سۆشیاڵ میدیا و ھۆشیاریی تەندروستی

د.هه‌ڤین كه‌مال


24/02/2020

ڕاچڵه‌كین- د.هه‌ڤین كه‌مال 

"باشترین ڕێگا بۆ نەھێشتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەم چارەسەرەیە " ، " لای ئێمە باشترین ماسک ھەیە دژ بە ڤایرۆس" ئەم چارەسەرە بە تەواوەتی نەخۆشی شەکرە ناھێڵێت"، " بۆ ئەوانەی بۆ باشترین ڕێگا دەگەڕێن بۆ کێش دابەزاندن، تەنیا ڕێگا بەکارھێنانی ئەم کەبسولەیە"، " نەخۆشیەک نیە بەناوی شێرپەنجەوەو ئەوە تەنیا دروستکراوی کۆمپانیاکانی دەرمان و پزیشکەکانە "، " ئەم جۆرە گیایە، ھەموو جۆرەکانی شێرپەنجە چارەسەر دەکات "، " زەیتی دووپشک بەکاربھێنەو ھیچ جۆرە ئازار و ھەوکردنێکت نامێنێت لە جومگەکان " . 

ئەم ناونیشانانەو چەندەھا ناونیشانی تری سەرنجڕاکێش ڕۆژانە دێتە بەرچاومان لەسۆشیاڵ میدیا و بەخێراییەکی زۆر بڵاودەبێتەوە لەناو بەکارھێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا ، کە ڕێژەیەکی زۆر لە گۆمەڵگا بە نەخۆش و کەسانی تەندروستیشەوە، دووچاری مەترسی گەورەو تێکچوونی باری تەندروستی دەکات. ئەویش بەھۆی ئەگەری ھەڵەی ئەو زانیارییە تەندروستیانەو بەکارھێنانی ھەڕەمەکی بۆ ھەندێک چارەسەر بێ گەڕانەوە بۆ لای پزیشک و کەسانی پسپۆڕ . 

لەم سەردەمەدا سۆشیاڵ میدیا بۆتە کایەیەکی گرنگی ژیانی مرۆڤ، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لێکۆڵینەوەو توێژینەوەکان دەیسەلمێنن کە بەکارھێنەرانی ئینتەرنێت و سۆشیال میدیا ڕوو لە زیادبوونە . جیھان نەک بۆتە گوندێکی بچکۆلە بەڵکو لەوە زیاتریش وەک گەرەکێکی بچکۆلەی لێھاتووە، وەئەو ژیانە مەجازی و ئیفترازییەی کە سۆشیاڵ میدیا پێشکەشی دەکات ، بووە بەژیانێکی ڕاستەقینە لای ھەندێک کە زۆربەی کاتەکانی ڕۆژەکەی تیادا بەسەر دەبات .

سۆشیاڵ میدیا لە ئێستادا پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە لە ھەموو بوارەکاندا بە گشتی و لە بواری پزیشکی و تەندروستیشدا بە تایبەتی و توانیویەتی ببێت بە ژینگەیەکی لەبار بۆ زانین و ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری پزیشکی و تەندروستی ، وە بەشداریەکی کاریگەری کردووە لە گواستنەوەی زانیارییە پزیشکی و تەندروستیەکان لە ژوورە قفڵ دراوەکانەوە بۆ فەزایەکی دیجیتاڵی و ئەلەکترۆنی . 

بەڵام لەگەڵ ھەموو سوودەکانی ئەم ئاڵوگۆڕکردنی زانیارییە تەندروستیانە، نابێت ئەوەمان لە یاد چێت کە لەوانەیە کاریگەرییەکی دوو لایەنەی ھەبێت. کە بەلایەک دا تاک و نەخۆش سوودمەند بێت لێی وزانیاری زیاتر وەرگرێت و چاوکراوە تر بێت لە ڕووی تەندروستییەوە، بەلایەکی دیدا زەرەرمەند بێت و بێ ئاگایانە بازرگانی پێوە بکرێت .
 
زۆر گرنگە ئەو کەسانەی فۆلوەری پەیجە پزیشکی و تەندروستیەکانن بزانن زانیاری و ئینفۆرمەیشن لەکوێیوە وەردەگرن، چۆن بتوانن سوودی لێوەربگرن بەبێ ئەوەی بھێڵن بازرگانی بەتەندروستیانەوە بکرێت . و دەبێت دڵنیابن لەوەی ئایا خاوەنی پەیجە پزیشکیەکان پزیشکی پسپۆڕ و کەسانێکن لە بواری تەندروستیدا کاردەکەن و پرۆفیشناڵن؟ یاخود تەنھا بازرگان و کۆمپانیایی بازرگانین کە ڕیکلام بۆ پێکھاتە گیایی و بەرھەمە بازرگانیەکانی خۆیان دەکەن ؟ 

بۆ نموونە ؛ ئەو نەخۆشەی بێ پرسی پزیشکەکەی واز لە چارەسەری نەخۆشی شەکرەکەی دەھێنێت و پەنا دەبات بۆ بەکارھێنانی پێکھاتە ڕووەکیەکان، بێگومان ئەنجامەکەی تەندروست و باش نابێت، ولەناکاو تەندروستی بەتەواوەتی تێکدەچێت . 

