كۆنگرەكەی بەغداو سەردانی سەرۆكی فەڕەنسا بۆ ھەرێم

ئەبوبەكر كاروانی


29/08/2021

سەردانی ئەم جارەی سەرۆكی فەرەنسا بۆ ھەرێم، ھاوكات بوو لەگەڵ  گرێدانی كۆنگرەكەی بەغد.، كە لەبنەڕەتدا بیرۆكەكە ھی فەڕەنسا بوو عێراقییەكان بە دەستكارییەوە ئەنجامیان دا. بەش بەحاڵی خۆم وادەبینم كۆنگرەكە بە شێوەیەكی گشتی لەقازانجی كورد نەبوو،  ئەویش لەبەر چەند خاڵێك، لەوانەش:

 ١- جەختكردنەوەیەكی ھەرێمی و نێودەوڵەتی بوو لەسەر مانەوەی عێراق بەم جۆرە داڕزاوەی ئێستایەوە، بێ بوونی ھیچ ئاسۆیەكی راستەقینە بۆ چارەسەركردنی كێشە بونیادیەكانی.
٢- وێنای جەختلێكراوەی عێراق لەكۆنگرەكەدا وێنەی دەوڵەتێكی ناوەندی بوو.
٣- ناوی كوردو ھەرێمی كوردستانی زۆر تێدا نەبرا. 

ھەموو ئەوەش وادەكەن كورد بەوێنە راستەوخۆكانی كۆنگرەكە دڵخۆش نەبێت، با بەفەرمیش پشتیوانی لەكۆنگرەكە بكات، بەو جۆرەی لەسەر زاری سەرۆكی ھەرێمەوە گوێمان لێ بوو. چونكە ئەو لێدوانە پێش ئەوەی باسی كۆنگرەكە بێت، بەشێ بوو لە موجامەلەو رێوڕەسمی پێشوازیكردن لەسەرۆكی فەڕەنسا و پشتوانیكردن لەو. لێرەشەوە، كاتێك سەرۆكی فەرەنسا دوای كۆنگرەكە دێتە ھەولێر، دەخوازێت چەند پەیامێك بگەیەنێت لەوانەش:

١-  بەرەنجامەكانی كۆنگرەكە لەسەر حسابی كوردو ھەرێم نابن؟

٢- بەغدا لەسەر زەوی و بەواقیعی نەك بەفەرمی، توانای نوێنەرایەتیكردنی ھەموو پێكھاتەكانی و لەوانەش گەلی كوردستانی باشوری نییە.

٣- ڕێزگرتن و درێژەدان بەڕەچاوكردنی تایبەتبوونی دۆخی ھەرێم و كوردی باشور. 

بایەخی سەردانەكە جگە لە دووپاتكردنەوەی دۆستایەتی و پشتیوانی بۆھەرێم و گرنگبوونی كورد لەخۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ فەرەنسا، لەو خاڵانەی سەرەوەدا بوو؟