بڵێسە جەبار فەرمان
27/10/2022
بە بۆنەی بارانبارینی ئەمڕۆ، چیرۆكی خۆشەویستی ئاو و زەوی
خۆشەویستی زەوی و ئاو
سەردەمانێك دوو عاشق هەبوون بە ناوەكانی ئاو و زەوی كە هێندە عاشق بوون كە هەموو ئەیانوت لەیەك جیا ناكرێنەوە.
كات بەم شێوەیە تێپەڕی تا خۆر دەركەوت.
بەڵێ خۆر هاتبوو، ئاو لە خەو هەڵسا و لەپڕ سەیری خۆری كرد.
واو چەند جوانە، پێشتر هیچ شتێكی ئاوای نەبینیبوو، وەك خەونێك، واو چ قژێكی جوان! چ گەرمییەكی ئاسوودەبەخشە.
ئاو لە دڵی خۆیدا ووتی دەبێ بڕۆم سڵاوی لێ بكەم و لێی بپرسم كێیە؟
چووە لای خۆر و بە شەرمەوە وتی سڵاو من ئاوم و خۆشحاڵ دەبم بە ناسینت، تۆ كێیت؟
خۆر وتی: سڵاو ئاوی ئازیز، خۆرم تازە گەیشتمە ئێرەو تەنیام، دڵخۆش دەبم ئەگەر بتوانی هاوڕێم بیت و بێیتە لام.
ئاو بۆ ماوەیەك بیری كردەوەو غرور گرتی و لەدڵی خۆیدا وتی: چەند باشە لەم زەوییە نزم و رەقە ڕزگارم دەبێت، لەوێ بەرەو خۆر دەچمە سەرەوە، كە هەم جوانە و هەم... لە سەرووی زەوییەوە...
ئاو بیری لە ڕابردوو نەكردەوە كە زەوی عاشقی ئەو بووەو ئاوەكەی لە باوەشی گرتووە بۆ ئەوەی ئارام بێتەوە، تەنانەت بیری لەوە نەكردەوە كە زەوی بەبێ ئەو دەمرێت و بیری لەوە نەكردەوە كە ڕۆژگارێك بوو ئەو عاشق و شێتی زەوی بوو.
ئاو بە خۆری وت: چۆن بێمە لات؟
خۆر وەڵامی دایەوە: بە گەرمی خۆم ڕووناكت دەكەمەوە و دواتر دێیتە لام.
ئاوەكە وتی: با بڕۆین... خۆریش گەرمی خۆی زیادكرد و ئاوەكە بوو بە هەڵم و دەستی كرد بە هەڵهاتن.
لەو كاتەدا زەوی لە گەرمای خۆر لە خەو هەڵسا. كە ئەم دیمەنەی بینی، بە ئاوی بەرزبووەوە وت: بۆ كوێ دەچیت ئاوی ئازیز؟
ئاو وتی: دەچم بۆ شوێنێكی باشتر، شوێنێك كە دڵخۆش بم و لەگەڵ كەسێكدا كە زیاتر خۆشی دەوێم....
زەوی هاواری كرد، نا نەخێر مەڕۆ، بەبێ تۆ دەمرم، خۆشم دەوێیت، بەبێ تۆ وشك دەبمەوە و وێران دەبم...
بەڵام ئاوەكە گوێی نەگرت و چوو بۆ ئەوەی بگاتە خۆر، لە كاتێكدا ئەو نەیدەزانی مەودایەكی زۆر لەنێوان خۆی و خۆردا هەیە و مەحاڵە بگاتە دەستی، بەڵام خۆپەرستانە هەوڵی دەدا.
زەوی هاواری كرد: بۆ گەڕانەوەت هەمیشە قۆڵەكانم بە كراوەیی دەهێڵمەوە، دەزانم ڕۆژێك دێت پەشیمان دەبیتەوە.
ئاوەكە بەرزتر و بەرزتر بەرز دەبووەوە تا وەستا...
ئاوەكە بە خۆری وت: چی ڕوویدا، بۆ چیتر بەرزنابمەوە؟
خور لە وەڵامدا وتی: "ئیتر هێزم نییە بەرزت بكەمەوە، ئیتر كاتم نییە، شەو درەنگ دەبێت و دەبێت بڕۆم".
ئاو لەكاتی گریاندا بە خۆری وت: بەڵام ئەمە پلانی ئێمە نەبوو، تكایە لێرە بەجێم مەهێڵن..
بەڵام زۆر درەنگ بوو، ئاوەكە بە تەنیا مایەوە و دەركی بە هەڵەكەی كرد و ڕێگای گەڕانەوەی نەبوو.
شەرمی لە زەوی دەكرد، زەوی بە تەنیا جێهێشتبوو و ئێستا زەوی وشك و تەنیا مابۆوە.
ئاو هاواری كرد: زەوی ئازیز، بەئاگایت؟ من ئاوم
من زۆر داوای لێبوردن دەكەم. دەمەوێت بێمەوە باوەشی تۆ، بگەڕێمەوە لات.
بەڵام زۆر درەنگ بوو و مەسافەی نێوانیان زۆر زۆر بوو.
ساڵانێك بەسەر ئەو ڕووداوەدا تێپەڕی و ئەم دوو خۆشەویستە لەیەكتر جیابووبوونەوە.
ئاو شەو و ڕۆژ دەگریا بۆ ئەوەی زەوی بە فرمێسكەكانی تازە و سەوز بكات، كە ئەویش بارانە، تا بتوانێت قەرەبووی هەڵەكەی بكاتەوە.
بارانی عەشقەكەی دەڕێژێتە سەر زەوی و زەوی بە خۆشەویستییەوە باوەشی بۆ دەكاتەوە.
بۆ ئەوەی ئەو دڵۆپانە لە باوەش بگرێت كە بۆنی هاوڕێكەی لێدێ.