ئەو نەخۆشەی شێرپەنجەی ھەیە و بەھۆی ھەندێک زانیاری ھەڵەوە لەسۆشیاڵ میدیا واز لەچارەسەرە کیمیاوییەکەی دێنێت و ڕێگای تر تاقی دەکاتەوە ، بە دڵنییاییەوە ژیانی بەمردنێکی خێراتر و بەئازار تر کۆتایی دێت .
 
ڕیکلام کردن بۆ دەرمان و کرێم و ھەرجۆرێکی تری چارەسەری ڕووەکی لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەبێت سنووردار بێت و ڕێگا نەدرێت ھەر کەسێک ھات و زانیاری تەندروستی ھەڵە بڵاوکاتەوە بێئەوەی پسپۆڕ بێت لە بوارەکەدا . 

لە ڕاستیدا سەرپەرشتیارانی ئەم پەیجە تەندروستیانە دوو جۆرن : 
1-کەسانێک کە پسپۆڕ و پڕۆفیشناڵن و ئامانجیان بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری تەندروستییە لە کۆمەڵگا و چۆن تاکی کۆمەڵگا بتوانێت پارێزگاری لەتەندروستی خۆیبکات و کەئەمیش ڕاستەوخۆ پەیوەندی ھەیە بە تەندروستی دەروونی تاکیشەوە . کە بێگومان تاکێکی تەندروست لەڕووی جەستەو دەروونەوە تاکێکی چالاک و بەرھەمھێنەریش دەبێت لە کۆمەڵگا .

2- جۆری دووەم کەسانێکن کە تەنیا بازرگانن و ئەم پەیجانە بەکاردێنن بۆ چەواشەکردنی کۆمەڵگا و ڕیکلام کردن بۆ کاڵا بازرگانیەکانیان بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش . 

ھەر بۆیە زۆر گرنگە ئەم پەیجە پزیشکی و تەندروستیانە لەلایەن پزیشک خۆییەوە سەرپەرشتی بکرێت و نەدرێتە دەست کەسانی ناپرۆفیشناڵ و ناپسپۆڕ لە بواری تەندروستیدا ، لەبەرئەوەی پێدانی زانیاری تەندروستی بە شێوەیەکی ھەڵە کاریگەریەکی ڕاستەوخۆی ھەیە لەسەر ژیان وسەلامەتی تاک بەتایبەتی و تەندروستی ھەموو کۆمەڵگا بە گشتی .

ھۆشیاری تەندروستی کایەیەکی زۆر گرنگە لەژیانی کۆمەڵگادا ، بەپێی دواترین توێژینەوەکان لە (٤) کەس دا (١)کەس دواکەوتە و فۆلوەری پەیجە پزیشکی و تەندروستییەکانن، وەزۆربەی جار تاکەکان لەھەوڵی ئەوەدان ئەو زانیارییەی ناتوانن لە پزیشکە تایبەتەکەیان دەستیانکەوێت، بە گەڕان وسێرچ لەتۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بەدەستی بێنن. بۆیە زۆر گرنگە بەکارھێنەری ئەم پەیجانە زۆر ھۆشیار بن لەوەی کەزانست و زانیاری لەکوێوە وەردەگرن و ئەوەش بزانن کەچارەسەر نووسین لە ڕێی پەیج و سایتەوە نەگونجاوە و دوورە لە ئیتیکی پزیشکییەوە ، لەھەمانکاتدا ھەموو پەیجێکی تەندروستی لەلایەن پزیشک و کەسانی پڕۆفیشناڵ لەبواری تەندروستیدا سەرپەرشتی بکرێت و ڕیکلام کردن بۆ چارەسەرە پزیشکی و پێکھاتە سروشتی و ڕووەکیەکان سنووردار بکرێت لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە .

لەئێستادا کۆمەڵگای ئێمە تووشی فۆبیا و دڵەڕاوکێیەکی زۆر بووە بە ھۆی بڵاوبوونەی پەتایی کۆرۆنا ڤایرۆسی جۆری کۆڤید ١٩ لە ووڵاتی چین و لەزۆری تر لە ووڵاتانی جیھان ، ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی (WHO) حاڵەتی ئیمرجینسی ڕاگەیاند لەھەموو جیھاندا ، بەڵام ئەم ھەنگاوەی ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی تەنیا بۆ ھۆشیارکردنەوەی ھەموو گلۆباڵ و جیھانە بۆ زیاتر خۆپارێزگاریکردن نەک بۆ ترساندن و تۆقاندن ،

وەھەتا ئێستاش (WHO) ڕێژەی کۆشندەی ئەم جۆرە ڤایرۆسەی بە ٢٪ خەمڵاندووە ، کەئەویش ڕێژەیەکی زۆر نیە ، بۆیە ھیچ پێویست بە ترس و دڵەڕاوکی ناکات و تەنیا پێویست بە خۆپارێزگاری زیاتر دەکات . پێویست ناکات گوێ بۆ چەند سایت و پەیجێکی ناشارەزاو نا پرۆفیشناڵ و بازرگان بگرین و ڕێگایان پێبدەین بازرگانی بە خۆمان و خێزانەکانمانەوە بکەین ، باشترە لەم حاڵەتانەدا زیاتر گوێ بۆ پزیشکە پسپۆڕەکان و شارەزاکان لەم بوارەدا و پەیجە فەرمییەکانی وەزارەتی تەندروستی و فەرمانگەی تەندروستی بگرین .