د. فایەق گوڵپی لەدادگای ئەنفالدا

سالار مەحمود


11/12/2022

یەكێك لە پێشمەرگەو پزیشكە دیارەكانی شۆڕش و ناوچە ئازادكراوەكانی كوردستان، د. فایەق گوڵپی بوو. لە بیست و ھەشتەمین دانیشتنی دادگای باڵای تاوانەكان لە دۆسیەی ئەنفال رۆژی ٢٠٠٦/١٢/٦ بەچاكەت و بۆینباخەوە دەركەوت. زۆر بە وردی باسی رۆڵی خزمەتگوزاریانەی خۆی وەك دكتۆرێك كرد لە چارەسەری بریندارانی شەڕی نێوان پێشمەرگەو سوپای رژێمی بەعس. پاشان چارەسەری بریندارانی چەكی كیمیایی لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان بەگشتی و لە شاڵاوەكانی ئەنفالدا بە تایبەتی.

ئەو سەردەمە پێشمەرگەی یەكێتی بووە. د. فایەق محەمەد ئەحمەد دەرچووی كۆلێژی پزیشكی زانكۆی موسڵە. لەبەردەم دادگادا وتی: لە ١٩٨٢/٤/٤ تا كۆتایی ساڵی ١٩٨٨ دكتۆری پێشمەرگە بووم، لەو ناوچانەی ھێزی پێشمەرگەی لێبوو. تا ١٩٨٧/٤/١٧ ئەو بریندارانەی چارەسەرم كردوون برینداری ئاسایی بوون، واتە بەچەكی ئاسایی لەوە بەدوا برینداری چەكی كیمیاییم چارەسەر كردوەو ھاتۆتە بەردەستم. لە دادگا چەند حاڵەتێكی برینداری چەكی كیمیایی باس كرد بە درشتی. باسی ئەوەی كرد كەلە ساڵی ١٩٨٥ ەوە ھیچ بارەگایەكی ھێزی پێشمەرگە لەناو گوندەكاندا نەمابوو لە رێگەی سەركردایەتی (ی.ن.ك) ەوە بەبروسكە ئاگادار كراینەوە كە رژێم بەنیازە ھێرش بكاتە سەر ناوچەكەو چەكی كیمیایی بەكار بھێنێت. لەگەڵ بروسكەكەدا كۆمەڵێك رێمنایی تێدا بوو بۆ خۆپاراستن لەچەكی كیمیایی و مامەڵەكردن لەگەڵیدا. ئەو زانیاریانە بەتەنیا بەس نەبوون بۆ خۆپاراستن. لەو كاتانەدا ھەستام بە كۆكردنەوەی زانیاریەكانی سەركردایەتی و زانیاریە پزیشكیەكانی خۆم، لە ١٨ خاڵدا كۆمكردنەوەو ناردم بۆ بەھادین نوری كەلە تەكیە بوو نزیكەی ٥٠٠ نوسخەی بۆ چاپكردم ئەو زانیاریانە سێ بەش بوون.
 
بەشی یەكەم: جیاكردنەوەی چەكی كیمیایی بوو لە چەكی ئاسایی.

بەشی دووەم: خۆپاراستن بوو لە چەكی كیمیایی.

بەشی سێیەم: بریتی بوو لە بانگەواز بۆ تووشبوان كە بەزووترین كات خۆیان بگەیەننە نەخۆشخانە.

ئەو زانیاریانەم نارد بۆ گوندە گەورەكانی قەرەداغ و گەرمیان. 

