ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتی سێ بڕیاریدا

861 جار خوێندراوەتەوە کات02:24 بەروار14-01-2020
ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتی سێ بڕیاریدا

راچڵەكین-

ئەنجوومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەیەكەم كۆبوونەوەی خۆیدا لەدوای كۆنگرەی چوارەمی ئەو حزبە، سێ بڕیاریدا.

ئەمڕۆ سێشەممە 14-1-2020 ئەنجوومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەسەرپەرشتی (مستەفا چاوڕەش) وەك بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنەكە، لەشاری سلێمانی كۆبوەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی دوای كۆبوونەوەكە كە وێنەیەكی ڕەوانەی ( راچڵەكین) كراوە، لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیاردراوە بە:

1_ دانانی لیژنەیەك بۆ پێداچوونەوەی پەیڕەوی ناوخۆ ,بەپێی بڕیار و راسپاردەكانی  ئەندامانی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی .

2_ بڕیاردرا تەواوی دامەزراوە و ئۆرگانەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەردەوام بن لە كاری ئاسایی رۆژانەی خۆیان تا ئەوكاتەی پەیكەری تازەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە لایەن ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەوە رێك دەخرێتەوە .

3_ بڕیاردرا یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بەكراوەیی بهێلدرێتەوە تا پەسند كردنی پەیڕەوی ناوخۆ .

رۆژی 21-12-2019 چوارەمین كۆنگرەی یەكێتی لە سلێمانی بە ‏ئامادەبوونی زیاتر لە هەزار ئەندام دەستیپێكرد، لە كۆنگرەكەدا تەنیا ‏ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و ئەنجوومەنی ‏سەركردایەتی هەڵبژێردران.

لە كۆنگرەدا نزیكەی 450 ئەندام خۆیان بۆ ئەندامی ئەنجوومەنی گشتیی سەركردایەتیی یەكێتی كاندیدكرد، دواتر 121 كەس بۆ ئەنجوومەنی سەركردایەتیی گشتیی یەكێتی هەڵبژردران.

رۆژی 11-1-2020،ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەسەرپەرشتیی كۆسرەت رەسووڵ عەلی، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی، یەكەم كۆبوونەوەی خۆی كرد.