لە شەڕی دژ بە کۆرۆنا، جیهان بەبێ سەرکردە

فرمێسک عوسمان


01/04/2020

نووسینی: یوڤال نوح هەراری
وەرگێڕانی: فرمێسک عوسمان

زۆر کەس لە دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا سەرزەنشتی جیھانگیری دەکەن و دەڵێن تەنھا ڕێگا بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتاکە ناگەردوونی بوونە وەک بنیاتنانی شوراو سنوردارکردنی گەشتەکان و کەمکردنەوی بازرگانی. هەرچەندە کەرەنتینە کردن بۆ ماوەیەکی کەم پێویستییەکی سەرەکییە بۆ وەستاندنی بلاوبوونەوەی زیاتری پەتاکە، بەلام سنوردارکردنی پەیوەندی سیاسی و ئابووری نێوان وڵاتان بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ دەبێتە ھۆی داڕووخانی ئابووری بەبێ ئەوەی ببیتە هۆی چارەسەری راستەقینە بۆ نەخۆشیەکە! بە پێچەوانەوە، چارەسەری راستەقینە بۆ پەتاکە بریتی نیە لە جیاکاری و لێکترازان بەلکو ھاوکاری کردن و هەماهەنگییە.
پێش سەردەمی جیھانگیری، نەخۆشی ملیۆنان خەلکی کووشتوە. لە سەدەی چواردەھەم، لە کاتێکدا فرۆکەو کەشتی گەشتوگوزار نەبوو، مەرگی ڕەش لە کەمتر لە دەیەیەکدا لە ڕۆژئاوای ئاسیاوە بەرەوە ئەوروپا بلاو بووەوە و نزیکەی ٧٥ بۆ ٢٠٠ ملیۆن خەلکی لەناوبرد، لە بریتانیا لە ھەر ١٠ کەسێکدا ٤ دەمردن، شاری فلۆرێنس لە ١٠٠ ھەزار دانیشتوانەکەی ٥٠ ھەزاری لە دەستدا.

لە مانگی ٣ ی ساڵی ١٥٢٠ نەخۆشی ئاوڵە بەهۆی تووشبوویەکەوە بە ناوی فرانسیسکۆ دی جیا بلاو بووەوە کە لەو کاتەدا لە ئەمریکا ھیچ جۆرە فرۆکە و کەشتی و تەنانەت گوێدریژیش نەبوو، بەڵام ھەتا مانگی دیسەمبەری ھەمان ساڵ ئاوڵە تەواوی ناوەراستی ئەمریکای گرتەوەو یەک لەسەر سێی دانیشتوانەکەی لەناوبرد!

لە ساڵی ١٩١٨ جۆرە ئەنفلۆنزایەکی تایبەت لە چەند مانگێکدا بە جیھاندا بڵاوبووەوە کە نیو ملیار خەلکی تووش کرد! سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن کە بە نزیکراوەیی ٥٪‏ ی دانیشتوانی ھندستانی لەناوبرد، لەسەر دوورگەی تاھیتی ١٤٪‏ ی دانیشتوان مردن و لە ساموا ٢٠٪‏ و بە گشتی پەتاکە ملیۆنان خەڵکی لە ناوبرد بە شێوەیەک ئەگەرەکان ئەلێن لە ساڵێکدا ١٠٠ ملیون کەسی لەناوبرد کە زیاتر بوو لە ژمارەی کوژراوانی چوار ساڵی جەنگی جیھانی یەکەم.

