ئەفغانستان و تالیبان، عێراق و كوردستان، ئەمەریكا و ئێران


16/08/2021

عادل باخەوان

1- هەموو ئەو تێزانەی كە پێیانوایە گۆڕینی گروپێك لە دەسەڵاتدا بە گروپێكی دیكە، گەرەنتی دروستكردنی كۆمەڵگایەكی نوێ بەدەستەوە دەدات تەواو دورە لە واقیعەوە. لابردنی تالیبان لە دەسەڵاتدا لە سەرەتای دوو هەزارەكانەوە و نیشتەجێكردنی گروپێكی دیكە، هیچ كاراییەكی ئەوتۆی لەسەر بیناكردنی كۆمەڵگایەكی نوێ لە ئەفغانستاندا نەبوو، بەپێچەوانەوە، بیست ساڵ دواتر، تالیبان بەو پەڕی هێزەوە دەگەڕێتەوە بۆ كابول، چونكە هیچ هێزێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی لەو وڵاتەدا، وەك تالیبان گوزارشت لە واقیعی كۆمەڵایەتی و سیاسی و كولتوری ئەفغانیەكان ناكات. تالیبان میوان نین، بەڵكو لە ماڵی خۆیاندان.  كۆمەڵگا لە مێژویەكی دروستدەبێت و لەمێژویەكیشدا گۆڕانكاری بەسەردا دێت، نەك بە دەساڵ و بیست ساڵ.

2- ئایا ئەوەی كە لە ئەفغانستاندا ڕویداوە، ئەكرێ لە عێراقدا دوبارە ببێتەوە ؟ نەخێر، چونكە لە عێراقدا هێزێكی سەرتاسەری نیشتمانی وەك تالیبان بوونی نیە كە بتوانێت تەواوی نیشتمان كۆنترۆڵبكات. لە گریمانەی كشانەوەی ئەمەریكا لە عێراقدا، ئەو ئەگەرەی كە زۆر بەهێزە و دەكرێت خۆی بەدیبێنێت، هەڵوەشانەوەی عێراقە. ئەوەی كە یەكێتی خاكی عێراقی لە ٢٠٠٣ وە تائێستا پاراستوە، ئەمەریكا و ئێرانن، بەبێ شەریكایەتی تاران و واشنتۆن، هیچ هێزێك نیە عێراق لە هەڵوەشانەوە بپارێزێت، بە داعش و حەشدی شەعبیشەوە.

3- مانەوەی هەرێمی كوردستان لە ١٩٩٢ وە تا ئێستا هیچ پەیوەندی بەوەوەنیە كە ئابوریەكی بەهێز، سوپایەكی بەهێز، كۆدەنگیەكی بەهێز، دەستورێكی بەهێز، كێڵگەیەكی سیاسی بەهێزی هەیە، چونكە هەموومان دەزانین كە هەرێم هیچ یەكێك لەمانەی نیە. ئەوەی كە هەرێمی تا ئێستا هێشتوەتەوە تەنها و تەنها خواستی دەوڵەتانی سیستمی جیهانی و بەشێك لە دەوڵەتانی سیستمی هەرێمایەتیە. ئایا ئەمە وەك گەرەنتی بەسە بۆ مانەوە لەسەر ئاستی دوورە مەودا ؟ بێگومان نەخێر. باشترین بەڵگەش ئەفغانستانە. ڕاستە لە ئێستا و ئێرەدا هیچ ئاماژەیەك نیە بەوەی كە دەوڵەتانی سیستمی جیهانی پشت لە هەرێم بكەن، بەڵام ئەوەش ڕاستە كە سیاسەتی ئەو دەوڵەتانە هەر وەك چۆن لە نێو دۆخێكی تایبەتدا دا دروستدەكرێت، ئاواش ئەكرێ لەنێو دۆخێكی دیكەدا گۆڕانكاری بەسەردا بێت.

4- كۆتایی وەهەم ! كاتی ئەوە هاتوە كە ڕۆشنبیرە ئەفغانیەكان و عێراقیەكان و كوردەكان تێبگەن لەوەی كە دەوڵەتانی ڕۆژئاوا پرسێكی جددیان بەناوی مافی مرۆڤ و دێمۆكراسی و دەوڵەتی یاسا و چوونە نێو مۆدێرنیتێ بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیە و ئەو دەستەبژێرانەی كە پێیانوایە سەفارەتەكان و قونسولیەكان لە هەولێر و بەغداد و كابوول فریادڕەسیانن، لە دەریایەك لە هەڵەدا نوقمبوون. ئەم دەوڵەتانە تەنانەت تالیبان و سیستمەكەیشی قبوڵدەكەن، بەمەرجێك تالیبان گەرەنتی وەڵامی پرسیاری ئاسایش و سەقامگیریی بداتەوە، ئیتر بەهەر ڕێگایەك بێت.

5- یەكێك لە پرسیارە كوشندەكانی ئەمەریكیەكان لە ئێستا و ئێرەدا بریتیە لە پرسی ڕێگرتن لە بەهێزبوونی داعش لە ئەفغانستاندا و ئەمەریكیەكان گەشتونەتە ئەو قەناعەتەی كە تاكە هێزێك بتوانێت كە ڕێگری لە داعش لە ئەفغانستاندا بكات بزوتنەوەی تالیبانە ! ئەمە یەكێكە لەو خاڵانەی كە وادەكات لە واشنتۆن كە بزوتنەوەی تالیبان وەك شەریكێك لە جەنگی دژ بە داعشدا قبوڵبكات. ڕێك وەك قبوڵكردنی حەشدی شەعبی وەك شەریك كاتێك كە جەنگی دژ بە داعشی دەكرد. ئەمەریكا پرانسیپی نیە، بەرژەوەندی هەیە. بەپێی یاسای ئەمەریكی، پارتی كرێكارانی كوردستان گروپێكی تیرۆریستە، بەڵام لە سوریادا وەك هاوبەشێكی ستراتیژی مامەڵەی لەگەڵدا دەكات ! ئەمە لە عێراقیشدا ڕاستە و پێوسیتە عێراقیەكان و كوردەكان وەك پێویست لەم پەیامە بگەن.