یەك قەیران و بەس!


06/02/2020


د.رێبوار كریم محمود

سەرەڕای هەوڵی هۆشیاركردنەوەی حكومەت و بەئاگاهێنانەوەی، بەڵام وادیارە هێشتا دەسەڵاتدارانی هەرێم بەتەواوی لەوە نەگەیشتون كە گرەوكردن لەسەر سەبر و تەحەمولی خەڵك، گرەوكردنێكی دۆڕاوانەیە. زۆر روونە كە خاوەن دەسەڵاتی ئەم هەرێمە بێمنەتە لەهەر توڕەبونێكی جەماوەری. لەمەشدا دڵی بەوەخۆشە كە هیچ هێزێكی كاریگەری ئۆپۆزسیۆن لەكوردستاندا نەماوەو زۆرینەی یان بەشێكن لەدەسەڵات، یان لەژێرەوە بەیعەتی بێدەنگیان داوە، یاخود جوڵەی هەندێكیان كاریگەری ئەوتۆی نابێت.

لێرەدا وەك نوێنەرێكی خەڵك مەبەستمە بۆ جارێكیتریش، بەدەسەڵاتدارانی هەرێم بڵێم  

دروستكردنی قەیرانی یەك لەدوای یەك، پێچەوانەی هەوڵی بەردەوامبونتانە. ئەگەر هەندێك لە دەوروبەرو حاشیەكانتان پێتان دەڵێن كە كارەكانی ئێوە لەلایەن خەڵكەوە قبوڵكراوە ئەوە زۆر دڵنیابن دەتانخەڵەتێنن. ئەگەر وتیان خەڵك هیچ كێشەی نیەو بونی موچە بۆ هەندێك، كێشەی هەمو خەڵكی چارەسەركردوە ئەوا ئەسڵ و ئەساسی نیە. 

ئێوە لەناو خەڵكدا نین، لەبەرئەوە نازانن خەڵك چەند نیگەرانەو پەتی تەحەمولی لەپچڕاندایە، پچڕانێك بەڕێوەیە بە كەس گرێ نادرێتەوە.

ئێوە وانەزانن ئێمە دوژمنی حكومڕانی خۆمانین، لەم دوژمنایەتیە هیچ دەستكەوتێكمان نیەو نامانەوێ. بەڵام ئەم بێباكییەی ئێوەو ئەم دابڕانەتان لەخەڵكی بەتەواوی لە زەرەرتانە. تەنها یەك قەیران بەسە بۆ هاتنی شتگەلی چاوەرواننەكراو.


ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق