گۆڕباچۆڤ كۆچی دوایی كرد !

چاپوك عومەر


31/08/2022

دوێنێ درەنگانی شەو میخائیل سێرگێیڤیچ گۆڕباچۆڤ، لە تەمەنی 91 ساڵی كۆچی دوایی كرد.

گۆڕباچۆڤ دوای ئەوەی سێ سەرۆكی پیر لەساڵی 1982 تا ساڵی 1985، سەرۆكان برجنێف و ئەندرۆبۆف و چێرنینكۆف لەدوای یەك مردن، حزبی شیوعی سۆڤیەتی لەسەر پێشنیاری ئەندرۆگڕۆمیكۆی ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزب كە زیاتر لە بیست ساڵیش وەزیری دەرەوە بوو، بڕیاریدا كە گەنجترین ئەندامی مەكتەب سیاسی حزب هەڵبژێرێ بۆ سەرۆكایەتی حزب و دەوڵەت ئەویش گۆڕباچۆڤ بوو. هەڵبژاردنی گۆرباچۆڤ یەڵتسنی نائومێد كرد، چونكە یەڵتسن ڕكابەری ئەو بوو، هەر ئەو ڕكابەرییەش بووە بەشێكی گەورە لە كێشەكان تا سۆڤیەت ڕووخا و یەڵتسن بووە سەرۆكی ڕوسیا.

لەسەردەمی گۆڕباچۆڤ گەورەترین گۆڕانكاری لە سۆڤیەت و جیهان ڕوویدا و هەوڵی كرانەوەی سۆڤیەت و ڕیفۆرمیدا بەناوی گڵاسنەست و پێرێستڕۆیكا واتە؛ عەلەنیەت و ئیعادەی بینا.

لەسەردەمی ئەودا، ڕێككەوتنی هێنانە خوارەوەی چەكی ئەتۆمی لەگەڵ ڕۆژئاوادا كرا و دیواری بەرلین ڕووخا و حیلفی وارشۆ هەڵوەشایەوە و كەمپی سۆسیالیستی ڕووخا و دواتر لە 21-12-1991 سۆڤیەت هەڵوەشایەوە و لە 25-12-1991 دەستی لەكاركێشایەوە و پازدە جمهوریەتی سۆسیالیستی سۆڤیەتی سەربەخۆیی وەرگرت.

هۆكاری سەرنەكەوتنی گۆڕباچۆڤ لە پێرێسڕۆیكا و گڵاسنەست زۆرن، مێژوونووسان ڕای جیا جیایان هەیە، بەڵام هەر هەموویان لەسەر ئەوە كۆكن كە سەردەمی گۆڕباچۆڤ زۆرترین دیموكراتیەت هەبوو، گرنگترین هۆكار ئەوە بوو؛ لەكاتێكدا سۆڤیەت لە حەفتا ساڵی ڕابردوودا یەك حزب لەدەسەڵات بوو، ئازادی بیروڕا نەبوو، بەهۆی گڵاسنەست (عەلەنیەت) ئەو ئازادیەی كە درا، ئاژاوەیەكی سیاسی زۆر سەریهەڵدا، نەتواندرا پێرێستڕۆیكا ( ئیعادەی بینا ) سەركەوێ كە دواتر چین وانەی لەوان وەرگرت كرانەوەیەكی هێمنی بەپلان ئەنجامدا و سەركەوت، میللەتانی سۆڤیەت وەك ئەوەی لەزیندان دەرچووبن هەر هەمووی قسەی دەكرد كەس گوێی بۆ ئەویتر ڕانەدەگرت.

بیری توندڕەوی ناسیۆنالیستی لە كۆمارەكان سەریان هەڵدا و ڕۆژئاواش بەهاتنە ناو كایەی سیاسی سۆڤیەتی ڕۆڵی جیاكاری دیت.
 
ئابووری و تەكنۆلۆجیای سۆڤیەتی زۆر لەدواوەی جیهان بوو، بەڵام تا ساڵی نەوەدیش سەقامگیربوو، لەدوای پێرێستڕۆیكاوە وردە وردە گەندەڵی و قۆرخكاری بەشێوەیەك سەریهەڵدا كە تا هاتنی پوتین، دەوڵەت نەیتوانی كۆنتڕۆڵی مافیا و ئۆلیگارشەكانی دەوڵەت بكات و هەر وەكو پارێزگاری مۆسكۆی ئەو سەردەمی گووتی؛ ئەو تاڵانییەی ئەوڕۆ دەكرێ لەمێژووی مرۆڤایەتی ڕووی نەداوە، دیارە ئەو قسە هەموو شارو جمهوریەتەكانی سۆڤیەتیشی گرتبۆوە.

لەگەڵ ئەو هەموو ڕەخنانەی لە گۆڕباچۆڤ و پڕۆسەی ڕیفۆرم كراوە، بەڵام سیاسەتمەدارێكی زۆر گەورە بوو، پەیامەكانی ڕاستگۆیانە بوو، ئیدی جیهان كەوتە بەر گۆڕانكارییەكی تەواو، بەڵام دواتر دەیان قەیرانی تر لەجیهان بەهۆی نەمانی بەڵانسی هێز سەریهەڵدا، وەك بەرزبوونەوەی ناتسیۆنالیستی و ڕەگەزپەرستی و بزووتنەوەی توندڕەوی ئاینی و گەشەكردنی سەرمایەداری نوێ، نیولیبڕالیزم لەجیهان.

من لەبەرئەوەی لەسەردەمی مان و ڕووخان و كەمێك دوای ڕووخانی سۆڤیەتیش لەوێ مێژووم دەمخوێند، بۆیە زۆرم لەسەر بابەتی ڕووخانی سۆڤیەت نووسیوە و ئەو پرسە زۆری تریش هەڵدەگرێ كە لەسەری بنوسرێ و ڕای جیاوازیش زۆرن.

تێبینی؛ 

ئەو وێنەیەم لەساڵی 1993 لەنێوان دوو وێنەی گۆڕباچۆڤ و یەڵتسن بە كامیرای كۆداكی دواكەوتووی ئەوكات لە گۆڕەپانی وێستگەی شەمەندەفەری كیێڤ لە مۆسكۆ گرتووە، كە چواردە سەعات بوو بە شەمەندەفەر لەكیێڤەوە بەڕێوەبووم و تازە گەیشتبوومە مۆسكۆ.