ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتی یەكەم كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدەدات

870 جار خوێندراوەتەوە کات03:00 بەروار13-01-2020
ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتی یەكەم كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدەدات

راچڵەكین ـ فەرهەنگ فەرەیدون

ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆدەبێتەوە، تیایدا لیژنەیەك بۆ هەمواری پەیڕەوی ناوخۆ پێكدەهێنرێت.

پەروین كاكە حەمە، ئەندامی ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتی بە(راچڵەكین)ی راگەیاند:"مستەفا چاوڕەش، بە ئەندامانی ئەنجومەنەكەی راگەیاندووە، سبەینێ‌ سێشەممە 14-1-2020، كاتكۆ 11:00 لە هۆڵی شازاد سائیب، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتی ئەنجام دەدرێت".

مستەفا چاوڕەش، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەكەی، وەك بەتەمەنترین ئەندام، سەركردایەتی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتی دەكات.

پەروین كاكە حەمە، سەبارەت بە بەرنامەی كۆبوونەوەكە، وتی:" لیژنەیەك بۆ هەمواری پەیرەوی ناوخۆ دیاری دەكرێت." بڕوای خۆشی نیشاندا كەلەو كۆبوونەوەیەدا سكرتێر یان سەرۆك دیاری بكرێت.

چەند رۆژێكە دەنگۆی ئەوە بڵاوكراوەتەوە ئەندامانی ئەنجومەنی گشتی یەكێتی لە 121 كەسەوە زیاد دەكرێت، لەو بارەیەوە پۆڵا تاڵەبانی، ئەندامی ئەنجومەنی گشتی یەكێتی بە(راچڵەكین)ی راگەیاند:" "ئەو دەنگۆیە دورە لە راستییەوە و هیچ ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی گشتی زیاد ناكرێت، زیادكردنی ئەندامانی ئەنجومەنی گشتی پێشێلكردنی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتییە."

رۆژی 21-12-2019 چوارەمین كۆنگرەی یەكێتی لە سلێمانی بە ‏ئامادەبوونی زیاتر لە هەزار ئەندام دەستیپێكرد، لە كۆنگرەكەدا تەنیا ‏ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و ئەنجوومەنی ‏سەركردایەتی هەڵبژێردران.