پاشكۆی پارتی مەبن !

كاروان عەلی شامار


27/02/2020

لە سەرجەم دانوسانەكانی لایەنە سیاسیەكانی حكومەتی ھەرێم لەگەڵ شاندی حكومەتی عیراقدا، پارتی بە بەراورد بە لایەنەكانی تر سودمەندی یەكەم و رەھا بووە! ئەمە نەك بۆ ئەوەی پارتی حیزبی یەكەمی كوردستان بوە لێ بۆ تاكتیك و ئیزدیواجیەتی ئەو حیزبە بووە.

باشتر بڵێین لەسەروبەندی زۆرێك لە دانوسانەكاندا لێدوانی بەرپرسانی پارتی بە ئاراستەی شەقامدا پۆپۆلێستی بوەو لەھەمان كاتیشدا ژێربەژێر لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عیراقدا رێككەوتون!

ئەم میتۆدو ئیدیۆمەی پارتی لەگەڵ بەرپرسانی عیراقدا رەھەندی مێژوویان ھەیە، وەلێ حیزبە سیاسیەكان نەیانتوانیوە وەك پێویست سود لە ھەڵەكانی رابردوویان وەرگرن! بۆ نمونە لەریفراندۆمەكەدا، پارتی وای نیشاندا كە پەیوەندیان لەگەڵ حكومەتی عیراق گەشتووە بە مریشكە رەشە وەلێ لە دەرەنجامدا دەركەوت كە نێوانیان لە باشترین ئاستدابووە!

پێویستە لایەنە سیاسیەكان سیاسەتێكی راشكاوانە لەگەڵ حكومەتی عیراقدا پەیرەو بكەن و لەھەمبەر پێشھات و گۆرانكارییەكانی ناوچەكەدا نەكەونە ژێر ھەژمونی پارتیەوە، دەكرێ دانوسانەكان بەجۆرێك تەوزیف كرێن كە بەرژەوەندی كۆمەڵانی خەڵك لەسەرووی ھەموو بەرژەوەندییە تایبەتی و سیاسیەكانەوە بێ!

خولاصە، باشترین بژاردەی ھەنوكەیی لەبەردەم ھێزە سیاسیەكاندا ئەوەیە كە رێكەوتن لەگەڵ حكومەتی عیراقدا بكرێ و متمانە بەكابینەكەی محمد تۆفیق عەلاوی بدرێ، چونكە لە ئەگەری رێك نەكەوتن یاخود دەنگنەدان بەكابینەكە، ئەوا دور نییە پارتی جارێكی تر بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی دۆخی كوردستان بەرەو ئاقارێكی مەترسیدار بەرێ و لەو پێناوەشدا سەرھەڵدانەوەی قەیرانی دارايی ئەگەرێكی بەھێز دەبێ. ئەزمونی رابردوو پێمان دەڵێ كە لە تەواوی رێكەوتن و سەوداكان لەگەڵ حكومەتی عیراقدا پارتی سودمەندی یەكەم بووە، لەبەرامبەردا كۆمەڵانی خەڵك و لایەنە سیاسیيەكان زیانمەندی سەرەكی بوون و باجی گەورەشیان داوە.