لەناوگێژاوی گرفتەكانی یەكێتی بەڵێ بۆ كۆنگرەی ڕاستكردنەوەی هەڵەكان ..

محەمەد ناوەندی


21/08/2021

بارودۆخی ئێستای یەكێتی بۆئەوە نابێ هیچ هێزێك ئیرەیی پێ ببات بەڵكو باشترە وەك نمونەی خراپترین دۆخ حیزبێك تێی كەوتبێ؛ بەهەند وەربگیرێ  بۆئەوەی هیچ هێزێكی سیاسی تر بەو ئەزموونە تاڵەدا تێ پەڕ نەبێ چونكە بەدڵنیایی تەنها هێزێكی ڕەسەنی وەك یەكێتی دەتوانێ خۆی لەهەمبەر ئەوهەموو نەهامەتیانە ڕابگرێ وبەپێوە بوەستێ ...

ناگەڕێینەوە بۆ مێژوو، ئەوەندە بەسە  بڵێین ئەوەی ڕویداوە  پەرچە كرداری كارێكی ناتەندروست و بەلاڕێدا ڕۆیشتووی ڕەوتی خەباتی سیاسی و ڕێكخراوەیی ناویەكێتی بوو، بە تێپەڕبوونی زیاتر لە دەساڵ بەدوای كۆنگرەی سێ و جیابونەوەی گۆڕان وهاوپەیمانی و دەرچوون و هەڵوەرینی دەیان سەركردەو كادیری بە ئەزموون لەناو حیزب؛ لێكەوتەی خراپی بەدوای خۆیدا هێناو بە ئەندازەی چونەدەرەوەی ئەوان و بگرە زیاتریش؛ خەڵكی بێ گەڕانەوە بۆ ئۆرگان و سەرەتا حیزبیەكان و بێ لەبەرچاوگرتنی تواناو ڕابردو بەناو ی كادیربەلێشاو خزانە ناو مەڵبەندوكۆمیتەكان ،ڕوداوەكانی دوای ئەو لێشاوی كەڵەكە كردنی پلەو پایەیەی ڕێكخراوەیی یە  بەدەیان و سەدان كەسی بێ ئەزمون لە ناو ئۆرگانە هەستیارەكانی حیزب گیرسانەوەو كۆنگرەی چوار بەسەر ئەو بارودۆخەدا هات و لەگەڵ خۆیدا دەیان بابەتی بێ چارەسەرو بە هەڵواسراوی پێچایەوە! چەند زووتر ئەو ڕاستیە دان پێدا بنێین كە لەسەر دونیابینی و ڕاسپاردەكانی مام یەكێتی نوێمان بونیات نەناوە بۆیە ئەو لێكەوتە چاوەڕوانكراوەی بەدوای خۆیدا هێناوە، ئەوا زیاترو باشتر لە چارەسەرو ڕاستكردنەوەی هەڵەكان نزیكتر دەبینەوە. 

كۆنگرەی چوار جگە لە شكڵ و شێوازی دەرەوەی لەڕوی بەشداری هەڤاڵان و دیسپلین و ڕێكاری پڕۆتۆكۆڵی گشتی بەولاوە هیچی تری لە كۆنگرەیەكی پێویست و دروست و حیزبی وئاسایی نەدەچوو، ئەوكات  كەوتینە هەڵەیەكی غافڵگیرانەو بەشی هەرەزۆری  گەنجەكان سەرمەستی گەیشتن بەسەركردایەتی بون و هەموومان ئێواران و شەوانی (ئەبوسەناو داوا)مان لەیادەوەری ماون چۆن تەژی بوو لە خەڵك و كادیرو گروپ گروپێنە، هەر كەسێك و لیستێكی بەدەستەوە بوو ئەوكات یەكێ بەهەڵە ڕێگای كەوتبوایە ئەوێ هەروای دەزانی بازاڕی دۆلارەكە یان مەزادخانەی شارە وەك لەكوردەواری دەڵێن جمەی دەهات لە گۆڕینەوەی لیست وبەڵێن و سوێندوقەسەم دادان ، كۆنەكانیش دەستیان لەبنی هەمبانەكە بوو لەبەر ناتەبایی وبێ پلانی و بەهەند وەرنەگرتنی جوڵەی گەنجەكان و بەشێكیشیان خۆبەزل زانن وخەبات وماندوبونیان بە ئێمە دەفرۆشنەوە  وخەڵك و حیزبیان بەقەرزداری خۆیان دەزانی وگرنگیان بەهیچ شتێ نەدەدا بۆیە كۆتاییەكەی بەوە گەیشت حزبێك ژمارەی كورسی پەرلەمانی لەكورتی دابێ و ژمارەی ئەندام و دەنگدەری كەمی كردبێ كەچی ژمارەی سەركردایەتی زیاد دەكرد بۆ دووهێندە، لەبڕی ئەوەی سەركردایەتیەكی بچوكراوەو بەئەزموون ڕابسپێرێ بۆ تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە سەختەی تێی كەوتبووین ، چەندین هەڤاڵ بون بە ئەندامی سەركردایەتی و بۆ تەنها ڕۆژێكیش لێپرسراوی مەڵبەندێك یان كۆمیتەیەكی حزبی نەبون و ئەزمونی كاری ڕێكخراوەیان سنوردار بوو، یان بەسەرهەموو ئۆرگانەكاندا بازیان هاوێشتبوو بۆ ئەندامی مەكتەب و ئەنجومەنەكانی حیزب! بۆیە كاتێك كۆنگرە متمانەیەكی ناتەندروست و ناچاری  بەوان بەخشی یەكەم كارو كودەتا كردیان بەسەر هەموو یەكێتی دا دەنگیان بەخۆیان دا لەئەنجومەنی گشتی ببن بەسەركردایەتی یەكێتی لای بەشی زۆریان خەمی بونە سەركردایەتی هەناسە بڕی كردبوون نەوەك سەركەوتنی كۆنگرەو ڕێكخستنەوەی ناو ماڵی حیزب.
 
