بودجەی عیراقی 2021 چی بۆ (خەڵك)ی كوردستان تێدایە؟

د.رێبوار كریم محمود


01/04/2021


ئەو بڕگانەی پەیوەندی بە (خەڵك)ی هەرێمی كوردستانەوە هەیە لەیاسای بودجەی ۲٠۲۱ تەنها ئەمانەیە:
یەكەم: 
ماددەی (۱٠) بڕگەی (یەكەم)، كە تیایدا هاتوە: 
(پشكی هەرێمی كوردستان بەپێ داتاكانی وەزارەتی پلاندانانی عیراقی دیاریدەكرێت). 
سودی ئەمە ئەوەیە پشكی هەرێم لە (۱۲.٦۷٪) دەبێتە (۱۳.۹۳٪)، لەوەدا رێژەی پشكی هەرێم زیاد دەكات. 
ئەم بابەتە لەسەر پێشنیاری هاوپەیمانی هیوا دانراوە.
دووەم: 
ماددەی (۱۱) بڕگەی (دووەم/ج) كە تیایدا هاتوە:
(دەبێ هەرێمی كوردستان نیوەی داهاتی نانەوتی بداتە حكومەتی عیراقی و دیوانی چاودێری دارایی عیراقیش وردبینی تیادەكات).
سودی ئەمە ئەوەیە كە لانی كەم بەشێكی داهاتی نانەوتی رونبكرێتەوەو ئەو ناشەفافیەتەی كە تیایدایە كەمبێتەوە. هەروەها پارێزگاكانیش داهاتێكی تایبەت بەخۆیان بۆ تەرخاندەكرێت. چونكە ئەو نیوەیەی كە دەمێنێتەوە بۆ پارێزگاكە تەرخاندەكرێت.
سێیەم:
ماددەی (۱۱) بڕگەی (سێیەم) كە تیایدا هاتوە:
(پێویستە هەرێمی كوردستان لیستی داتای ناوو پلەو رەگەزو ناونیشانی وەزیفی هەمو موچەخۆرانی مەدەنی و سەربازی بنێرێت بۆ وەزارەتی دارایی عیراق تا كۆتایی مانگی شەشی ئەمساڵ، دواتریش دیوانی چاودێری دارایی عیراق وردبینی راست و دروستی بۆ دەكات).
ئەم بڕگەیە لەسەر پێشنیاری هاوپەیمانی هیوا دانراوەو سێ سودی هەیە:
1. هەوڵێكە بۆ شەفافكردنی لیستی موچەخۆرانی هەرێم كە بندیوارێكی بێشوماری تێدایە.
2. لەساڵی (۲٠۱۱)وە لیستی موچەخۆرانی هەرێم لەبەغدا تەنها (٦۸۲٠۲۱) موچەخۆرە، بەڵام ئەمجارە ژمارەكە بەرزدەبێتەوەو ساڵانەش بەپێی ئەو ژمارە نوێیە پشكی هەرێم دیاریدەكرێت.
3. لەهەنگاوەكانی داهاتودا بۆ بردنەپێشەوەی پێدانی راستەوخۆی موچە لەلایەن عیراقەوە، كارئاسانییەكی گەورەیە.
چوارەم: 
ماددەی (۱۱) بڕگەی (چوارەم)، كەتیایدا هاتوە:
(هەر پارەیەك لەبەغداوە دێت بۆ هەرێم پێویستە پێش هەمو شتێك بۆ موچە بەكاربهێنرێت).
ئەمەش دەستكەوتێكی گرنگە بۆ هەڵگرتنی لێبڕینی موچەی سەپێندراو بەسەر موچەخۆرانی كوردستاندا.
ئەم بڕگەیەش لەسەر پێشنیاری هاوپەیمانی هیوا دانراوە.
پێنجەم: 
لەسەر پێشنیاری هاوپەیمانی هیوا ماددەیەكی نوێ زیادكرا كە تیایدا هاتوە:
(پێویستە وەزارەتی دارایی عیراق هەمو موچەخۆرانی فەرمانگە فیدراڵیەكانی رەگەزنامەو باری شارستانی و بەنداوو كەشناسی هەرێم بگەڕێنێتەوە سەر حكومەتی فیدراڵ و راستەوخۆ موچەكانیان پێ بدرێت).
ئەمەش چارەسەركردنی یەكجاری كێشەی موچەی فەرمانگە فیدراڵیەكانە كە راستەوخۆ موچەی فەرمانگەكان لەلایەن بەغداوە دەدرێت.
شەشەم:
لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان و لە بڕی (٤) ترلیۆن دیناری تەرخانكراو بۆ هەمو عیراق، بڕی (۱۳.۹۳٪) بۆ پارێزگاكانی هەرێم دێت.
حەوتەم: 
ساڵانە لەنێو پرۆژەی بودجە لەدەرەوەی پشكی هەرێم و پەرەپێدانی پارێزگاكان، بڕێك پارە بۆ پرۆژەی مامناوەند لە پارێزگاكان تەرخاندەكرێت، لەم پرۆژەیەدا زیاتر لە (٥٠) ملیار دینار بۆ پارێزگاكانی هەرێم تەرخانكراوە.
ئەم بڕگەیەش لەسەر پێشنیاری هاوپەیمانی هیوا دانراوە.
هەشتەم:
لەماددەیەكی زیادكراودا بەپشتبەستن بە ماددەی (۱٠٦)ی دەستور، بڕیاردرا (دەستەی چاودێری دابەشكردنی داهاتە فیداڵیەكان) دروست بكرێت، كە بەهۆیەوە پێویستە داهاتی  هەرێمیش لەلایەن ئەو دەستەیەوە لەژێر چاودێریدا بێت.
نۆیەم:
لەماددەیەكی زیادكراودا هاتوە كە حكومەتی عیراق پێداچونەوە بەهەمو گرێبەستە نەوتییەكاندا دەكات لە سەرانسەری عیراقدا.
هەندێ لەم بڕگانە دەبنە بنەمای كاریگەر بۆ هێنانەدی ئامانجە ستراتیژییەكان لە قۆناغی داهاتو. بەڵام بڕگەكانیتری پەیوەندیدار بەهەرێمەوە زۆر پەیوەندییان بە (خەڵك)ەوە نیە.
د.رێبوار كریم محمود
پەرلەمانتاری عیراق
هاوپەیمانی هیوا