ترەمپ: دەبوایە 20 ساڵ بەر لە ئێستا قاسم سولەیمانی بكوژرایە

64 جار خوێندراوەتەوە کات08:12 بەروار13-01-2020
ترەمپ: دەبوایە 20 ساڵ بەر لە ئێستا قاسم سولەیمانی بكوژرایە

راچڵەكین

سەرۆكی ئەمریكا هێرشێكی توند دەكاتە سەر دیموكراتەكانی ئەمریكا و ئەو راگەیاندانەش بە درۆزن وەسفدەكات كە لەسەر كوشتنی قاسم سولەیمانی رەخنەی لێ دەگرن،  راشیدەگەیەنێت، ئەوانە لەسەر كارێك رەخنەم لێ دەگرن كە دەبوایە 20 ساڵ پێش ئێستا ئەنجام بدرایە.

دۆناڵد ترەمپ لە نوێترین تویتیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، نوسیویەتی: ئەندامانی دیموكرات و راگەیاندنی درۆزن دەیانەوێت تیرۆریستێكی وەك قاسم سولەمیانی بكەنە پیاوێكی باش، ئەمەش تەنها لەبەر ئەوەی كارێكم كردووە كە دەبوایە 20 ساڵ بەر لە ئێستا بكرایە.

سەرۆكی ئەمریكا ئاماژەی بەوەشكردووە، هەر كارێكی كردبێت، چ ئەوەی پەیوەندی بە ئابوریەوە هەبێ یان سوپا یاخود هەر كارێكی تر، لەلایەن دیموكرات و چەپە رادیكالەكانەوە رەتدەكرێتەوە، كە هیچ كارێك ناكەن.

رۆژی 3-1-2020، بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، هەریەك لە قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس-ی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی حەشدی شەعبی، لەكاتی دەرچونیان لە فڕۆكەخانەی بەغدا، بە فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوان كرانە ئامانج و كوژران، بەهۆی ئەم رووداوەشەوە دیموكراتەكان رەخنەیەكی زۆریان لە سەرۆكی ئەمریكا گرت.