لە سەدەی ڕابردووەوە، رەگەزی مرۆڤایەتی زیاتر ئەگەری ڕووبەڕوو بونەوەی پەتای ھەیە، زیاد بوونی ڕێژەی دانیشتووان و ئامرازەکانی گواستنەوە و گەیاندن لە هۆکارەکانی پشت ئەم مەترسییەن! شارە پێشکەوتوەکانی وەک تۆکیۆ و مەکسیکۆ زیاتر ھۆکاری بڵاوبوونەوی ڤایرۆس و نەخۆشین وەک لە شاری فلۆرێنسی سەدەکانی ناوەڕاست، ئەمە جگە لەوەی تۆڕی جیھانی گواستنەوەو گەیاندن ئەمڕۆ خێراترە لە رابردوو. ڤایرۆسێک دەتوانێت ڕێگای خۆی بکاتەوە لە پاریسەوە بۆ تۆکیۆ و پاشان بۆ مەکسیکۆ لە کەمتر لە ٢٤ سەعاتدا، ھەر بۆیە ھەمووان دەبێت پێشبینی ژیان لە دۆزەخێکی ژەھراوی و مردنی یەک لە دوای یەک بە نەخۆشی بکەین. بەلام، لەگەل ئەمەشدا، ئەمرۆ کاریگەری پەتاکان بە شێوەیەکی دراماتیکی کەم بووەتەوە، سەڕەرای بڵاوببونەوی نەخۆشیە مەترسیدارەکانی وەک ئایدز و ئێبۆلا، ئەمرۆ نەخۆشی کەمتر دەبیتەهۆی لەناوبردنی مرۆڤ بەراورد بە سەدەکانی پێشوو. ھۆکاری ئەمە ناگەریتەوە بۆ خۆپاریزی مرۆڤ بە پەراوێزخستن و جیاکاری، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆهەبوونی زانیاری.

کاتێک لە سەدەی(١٤) ەیەم مەرگی ڕەش بڵاوبووەوە، خەڵک ھیچ بیرۆکەیەکی نەبوو سەبارەت بە ھۆکارەکانی پشت بلاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و ریگاکانی جارەسەرکردنی ڤایرۆسەکە! پیش سەردەمی مۆدێرن، خەلک ھۆکاری بڵاوبوونەوی نەخۆشیەکانیان دەگەڕاندەوە بۆ تورەیی خوداکان و ئەھریمەن، یان ھەوای پیس، تەنانەت گومانی ھەبوونی ڤایرۆس یان بەکتریایان نەکردووە! خەڵک بروایان بە فریشتەو ئەفسانەکان ھەبووە، بەلام نەیانتوانیوە خەیالی ئەوە بکەن کە دڵۆپێک ئاو لەوانەیە زیندەوەری زیانبەخش و نەبیندراوی تیدابیت! ھەربۆیە کاتێک مەرگی ڕەش و ئاوڵە پەیدا بوون، باشترین شت کە دەسەڵاتداران بیریان لێکردەوە ئەنجامدانی نوێژی بە کۆمەڵ بوو بۆ خودا جیاوازەکان و قەشەکان، کە لە ڕاستیدا ئەوە چارەسەر نەبوو، بەلکو کۆبوونەوەی خەڵک بۆ نوێژ و پاڕانەوەی بە کۆمەڵ دەبووە ھۆی زیاتربلاوبوونەوەی ڤایرۆس و توشکردنی زیاتری خەڵک، بەلام لەسەردەمی مۆدیرنە وبە درێژایی سەدەی ڕابردوو، زانایان و دکتۆر و پەرستارەکان لە سەرانسەری جیھان هەولی کۆکردنەوەی زانیارییاندا بۆ تێگەیشتن لە میکانیزمی پشت سەرهەلدان و بلاوبوونەوەی پەتاکان و ڕێگاکانی بەرەنگاربوونەوەی.

تیۆری پەیدابوون ئەوەی روون کردۆتەوە کە بۆچی و چۆن نەخۆشیە تازەکان پەیدا دەبن. جیناتەکان یارمەتیدەری زاناکان بوون بۆ دۆزینەوەی ھۆکارەکانی ڤایرۆس و بەکتریاکان، لە کاتێکدا لە سەدەکانی ناوەراستدا خەڵک ھەرگیز نەیانتوانی ئەوە ئاشکرا بکەن کە مەرگی ڕەش بۆچی روویدا! لەم سەردەمەدا، زاناکان تەنھا دوو ھەفتەیان پێویست بوو بۆ ناسینەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و گەشەدان بەتاقیکردنەوەیەکی باوەرپێکراو بۆ دۆزینەوەی ئەوانەی بەرکەوتووی ڤایرۆسەکەن. کاتیک زاناکان تێدەگەن لە ھۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، شەڕکردنیان ئاسانتر دەبێت. ڤاکسین و دژە بەکتریاو پاکوخاوێنی و ژێرخانی دەولەمەندی بواری پزیشکی ئەمرۆ ڕێگای بۆ مرۆڤایەتی خۆش کردووە کە بتوانیت باڵا دەست بێت بەسەر زیندەوەرە نەبینراوەکان.

لە ساڵی ١٩٦٧، نەخۆشی ئاوڵە ھێشتا مابوو وە کاریگەی کردەسەر ١٥ ملیۆن خەڵک و نزیکەی ٢ ملیۆنی دیکەی لە ناوبرد، بەڵام لە دەیەکانی دوای ئەوە کەمپینێکی جیھانی بۆ دۆزینەوەی ڤاکسین سەرکەوتوو بوو بە شێوەیەک لە ساڵی ١٩٧٩ ڕێکخرای تەندروستی جیھانی WHO سەرکەوتنی مرۆڤایەتی ڕاگەیاند و ئاوڵە بە تەواوی لەناوبرا. لە ساڵی ٢٠١٩ تەنانەت یەک کەس نیە بەرکەوتەی ئاوڵە بێت.

پاراستنی سنوورەکانمان

ئەم مێژووە چیمان فێر دەکات سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا؟

یەکەم، ئەم مێژووە دەڵیت ناتوانیت خۆت بپارێزی بە داخستنی ھەمیشەیی سنورەکانت، لە بیرت بێت لە سەدەکانی پێشوشدا نەخۆشی و پەتاکان زۆر بە خێرایی بڵاو دەبوونەوە.
کەواتە ھەرچەندە پەیوەندییە جیھانییەکانت کەمبکەیتەوە بۆ ئاستێک کە ئینگلاند ھەیبوو لە ساڵی ١٣٤٨ ھێشتا بەس نیە بۆ پاراستنی خۆت. بە ڕاستی بۆ پاراستنی خۆت، کەرەنتینەکردن و گەرانەوە بۆ سادەکانی ناوەراستیش بەس نیە، بەلکو دەبیت خۆت بگەڕێنیتەوە بۆ چاخی بەردین! ئایا دەتوانیت ئەوە بکەیت؟

دووەم، مێژوو ئەوەمان بۆ دەردەخات کە پاراستنی ڕاستەقینە بریتییە لە ئاڵوگۆڕی زانیاری زانستی دروست و متمانەپیکراو لەگەل پشتیوانی جیھانی! کاتێک وڵاتێک تووشی بلاوبوونەوەی پەتایەک دەبێ، دەبێت بە شێوەیەکی ڕاستگۆیانە و بەبی ترس لە کارەساتی ئابووری زانیاریەکان ئاشکرا بکات دەربارەی ھۆکارەکانی بلاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، بە شێوەیەک کە وڵاتانی تر بتوانن متمانە بەو زانیارییە بکەن، وە بتوانن دەستی یارمەتی درێژ بکەن نەک زیاتر پەراویزی بخەن. ئەمڕۆ چین دەتوانێت چەندین وانەی گرنگ فێری وڵاتان بکات دەربارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام ئەمە پێویستی بە متمانە وھاوکاری نیودەولەتی لە ئاستیکی بەرزدا هەیە.
هەروەها، پستیوانی و ھەماھەنگی نێودەوڵەتی پێویستن بۆ دەرەنجام و کاریگارییەکانی کەرەنتینەکردن.وەک ئاشکرایە، کەرەنتینکردن و داخستن دوو ریگای سەرەکین لە رێگریکردن و بڵاوبوونەوەی زیاتری کۆرۆنا ، بەڵام کاتێک ولاتان متمانەیان بە یەکتر نیە و ھەر وڵاتێک ھەست دەکات لە رووبەروو بوونەوەی پەتاکە بە تەنھایە، رەنگە حکومەتەکان توشی شڵەژان و نیگەرانی ببنەوە لە بەدەستھێنانی پێوانەیەکی کاریگەری کەرەنتینەکردن.

