عەسری ژن

عه‌زیز ره‌ئوف


04/02/2020

عەزیز ڕەئووف
ژن دنیای ئێمەی داگیر كردووە. هەم ڕیكلام و بە بوكەڵەكردن هەم داپۆشین و نیقاب، هەم بەهەشت لەژێر پێی ژنایە ، هەم شەرەف لای ژنە و دەبێ بیكڕینەوە، گۆرانی بەسەر ژنایە و مەرگیش بۆ ژن، لەم دنیا ژنێك و دوان وسیان بۆ یەك پیاو، لەو دنیاش حەفتاو دوو ژن بۆ یەك پیاو. لێرە ژن و لەوێش ژن، ژن دەرونی زۆرێك لە خەڵكی داگیركردووە. ژن وای كردووە كە ئەم جۆرە لە خەڵك تەنها جەستەی ژن ببینن نەك دەرونی.

ئەوەی ژن دەكاتە بوكەڵە و ڕیكلام و بە بەرنامە ڕووتی دەكاتەوە، لەگەڵ ئەوەی ژن دادەپۆشێ لە نیقابی هەڵدەكێشێ یەك مەعدەنن و یەكتری تەواو دەكەن. پێویستمان بە هێڵی سێیەمە، ژن وەك خۆی ببینین، ژن وەك مرۆڤ نەك وەك فریودەر و جەستە و سێكس. ئەوەی ژن وەك جەستە ببینێ هیچ نیە جگە لە مەخلوقێك خاڵیە لە مرۆڤبوون و تەنها بۆ تێركردنی حەزەكانی بیر لە ژن و جەستەی ژن دەكاتەوە.

ژن نە ڕووت دەكرێتەوە، نە دادەپۆشرێ، ئەوە خۆیەتی بەرگری لە جەستەی خۆی دەكا، زوڵف و ئەگریجەی ژن هی خۆیەتی و ئەوەی تەنها بیر لە دەركەوتنی ئەگریجە وەك لادان لە دین دەكاتەوە، لەگەڵ ئەوەی جەستەی ژن وەك بوكەڵەیەك بەكاردێنێ، یەك مەعدەن و یەك عەقڵیەت و یەك جیهانبینین و یەكتری تەواو دەكەن، دنیا پڕ دەكەن لە دەنگە دەنگ و بیرمان دەبەنەوە كە ژن وەك خۆی ببینین، خۆی و بەس.

نە نیقابی خەلیج و نە بە بوكەڵەكردنی ژن لە دنیای سەرمایەداری، كۆمەك بە ژن لە دنیای ئێمەدا ناكات و هەردوكیان تەواوكەری ئەكترن كە تەداخولە لە ژن وەك خۆی و خەون و حەز و ئاواتەكانی.

ئەوەی ژن لە شاشەكانەوە، لەڕێگەی زنجیرەی تەلەفزیۆنی و بەرنامە بێتامەكانیەوە ڕووت دەكاتەوە، لەگەڵ ئەو بیركردنەوە خەلیجیەی نیقابێكی ڕەشی بەدەستە بۆ داپۆشینی ژن، یەك مەدرەسەن و یەكتری تەواو دەكەن و هێڵی سێیەممان بیردەبەنەوە بۆ بیركردنەوە لە ژن لە دایك لە مرۆڤبوون، شتێكی ترمان بیر دەبەنەوە، ئەویش بیرنەكردنەوە لە كەرامەتی ژن و بیركردنەوە لە كەرامەتی مرۆڤ. ژن نە دەكرێتە بوكەڵەی سەر شاشە و نە دادەپۆشرێ، ئەوە ژنە بڕیار لە جەستەی خۆی دەدا نەك شاشە و مینبەر.

خەلەل لە ژندا نیە، خەلەل چاو و دەرون و بیركردنەوەی مرۆڤدایە بۆ ژن، بۆیە دەبێت چاوەكانمان بشۆین و بە شێوازێكی تر تەماشای ژن بكەین.