پڕ بە سینەی سافی بێ تەعریب

ستران عەبدوڵڵا


12/04/2021

لە ئەسڵا جگەرە ناكێشم، لەبەر ئەوە نا كە خەفەتم نییە، بۆ ئەوە نا تەندروستیم تێكدەچێ كە ئەگەر ئەمە هۆكار بوایە زۆر نەخۆش ‌و بیمار جگەرەیان تەرك دەكرد. ڕاستێكەی جگەرە ناكێشم نەكا كاتێك بێتە پێشەوە توتنم نەبێ ‌و ئیشتهام بۆ نەفەسێكی جگەرە سەرم بە ماڵی دوژمنیشدا بكات. ئاخر وەكو دەشێ جگەرە ‌و چەرخ و شقارتەیەك ببێتە هۆی دەمەتەقێ ‌و ڕایەڵەیەكی پەیوەندی لەگەڵ ئەویتردا رێك ئاواش دوور نییە شێتی جگەرەیەك سەرت بە ماڵی دوژمنیشدا بكات. 

ئاخر لە خۆڕا نییە بەیت ‌و بالۆرەی كوردەواری دەڵێ "ئەی دڵە وەپەن بی، بەو دەردەت بردم، 
موحتاج وەدەستی نامەردت كردم"

جار وا هەیە ناچاری ناچارت دەكات لە نامەردێك بپارێیتەوە، بۆیە كوردەواری باسی پردی نامەرد دەكات. كە نابێ لێی بپەرێیتەوە نەكا شەق بەرێت ‌و ئینجا تۆش شەق بەریت.

ناچاری وا دژوار ‌و ناخۆشە كە وەختی خۆی بەعس لە كەركوك گەڕەكێكی نوێی لە پشت لەتیفئاوای شۆرجە ناو نابوو «حوریە» كە دیارە بەشێكی تەعریب بوو، كوردی لێقەوماو ناوی ئەم گەڕەكی حوریەی ناو نابوو (ناچاری). ئاخر ئەگەر بێ مەئوایی ‌و بێ دەرتانی نەبێ گەڕەكی دووری پشت گەڕەكی تەعریب لەكوێ بە دەردی كورد دەیخوات كە تەنها پاسی پۆلۆنی تەنگ ‌و خرپن تا ئەو خوارە دەچوو و حەی قوتەیبەی تێدەپەڕاند. 

ناوی (حوریە) یانی ئازادی لە كوێ ‌و دەردی ناچاری لە كوێ كە ناچارت دەكات بەسەر پردی نامەردی گەڕەكی تەعریبدا تێپەڕیت تا ماڵێكت بۆ پەیدا دەبێت؟! مەعلومە تەعریبی جاران پۆلۆنییەكی بەس بوو، ئێستا تەعریبی نوێ بە مەكر ‌و نازە ‌و سەد داو ‌و زنجیری هەیە. هەموو ئەم ناچاری ‌و موحتاجییە خەفەتێكی سەربارە كە خەفەت هەر جگەرە چارەی دەكا ‌و جگەرەش هەمدیس سەرت بە ماڵ نامەردا دەكاتەوە. 

ئێ كوردە بەلەنگازەكەی خۆشمان لەبەر نەداری ‌و ناچاری بە سەد دەرد ‌و نەخۆشییەوە جگەرەش بكێشێ هەر توتنی خراپ ‌و هەرزانی پێ دابین دەبێت. كەیسی وای لێقەومان ‌و كەسی وا لێقەوماو لە كوێ ئەتوانێ گۆشتی ڕانی خۆی بخوا و موحتاجی كەس نەبێ؟ 

كوا گۆشت ‌و كوا گۆشتاو كە ئەم پەراوە تێكەڵی نەداری كورد ‌و داركاری تەعریب دەبێ؟ یانی دواجار هەر سەر دەكاتەوە بە ماڵی سیاسەت ‌و كوردایەتی ‌و (مەسەلەی توتنەكە)دا.

جا قوربان ئەوی بە پێنج جڵد لە كتێبی «مەسەلەی توتنەكە» شەرحم نەدابێ بە كورتە نووسینی وا داد ناداو دادت ناپرسێ. رەنگە شاعیری ئاوارەی كوردستانی، هێمنی موكریانی، كە لەم دەورانە یادەوەری سەد ساڵەی دەكرێتەوە، جوانتر شەرحی فەرموو بێت: 

بوومە گەپجار ‌و دەكا گاڵتەی بە من   
ئەو لمۆزنەی زەندەقی چوو بوو لە من