رەنگە گرنگترین شت کە خەلک دەبێت بیزانێت سەبارەت بە پەتا ئەوەیە کە بلاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە ھەر وڵاتێک، کاریگەری لەسەر تەواوی مرۆڤایەتی دەبێت. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ڤایرۆس گەشە دەکات ، ڤایرۆسەکانی وەک کۆرۆنا کە لە ئاژەڵی وەک شەمشەمە کوێرەوە سەرچاوەدەگرن کاتێک دەگوازرینەوە بۆ مرۆڤ توانای خۆگۆرینی بۆ درووست دەبێت، زۆربەی گۆرانەکان بێ زیانە، بەڵام ھەر گۆڕانێک ڤایرۆسەکە زیاتر کاریگەر و بەھێزتر دەکات بەرامبەر سیستمی بەرگری لەشی مرۆڤ. لەوانەیە ھەر کەسێک لە ئیمە توانای هەلگرتنی تریلیۆن ڤایرۆسی هەبیت کە هەموو ئەمانە بە گۆرانکاریدا دەرۆن لە لەشی مرۆڤدا، کەواتە ھەر کەسێکی تووش بوو، دەرفەت بە تریلیۆن ڤایرۆس دەدەن بۆ خۆگونجاندنی زیاتر لە لەشی مرۆڤدا. ھەر مرۆڤێکی تووش بوو وەک ئامێرێ قومارکردن وایە، کە بە تریلیۆن تکتی بەخت ئەبەخشێتە ڤایرۆسەکان، وە ڤایرۆسەکان تەنھا پێویستییان بە بردنەوەی تکتیکە بۆ ئەوەی گەشە بکەن.

ئەمە تەنھا پێشبینی کردن نیە، بەلکو ریچارد پریستۆن لە کتێبی ''قەیرانەکان لە ناوچەی سور'' باس لە زنجیرەی رووداوەکانی سالی ٢٠١٤دەکات کاتێک پەتای ئیبۆلا بڵاوبووەوە. بڵاوبوونەوەکە بەهۆی ڤایرۆسیکەوە روویدا کە لە شەمشەمەکوێرەیەکەوە گواسترایەوە بۆ مرۆڤ. خەڵکێکی زۆر بە هۆی ڤایرۆسەکەوە تووشی پەتاو نەخۆشی بوون، بەڵام هەر شەمشەمەکوێرەکان ژینگەیەکی لەبارتر بوون بۆ ڤایرۆسەکە ھەتا لەشی مرۆڤ. ئەوەی ئیبۆلای گۆڕی لە نەخۆشیەکی دەگمەن بۆ پەتایەکی بەربڵاو تەنھا گۆرانکاریەک بوو لە یەک جیناتدا لە یەکێک لە ڤایرۆسەکانی ئیبۆلا کە تووشی مرۆڤێک بوو لە شوێنێک لە ناوچەی ماکۆنا لە ڕۆژئاوای ئەفریقا! کاتێک ئەم دێڕانە ئەخوێنیتەوە، لەوانەیە گۆڕانکاریەک لە یەکێک جیناتەکانی کۆرۆنا لە کەسێکی تووشبوو لە تاران، میلان، یان وەھان رووبدات. ئەگەر لە ڕاستیدا ئەمە ڕووبدات، ئەوا مەترسیەکی ڕاستەقینەیە نەک تەنھا بۆ ئێرانی و ئیتالی و چینیەکان، بەلکو بۆ ژیانی تۆش.

خەڵک لە سەرتاسەری جیھان یەک ئامانجی هاوبەشیان هەیە دژ بە کۆرۆنا کە ئەویش مەسەلەی ژیان و مردنە، لە پێناو ئەوەی ھیچ چانسێک نەدەن بە کۆرۆنا کە گەشە بکات و جۆری نوێی لێ پەیدا ببێت. ئەمەش مانای ئەوە دەدات کە پێویستە ھەموو کەسێک لە ھەموو شوێنێک بپارێزین! لە ساڵەکانی ١٩٧٠، مرۆڤایەتی توانییان ڤایرۆسی ئاوڵە لە ناوبەرن چونکە ھەموو وڵاتان ڤاکسینی دژە ئاوڵەیان بەکارھێنا! بەڵام ئەگەر وڵاتێک ڤاکسینەکەی بەکارنەهێنایە، ڕەنگە دیسان مرۆڤایەتی توشی مەترسی ببوایەتەوە، کاتێک ڤایرۆسەکە بوونی ھەیە لە شوێنێکی سەرزەمین، ئەوا بلاوبوونەوەی ھەمیشە چاوەروانکراوە بۆ ھەر جێگایەکی تری جیھان.

