ڕێگایەک بۆ بەرھەڵستیکردنیان . 
دەزانم پێشتر لەنوسراوەکان و پەرتۆکەکانتدا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ وەڵامی زۆرێک لەم پرس و کێشانەت داوەتەوە، بەڵام پێم وابێت زۆر گرنگ و پێویستە بەرچاووڕونیمان بدەیتێ لەسەر ئەوەی: چۆن بتوانین جیھان والێبکەین لەئاشتی زیاتردا بژی، بەپێی ئەو زانست و زانیارییە تازانەی لەبەردەمتان ، کەلەوانەیە ببنە ھۆکار بۆ چارەکردنی کێشەکان و ھەوڵی بەرھەمدار بن .

ھاوڕێیانە سڵاوت ئاراستە دەکەم 
ئەلبێرت ئەنشتاین 

وەڵامی سیگمۆند فرۆید بۆ نامەکەی ئەنشتاین لەبەشی دووەم دا دەبێت .

سەرچاوە : 
١- en.unisco.org 
٢- www.brainpickings. org .
٣-www.openculture. com.