د فایەق باسی لەوەش كرد رۆژی ١٩٨٨/٢/٢٧ چەند فڕۆكەیەك ھاتنە سەر ناوچەی قەرەداغ دەستیان كرد بەبۆمباران دەنگی بۆمبەكان نزم بوو. لەو كاتەدا لەمەلجئەكە دەرچووم دووكەڵەكە  نزیكەی ٧٠٠ مەتر لەماڵەكەم دوور بو. بۆنی میوەی گەنیوی لێ دەھات. دەستم كرد بەھاواركردن و بانگەواز لەو خەڵكەی لەناو مەلجەئەكە بوون بێنە دەرەوە وتم وەرنە دەرەوەو پەڕۆی تەڕ بپێچن بەدەم و چاوتاناو دور بكەونەوە لە شوێنەكە. لەو كاتەدا خەڵكیشم نارد بۆ بەلەكجاڕ كەلەناو گونددا نەمێننەوە. دوای نیو سەعات خەبەر ھات كە گوندی تەكیەو بەلەكجاڕو بەڵخە بەر چەكی كیمیایی كەوتوون و، بەسەدان كەس بریندار بوون. بەڵام برینەكانیان سوك بوو چاویان سور بوبوەوە. تا ١٩٨٨/٢/٢٧ ئەو چەكانەی بەكار ھاتبوو گازی خەردەل بوو. گازی خەردەل كاریگەری لەسەر چاوو پێست و كۆئەندامی ھەرس لە رێگەی ھەناسەدانەوە دەكات و دەچێتە ناو جەستەی مرۆڤەوە. دوو جۆر كاریگەری ھەیە كاریگەری راستەوخۆ لەسەر پێست و چاوو ھەرس و ھەناسەدان. كاریگەریەكی تر لە رێگەی ھەناسەدانەوە دەچنە ناو جەستەوەو دەگاتە خانەكانی خوێن و كاریگەری لەسەر DNA دەكات و تووشی شێرپەنجەی دەكات.  بەرگری مرۆڤ بۆ نەخۆشی زۆر كەم ئەكاتەوە.  شەوی ١٩٨٨/٣/٢٣ لە ماڵی خۆم بووم لە گوندی ئیمام ھەمزە، گوێم لە رادیۆ دەگرت دەنگێكی نائاسایی ھاتە بەر گوێم. وامزانی خەڵكە لەدەرەوە بەرمیل خل دەكەنەوە. لەماڵ ھاتمە دەرەوە سەیر ئەكەم دەنگەكە لە گوندی سێوسێنانەوە دێت. سەعات ٦:٢٠ دەقیقە بوو كاتەكە لەنێوان تاریك و رووندا بوو كاتەكە. سەیری گوندەكەم دەكرد ھەندێ دوكەڵ و ئاگرم دەبینی. دوای نیو سەعات دكتۆر ناسیح ھات بۆ لام وتی بابچین بۆ نەخۆشخانە گوندی سێوسێنان بەچەكی كیمیایی لێی دراوە. چووین كەسێك ھاواری دەكرد فریام بكەون كیمیایی لێی داوم ناوی كەمال بوو. داوامان لێی كرد نزیك بێتەوەو، بێت بۆ لامان. وتی ناتوانم چاوم نابینێ. چوین ھێنامان و سەیرمان كرد ئاسەواری چەكی كیمیایی پێوە دیارە. كە گازی ئەعصاب بوو. چاوەكانی وەكو نوكی دەرزی لێھاتبوو. جلەكانیمان داكەندو دەرزی ئەترۆپینمان لێی دا بۆ چارەسەركردنی. لەھەمان كاتدا بەرنامەیەكمان دانا كە چۆن چارەسەری بریندارەكانی سێوسێنان بكەین. یەكەم شت داوامان لە ھێزی پێشمەرگەو خەڵكی گوندەكانی تر كرد، ھەرچی سەیارەو تراكتۆری ھەیە بچن بۆ ھێنانی بریندارەكان بۆ نەخۆشخانە. دواتر سێ لەكارمەندەكانی نەخۆشخانە عوسمان و جوتیار و برایمم نارد بۆ چەمی دێوانە كە ئەكەوێتە نێوان گوندی بەلەكجاڕو سێوسێنان. بۆ ئەوەی ھەر بریندارێكیان ھێنا سەرەتا بیشۆن و ئینجا رەوانەی نەخۆشخانەی بكەن. نزیكەی ٧٠ بریندارمان بۆ ھات. كەھەمووی گازی ئەعصاب لێی دابوون. ھەموویان چارەسەر كران و ھیچ كامیان لای ئێمە نەمردن. یەكێك لەوانەی چارەسەر كرا ناوی عوبێد بوو ژنەكەی و چوار مناڵی بەچەكی كیمیایی لە گوندەكە مردبوون.