لە شەڕی دژ بە ڤایرۆس، مرۆڤایەتی پێویستی بە پارێزگاریکردن لە سنورەکان ھەیە، بەلام نەک سنورەکانی نێوان ولاتان، بەلکو پارێزگاریکردن لە سنوورەکانی نیوان جیھانی مرۆڤ و جیھانی ڤایرۆسەکان. گەردوون پڕە لە ڤایرۆس، وە بەھۆی گۆرانکاری لە جیناتەکاندا ھەمیشە ڤایرۆسی نوێ پەیدا دەبێت. سنوری جیاکاری جیهانی ڤایرۆس و جیھانی مرۆڤ بە نێو جەستەی ھەموو مرۆڤێکدا ئەروات، ئەگەر ڤایرۆسێکی ترسناک ئەم سنورە لە لەشی هەر کەسێک ببڕێت لە ھەر شوێنێکی سەر زەمین، ھەموو کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دەخاتە مەترسیەوە!

بە درێژایی سەدەی ڕابردوو، هەوڵەکان بۆ پاراستنی ئەم سنوورە راستەقینەو جیدی بوون کە لە سەدەکانی پێشوتردا نەبووە. سیستمی تەندروستی مۆدێرن وەک دیوارێک لەسەر ئەو سنوورە بنیاتنراوە، ھەموو دکتۆر و پەرستارو زاناکان پاسەوان و ئێشکگر بوون لەسەر ئەو سنوورە. بەڵام لەگەل ئەمەشدا، مەترسییەکان لەسەر ئەم سنوورە زۆرن کاتیک سەدان ملیۆن خەڵک لەسەرانسەری جیھان خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکانی تەندروستیان بەردەست نیە. ئەمە مەترسیە بۆ ھەموومان، ئێمە وا ڕاھاتووین بیر لە تەندروستی بکەینەوە لە ڕوانگەی نەتەوییەوە، بەڵام بەخشینی خزمەتگوزاری تەندروستی بە ئێران و چین، ئیسرائیل ئەمریکییەکانیش دەپارێزێت لە پەتا. ئەمە ڕاستیەکی سادەیە کە دەبێت ھەمووان بیزانن، بەلام بەداخەوە ئەم ڕاستیە بەسەر کەسانی ناودارو گرنگیش تیپەردەبیت!

جیھانێکی بێ سەرکردە

ئەمڕۆ مرۆڤایەتی ڕووبەرووی قەیرانێکی مەترسیدار بوەتەوە، نەک تەنھا لەبەر بڵاوببونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵکو لەبەر نەمانی متمانە لە نێوان مرۆڤەکان! بۆ لە ناوبردنی پەتایەک، خەڵک پێویستیان بە متمانەیە، متمانە بە زاناکان، متمانە بە دەسەڵاتداران، هەروەها ووڵاتانی جیهان پێویستیان بە متمانەکردن بە یەکترە. لە چەند ساڵی ڕابردوودا، سیاسەتی نابەرپرسانە، متمانەی خەڵکیان بە زانست و دەسەڵاتی گشتی و ھاوکارییە نێودەوڵەتییەکان کەمکردەوە. لە ئەنجامدا، ئێستا ڕووبەرووی ئەم قەیرانە دەبینەوە کە جیهانێکین بەبێ سەرکردەی جیھانی، کە بتوانن وەڵامی پەتاکە بە رێکخراوەیی و بە هەماهەنگی بدەنەوە. لە کاتی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئیبۆلا لە ساڵی ٢٠١٤، ئەمریکا ڕۆڵی ئەو سەرکردەیەی گیرا. بە ھەمان شێوە لە ساڵی ٢٠٠٨، ئەمریکا ھەمان ڕۆلی گێڕا لە رێگریکردن لە دارووخانی ئابووری چەندین وڵات، بەڵام لەم ساڵانەی دوایدا ئەمریکا لەم رۆلەی وەک سەرکردەیەکی جیھانی کشایەوە. ئیدارەی ئێستای ئەمریکا ھاوکارییە داراییەکانی بۆ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی WHO وەستاندوەو زۆر بە ڕوونی جیھانی لەوەتێگەیاند کە ئەمریکا ھاوڕێی ڕاستەقینەی نیە و تەنھا ھاوڕێیەتی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیەکانیان دەکەن.

