نامەیەكی كراوە بۆ بەڕێزان !

دكتۆر كامەران قەرەداخی


02/06/2020

بەڕێز وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستانی
 
بەڕێز وەزیری تەندروستی هەرێمی كوردستانی
 
بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستانی 
 
سڵاوتان لێبێت و هیوادارم بە ئەركی لێپرسراویەتیمان كوردستان لە پەتای كۆرۆنا ڤایرەس بپارێزین !

بەڕێزان سەرنجتان بۆ ئەم پەرەگرافە ڕادەكێشم لە بەیانی ژمارە ٣٨ ی ساڵی ٢٠٢٠

( هەر كەس و لایەنێك لە ڕێگای سۆشیال میدیا و دەزگاكانی راگەیاندن لێدوان دژی رێكارەكانی خۆپاراستن لە كۆرۆنا بدات، لە ڕێگای داواكاری گشتی ڕێكاری یاسایی بەرامبەر دەگەرێتە بەر)

بەڕێزان هەموو ئاراستەكان ، بەیاننامەكان، پەیامە لۆكاڵی و سەرانسەرییەكان لە كوردستاندا ، پەنچە بۆ ئەوە ڕادەكێشن كە موداخەلەی سیاسی لە پەتای كۆرۆنا ڤایرەسدا ناتوانرێت بشاردرێتەوە، هەر لە پەیامی بەڕێز سەرۆك وەزیرانەوە هەتاكوو دەگاتە لێپرسراوی یەكەم و دووەم و سێیەمی حیزبە سیاسیەكان و سۆشیالمیدیاكانی سەر گۆڕەپانی میدیایی كوردستان و بەڵگەكان و لێدوانەكان هێشتا هەڵمی تازەییان لێهەڵدەسێت.

بەڕێزانی پەیوەندیدار بە هەر سێ وەزارەتەكانەوە، لە جیهاندا پەتای كۆرۆناڤایرەس دیالۆگی زۆری بەرهەمهێناوە لە هەموو بوارەكاندا، تەنها  لەبەرئەوەی نوێیە و لێكۆڵینەوەی درێژخایانی لەسەر نیە و هەموو بۆچوونە زانستییەكانمان لەسەر مێژووی كۆرۆناڤایرەسی ئینسانە لە ساڵی ٢٠٠٢-٢٠٠٣ هەتاكوو ئیستا.

لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی و لەو ووڵاتانەی كە زانست هەمیشە لە دیالۆگدایە لەگەڵ بڕیار و بەیانامە و پەیامە سیاسیەكاندا پەیوەست بە پەتای كۆرۆناڤایرەس و بۆ خزمەتی زیاتری هاوڵاتیان و خستنە ڕووی واقیعیەتی زانستی ئەم پەتایە هیچ بڕیار و بەیاننامەیەك دەرنەچووە كە دەرگا بخاتە سەر پشت بۆ سەركووتی زانست.

بەرێزان رێكارەكانی خۆپاراستن لە كۆرۆنا دەكرێت گفتوو گۆی زانستی لەسەر بكرێت و لایەنەكانی كە پەیوەستە( بە ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانیەوە ، تەندروستیەوە، وە هەروەها ئەكادیمیەوە لەسەر بنەمای زانستێكی واقیعی و مەنتیقی) لە بەرچاو بگیرێت.

ئەو پەرەگرافە دەتوانرێت زۆر خراپ بەكاربێت بۆ ناشیرینكردن و دەستگیركردنی كەسانی زانستی وفیگەرە كۆمەڵایەتیەكان و زیندانیكردنیان و بردنە بەر دادگا و هەتا دوایی.

بەڕێزان من، دكتۆر كامەران قەرەداخی، داوایەكی زۆرم لەسەرە كە لە سۆشیالمیدیا بەتایبەت تەلەفزیۆن دەربكەومەوە، لەهەمانكاتدا پێشمدەڵێن ، دكتۆر ئەو پەرەگرافە تەڵەیە نەكەویتە ناوی.

 تكاتان لێدەكەم كە ڕوونكردنەوە بدەن یان ئەو پەرەگرافە لابەرن ، بە ڕای من دژی زانستە، دژی دیالۆگی سیستەمی تەندروستی - زانستیە

ڕێزی زۆرم هەیە بۆتان!

(دكتۆر كامەران قەرەداخی)
پزیشكی  ڕاوێژكاری نەخۆشییەكانی سنگ و بۆری هەوا

مامۆستا لە كۆلێژی پزیشكی زانكۆی سلێمانی 

بەڕێوەبەری پڕۆگرامی بۆردی پسپۆڕییەكانی نەخۆشی سنگ و بۆری هەوا، لە بۆردی كوردستانی