یەكێكی تر لە بریندارەكان ناوی حەسەن ئەحمەد  بوو ژن و مناڵەكانی ئەویش ھەمووی گیانیان لەدەستدابوو. چەند كەسێكی تریش بەناوەكانی حەمەلاو محەمەد رەسول و، كەمال محەمەد بەكیمیایی گیانیان لەدەستدابوو. ھەواڵمان بۆ ھات كە ٧٢ كەس لە سێوسێنان بەچەكی كیمیایی مردون. سێوسێنان نزیكەی ١٥٠ ماڵی لێبوو. خەریكی كشتوكاڵ بوون و سیاسەتیان نەدەكرد. یەك كەسیان لەناو ھێزی پێشمەرگە بوو كە ناوی محەمەد مەھدی ھادی بوو. ھەموو رۆژێك كەسوكاری داوایان لێ دەكرد واز لە پێشمەرگایەتی بھێنێت نەوەكو بكوژرێت. بەڵام ئەو كاتەی گوندی سێوسێنان بۆمباران كرا كاتیۆشایەیەك كە كیمیایی ھەڵگرتبوو بەر ماڵی محەمەد مەھدی كەوتبوو. ھەموو ئەندامانی خێزانەكەی شەھید بوون، بێجگە لە محەمەد مەھدی نەبێت. دواتر كێشەی ناشتنی تەرمەكان ھەبوو. كە ئایا بیانشۆن ئینجا بیانێژن یا نا. ترس ھەبوو دوبارە كیمیاباران بكرێن. پرسیاریان لەمن كرد، ئەو كاتە لە رێگەی رادیۆوە بیستبووم كە ھەڵەبجە كیمیاباران كراوەو تەرمەكان بەبێ شۆردن نێژراون. پێم وتن بەبێ شۆردن بیانێژن. ھاوشێوەی ئەوانەی ھەڵەبجە. ھەر ئەو شەوە سەعات ١١:٥ دەقە حكومەتی عیراقی گوندی دووكانیانی ناوچەی قەرەداغی كیمیاباران كرد، لەو گوندەشدا سێ كەس مردن و ١٥ كەسیش بریندار بوون بە كیمیایی. لە رۆژی ١٩٨٨/٣/٢٦ ەوە ھەموو رۆژێك ناوچەی قەردەداغ لە دەربەندیخانەوە بەكاتیۆشا بۆمباران دەكرا. لەوانە، گوندەكانی مچەكوێرو مەسۆیی و دێوانەو بەڵخەو تەكیەو بەلەكجاڕو جافەران و چەمی سمۆر. لەبەر ئەوەی دوای كیمیابارانی سێوسێنان خەڵكی ئەو گوندانە رایان كرد بۆ ناوچەی گەرمیان كەسیان شەھید نەبوو، چونكە چۆڵكرابوون. لە گوندی ئێمە ئیمام ھەمزە پێشمەرگەیەك شەھید بوو لەسەر جھازی لاسلكی بوو، زۆر خۆی لە كیمیایی نە دەپاراست. لەنەخۆشخانەوە چووم بۆ ئەو شوێنەی وشیاری لێ شەھید بوو، وشیار سێ بەرخیشی ھەبوو ھەر سێكیان مردار ببونەوە. پاشان چوومە ماڵی خۆمان ھەموو مریشكەكانم مردار ببونەوە. رۆژی ١٩٨٨/٣/٢٦ ئەنفالی دوو لەقەرەداغ دەستی پێكرد دوای چەند رۆژێك شەڕ پێشمەرگە بەرەو گەرمیان پاشەكشێیان كرد. كە چووینە گەرمیان لەوێ ماینەوە تا ١٩٨٨/٤/١٤ لە ئەنجامی ئەنفالی سێی گەرمیانیش لەوێ پاشەكشەمان كرد. بۆ ناوچەی ناوشوان و عەسكەر. لەھەڵمەتی ئەنفالی سێدا ھیچ برینداری كیمیاییم نەبینی. لەناو دادگاو لە وڵامی سابر دوریدا د فایەق گوڵپی وتی: لەو بەسەرھاتانەدا من و ژنەكەم و كچەكەشم بەكیمیایی برینداربووین. واتە بەركەوتەی كیمیایی بوین. سوڵتان ھاشم لێی پرسی ئێوە داوو دەرمانتان لە كوێوە بۆ دەھات؟ د فایەق وڵامی دایەوە كە لەو كاتەدا ئێمە ١٤ دكتۆرو نزیكەی ١٠٠ كارمەندی پزیشكی بووین، ھەروەھا خولی پزیشكیمان بۆ پێشمەرگەش كردبوو. لە رێگەی رێكخستنەكانی ناو شارەوە بە نھێنی دەرمانمان پێ دەگەیشت. 