کاتێک ڤایرۆسی کۆرۆنا بلاوبووەوە، ئەمریکا لەسەر قەراغ وەستا و خۆی دوورەپەرێز گرت لە گێڕانی ڕۆلی سەرکردەیەکی جیھانی. ھەرچەندە ئێستا ڕەنگە ھەوڵی ئەوە بدات ئەو ڕۆڵە وەربگرێتەوە، بەلام متمانە بەم ئیدارەیەی ئەمریکا بەرادەیەک لە ئاستێکی نزمدایە، کەم وڵات ھەیە ئارەزووی ئەوە بکەن ھاوەڵی بکەن. ئەی تۆ ھاوەڵی سەرکردەیەک ئەکەیت کە دروشمەکەی 'یەکەمجار خۆم' بێت ؟

ئەو بۆشایەی ئەمریکا لە سەرکردایەتی کردنی جیهان دروستی
کرد ھەتا ئێستا بە ھیچ ولاتێکی دیکە پڕ نەکراوەتەوە. بە پێچەوانەوە، ئێستا ترس لە بێگانەو دوورەپەرێزی و بێمتمانەیی زۆربەی سیستمە جیھانیەکانی گرتۆتەوە. بەبێ متمانە و پستگیری جیھانی، ناتوانین پەتای کۆرۆنا بوەستێنین، وە ڕەنگە لە داھاتوودا ڕووبەرووی پەتای زیاتر ببیبەوە، بەلام ھەموو قەیرانێکیش دەرفەتێکی نوییە، رەنگە ئەم قەیرانەی ئێستا یارمەتی مرۆڤایەتی بدات لەو ڕاستیە بگەن کە بلاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە بەھۆی لێک ترازانی زیاترەوە ڕویدا. با نمونەیەکی دیار باس بکەین، پەتاکە دەتوانێ دەرفەتێکی زێرین بێت بۆیەکیەتی ئەوروپا بۆ بەدەستھێنانەوەی پشتیوانی جەماوەر کە ساڵانیکە لە دەستیداوە. ئەگەر ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا بە خێرایی و بە بەخشندەیی هاوکاری دارایی و و پێداویستی پزیشکی ڕەوانە بکەن بۆ ھاوپیشەکانیان کە خراپی بەرکەوتەی ڤایرۆسەکەن، ئەمە بەهای یەکیەتیەکە زیاتر پیشان دەدات لە وتارەکانیان. بەلام ئەگەر ھەر وڵاتێک بە تەنھا خۆپارێزێ بکات، ئەوا پەتاکە لەوانەیە زەنگی مەرگی یەکجاری بێت بۆ یەکێتیەکە!
لەم کاتە سەختەدا، تیکۆشانی گرنگ لەنێو مرۆڤایەتی خۆیدا ڕوودەدات. ئەگەر ئەم پەتایە ببێتە ھۆی لێکترازان و بێ متمانەیی زیاتر لە نێو مرۆڤەکان ئەوا مانای وایە ڤایرۆسەکە گەورەترین سەرکەوتنی بەدەستھێناوە! بەڵام کاتێک مرۆڤەکان پێکەوە دەجەنگن، ڤایرۆسەکان لاواز دەبن. ھەروەھا، ئەگەر پەتاکە ببێتە ھۆی زیاتر نزیکبوونەوەی جیھان لە دژی ڤایرۆسەکە، ئەوا دەبێتە سەرکەوتن نەک تەنھا دژ بە کۆرۆنا بەلکو دژ بە ھەموو ڤایرۆسەکانی داهاتوو.