کێشەی غازو بێ ئاگایی دەسەڵات

لوقمان حه‌مه‌د مه‌ڕان


05/02/2020

ئەم گەلە خەباتی کرد بۆ ئازادی و خۆشبەختی ڕژێمێکیان لەناو برد، بۆ ئەوەی هەمووان لە سایەی دەسەڵاتێکی خۆماڵی کوردی بە ئازادی و ئاسودەیی ژیان بکەن،بەڵام ئەوەی جێی داخە نەک ئازادی و ئاسودەییان نەدی، بەڵکو زۆرێك هه‌ن له‌ بێزاریان هه‌ندێكجار خۆزگە بۆ ڕژێمی پێشوو دەخوازن .
لەسەرەتای نۆوەدەکانەوە ئەوان هاتن چ شتی باش و گرانبەهابوو ئاودیویان کرد، زۆری نەبرد دەسیان کرد بە شەڕی برا کوژی و هەزاران ڕۆڵەی کوردیان دا بەکوشت  ماڵی هەزاران سوتێندراو تاڵانکران، هەزارانیش زیندانی و دەیانش بێ سه‌روشوێنکران ئەوە سەرەتا تەنها تامی دەسەڵاتی کوردی بوو بۆ ئەو گەلەی کە ساڵەنێکی زۆر قوربانی بۆ ئەدا.

بەوەش نەوەستان کوردستانیان کردە دوو ئیدارەو دوو هێزی ئەمنی، دوو جۆری پێشمەرگەو سنورێکی نەبراوەیان لەنێوان ئەم دوو بەشەدا کردە دیاری بۆ نەوەکانی داهاتوو لەگەڵ ئەوەی ئەوان تەنها بیریان لای زۆری سەرمایەو زۆری دەسەڵات بوو کەم بیریان بەلای ژیانی خەڵک بوو.

بەوەش نەوەستان چۆن "سەر زەویان دابەش کرد" دواتریش دەستیان بە دابەشکردنی ژێر زەوی کردوو هەموو ئەو وزەیەی لە ژێر زەوی بوونی هەبوو ئەویشیان لە نیوان خۆیان دابەشکرد، ئەگەرچی سودی ئەو وزەیە نەک هەر ئەوانی پڕ کرد بەڵکو بەشی ووڵاتانی دراوسێشی کرد، بەڵام ئەوەی جێگای داخە ئەوەیە نەسودی سەرزەوی و نە سودی ژێر زەوی بۆ خەڵکەکەی نەبوو، بەڵکو زەکاتەکەشی بەر خەڵکە مەزڵومەکەی ناکەوێت.

بەدرێژایی دەسەڵاتی کوردی بیری خەڵک بە شەڕی ناو خۆو ماڵوێرانی و نەبوونی ژیانێکی شایستەو نەبوونی کارەباو ئاو نەوت و غاز و دەیان کێشەی تر داگیر کرا، کاتێک سەیر دەکەی دوای نزیکە سی ساڵ لە حکومرانی کوردی ئێستاش کێشەی خەڵکەکەی تەنها پێداویستیە سەرەکیەکانی ڕۆژانەن کە لە ساڵی دووهەزارو بیست هۆشی هەمووان به‌ دوای پەیداکردنی یەک بتڵی غاز بێت، ئەوە باسکردنی نەوت و کارەباو خزمەت گوزەریەکانی تر هەر لێی گەڕێن.

لەمانگی دووی دووهەزارو بیستین مووچەی مانگی یازدەی دووهەزارو نۆزدەمان بە مژدە پێ ئەڵێن کە کەی دابەش دەکرێت لە دووهەزارو بیست لە هەندێک شوێن نەوتی دووسالی ڕابردوو بەشانازیەوە ئەدەن بەخەڵک، من تێناگەم ئەم دەسەڵاتە بۆ هێندە بێئاگایە نازانێ کە ڕقی میللەت زۆر توندە کاتێک هەڵبكات.
ئەگەر هۆشیان لە گەلی خۆیان نییە باسەیری بەغدا و ئێران بەشێکی تری ووڵاتان بکەن بزانن ڕقی گەل چەندە توندە کاتێک هەڵدەستێت.. ناکرێت لەم سەردەمە سەدان کەس ڕیز بگرێت بۆ بتڵێک غاز لەکاتێکدا کۆمپانیا گەورەکانی دوونیا وەکو داناغاز بێت لەسەر خاکی ئێمە وەبەرهێنانی غاز بکات ملیاران دۆلار قەزانجی لێ بکات، بەڵام میللەتەکەی بێ ئاگرو بێ غاز بێت و ئێوەش هەریەکەو لە شوێنی خۆی گەل چاواشە بکەن لە پێناو بەرژەوەندی گیرفان و کۆمپانیاکانتان.
دەبێت ئەوە باش بزانن ئەم گەلە ئەوەندەش بێ ئاگا نییە، بەڵام ڕێزی دۆخە نەهەموارەکەیان گرتووە، بەڵام ئەگەر وابڕوات ڕەنگە سەبری خەڵکیش سنوردار بێت و کێشەکانی ناو ماڵی خۆیان لەسەر نەبوونی غازو نەوت و کارەبا بهێننە سەر شەقەمەکان و دواجار هەموومان زەرەمەند دەبین لێی، بەڵام ئەو کاتیش زەرەرمەندی یەکەم ده‌سه‌ڵات ده‌بێت.