پارێزەری تاوانباران پرسیاریان كرد ئایا نەخۆشخانەكانیان بچوك بون یان گەورە. 

لە وڵامدا وتی نەخۆشخانەی بچوك و گەورەشمان ھەبووە. بۆنمونە نەخۆشخانەی بەرگەڵوو گەورە بوو. عەمەلیاتی تیا دەكرا. 

" ساڵی ١٩٨٣ لەشەڕی حاجی مامەند باوكم رابەر سیاسی كەرت بوو. لەگەرمیانەوە چووبونە ناوچەی شارباژێر لەگەڵ كاك سەلامی كوێخا عەزیزو كاك سدیقی سۆفی مەجید، لەو شەڕە باوكم بەسەختی بریندار ئەبێت و دواتر ئەبرێتە خەستەخانەی بەرگەڵوو مانگێك لەوێ لە ژێر چارەسەردا دەبێت و  ١٤ پرشی ئارپیجی بەركەوتبوو. دواتر ھەر بەبرینداری ھێنرایەوە بۆ گەرمیان مامۆستا عەلی عەبدوڵا كادری مەڵبەند عەسرانێك باوكمی ھێنایەوە گوندەكەی خۆمان لە وڕێڵەی گەرمیان، لەوێش تا ماوەیەك د بورھان و د شەھاب تەداویان ئەكرد.".

"شەھید مەحمود گەرمیانی جێگری فەرماندەی تیپی ٥٣ ی شێروانە كە ساڵی ١٩٨٦ كەوتە كەمینی جاشەكانەوە لای ژاڵە بەسەختی بریندار بوو، ئەو شەوە بەبرینداری لەسەر قسەی خۆی ھێنایان بۆ ماڵی ئێمە. لە گوندی وڕێڵە، باوكم و كاك سەڵاح كوێخاو ھەموومان بەسەر سەریەوە بووین ریخۆڵەكانی لە سكی ھاتبووە دەرەوەو دكتۆر شەھاب عیلاج و دورینەوەی بۆ سكی دەكرد. ھەرگیز ئەو شەوەو ئەو دیمەنەی دوا ھەناسەو گیانلەدەستدانی شەھید مەحمود گەرمیانیم لەبەر چاو ون نابێت و بیر ناچێتەوە.".

لەناو دادگادا دكتۆر فایەق زۆر بەردی و دیقەتەوە رووداوەكانی گێڕایەوەو زۆرتر تیشكی خستەسەر جۆری كیمیاییەكان و رێژەی كاریگەریان و ژمارەو رێژەی قوربانیەكان. ھەروەھا مردار بونەوەی مەڕوماڵات و پەلەوەریش.

لە دانیشتنەكانی ژمارە بیست و نۆدا دكتۆر زریان و د شوان ئەوانیش وەك پزیشكی شۆڕش شایەتیان لە دادگاییەكە دا. باسی ئەوەش دەكەم، بەگشتی رۆڵی دكتۆرەكانی شاخ لەناو شۆڕشدا زۆر گرنگ و گەورە بووە. بەتایبەتیش رۆڵی د فایەق داستانێكی تایبەتی پڕ لە ھەڵوێستی مرۆڤانەو بەرپرسانە بووە.

شایەتیدان و وتەكانی دكتۆر فایەق بەتایبەتی و دكتۆرەكانی شاخ بەگشتی لەدادگای باڵای تاوانەكان دۆسیەی ئەنفالی بەھێزتر كرد.

" بەشێك لە كتێبی دۆسیەی ئەنفال لەدادگای باڵای تاوانەكانی عیراق كە لەئایندەدا بڵاودەبێتەوە"