مەكتەبی سیاسی حیزب كرا بە بەركەوتەی شارەكان و خەڵكانێك بون بە مەكتەبی سیاسی بە هەموو ژیانیان دەمڕاستی سیاسەتی یەكێتی نەبوون، بگرە هەندێكیان قەدەر بەوەی  گەیاندن، ئەگینا سیاسی نین ونابن، لەناو سەركردایەتیش خەڵكانێكی زۆر بە ئەزموون و تێكۆشەر هەبوون لایان لێ نەكرایەوە و بە بیانوی بێ بنەما بەركەنار كران وهەندێكیشیان پێش كۆنگرە كەوتنە دەرەوەی بازنەو هیچ پەیوەندیان بەیەكێتیەوە نەما...پشتگوێ خستنی ئەو تێكۆشەرانەی بونەتە بەشێكی هەرە گرینگی مێژووی یەكێتی و لە قۆناغە سەخت و دژوارەكان باری لاری كوردایەتی و یەكێتی یان ڕاست كردۆتەوە وگۆشەگیركردنیان لەناو ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەبێ دەستەڵات و دابڕینیان لە بڕیاری سیاسی حیزب بە دڵنیایی دەبێ بەریەككەوتن و لێكەوتی ئاڵۆزترو زیاتریشی بەدوای خۆیدا هێنابوایە، لەبارودۆخێكی ئاوادا لە هەر كاتێكی ڕابردوو زیاترو زۆرتر یەكێتی پێویستی بە كۆنگرەی ڕاستكردنەوەیە. 

لە چ حیزبێكی ئەو دونیایە هەیە فەلسەفەی كارت سوسیال دیموكرات بێ بەڵام بنەمای دابەشكردنی بەركەوتەی حكومەت وپەرلەمان بە مەحسوبیەت ومەنسوبیەت وشارچێتی پڕ بكرێتەوە لەبڕی دانانی (كەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو)! لەكام كۆنگرەو حیزبی دیموكرات خواز ڕویداوە لەدوای كۆنگرە پەیڕەو پڕۆگرام  بنوسرێتەوە، كاتی ئەوە هاتووە ڕاشكاوانە لەسەرەوە بۆخوارەوە دان بەهەڵەكاندا بنێین.

ئەگەر یەكێتی لە خەباتی چەكداری و ڕاپەڕین و قوربانیدان و هەنگاونان بۆ قوناغی چەسپاندنی بنەماكانی دیموكراسیەت پێشەنگ بوبێ ئەوا بە دڵنیایی دەبێ لە سەرخستنی خەباتی نەتەوەیی و چەسپاندنی یەكجارەكی مافەكانی گەلی كوردستان و بیروباوەڕەكانی سەرەتای دەستپێكی خەباتی ڕۆڵەكانیشی لە سەنگەری پێشەوەبێ، ئێمە ئامانجێك كۆی كردوینەوە وڕێبازێكی ڕونمان هەیەو ڕێبەرو ڕێنیشاندەرێكی مەزنمان هەبووە ( سەرۆك مام جلال ) هەموو ڕێگاڕاست ودروستەكانی بۆ هێڵكاری كردووین چ پێویستی بەوەناكات هەركەسێك وبەویستی خۆی لێكدانەوەی جیاوازی بۆبكات ، دونیا بینی مام ڕون وڕاشكاوبوو ( سەروەریمان ... مانەوەمان ... گەشەكردنمان ...بەندە بەیەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە )  بۆیە كاتی ئەوە هاتووە  هەموومان بەیەكەوە بڵێین لەپێناوی بەهێزكردنەوەی یەكێتی  ( بەڵێ بۆ كۆنگرەی ڕاستكردنەوە ی هەڵەكان ).