هەنگاوی كردەیی

د. ئه‌رسه‌لان بایز


16/02/2020

#ماوەی كەمتر لە ساڵێك لە دەست بەكاربوونی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان. چەندین كۆبوونەوەی گرنگی نێوان هەر سێ سەرۆكایەتی هەرێم، لێپرسراوی یەكەمی حزبە كوردستانیەكان، فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە كۆشكی سەرۆكایەتی هەرێم ئەنجام دراون. لەو كۆبوونەوانەدا چەندین بابەتی گرنگی ڕۆژانە لەسەر ئاستی عیراق و كوردستان تاوتوێ كراون. چەندین ڕاگەیاندنیش بڵاوكراوەتەوە. دوا كۆبوونەوەش لە ڕۆژی (11/2/2020) لەگەڵ فراكسیۆنە كوردستانیەكان ئەنجامدرا. لە ڕاگەیاندنی كۆتایی كۆبوونەوەكە هاتووە (گفتوگۆ دەربارەی هەنگاوی كردەیی بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانیی فراكسیۆنە كوردستانیەكان تاوتوێ كرا) (هەمووان كۆك بوون كە پێویستە بە یەكهەڵوێستی مامەڵە لەگەڵ تەواوی پرسەكان بكرێت و هەنگاوی كردەیی بنرێت). ئەو بڕیارانە هەتا بڵێی گرنگ و لە قازانجی ئەزموونی حوكمڕانی هەرێمی كوردستانە.
#ڕەحمەتی لێ بێ (لینین) وتویەتی لە هەندێ قۆناغدا (قسە كردارە) ڕاستە یەكەمین جار قسە دەكرێت بەڵام ئەبێ دواتر ببێ بە كردار. منیش دەپرسم ئەو قسانە كەی دەبن بە كردار…؟!.
هەر لە یەكەمین كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێم لەچەند مانگی پێشوودا، بە ئامادەبوونی سەرۆك كۆماری عیراق و، هەردوو سەرۆكایەتیەكەی تری هەرێم و، لێپرسراوی یەكەمی حزبە كوردستانیەكان باس لە گرنگیی یەكخستنی هەڵوێستی كورد لە بەغداو یەكخستنی فراكسیۆنە كوردستانیەكان كرا. كەچی تاكو ئەمڕۆش فراكسیۆنەكان نەك هەر نەبوون بەیەك بەڵكو بە پێی سیاسەتی حزبەكانیان هەڵوێست وەردەگرن.
#دوای كۆڕەوە یەك ملیۆنیەكەی كوردستان و دواتر پێكهێنانی حكومەتی هەرێم كە (ی.ن.ك) و پارتی دیموكراتی كوردستان دوو كاراكتەری سەرەكی بوون. ئەو دوو حزبە كە بەیەكەوە بوون چەندین كارو دەسكەوتی گەورەیان بۆ كوردستان دەستەبەر كردووە. كاتێكیش بەیەكەوە دووچاری گرفت و كێشە بوون بە ئاسانی چارەسەریان كردووە. ئەو كاتانەش دژی یەكتر كاریان كردووە. زۆر زیانیان بە خۆیان و ئەزمونەكە گەیاندووە.
#بەندە لە دەیان كۆبوونەوەی دوو قۆڵی نێوان هەردوو حزب بەشدار بووم، هەتا بڵێی قسەی باش دەكران، ڕاگەیاندنی باش بڵاودەكرایەوە بەڵام نەمدی ڕۆژێك دەفتەری نووسینەوەی (محضر) هەبێت. نەمدیت ڕۆژێك لە كۆبوونەوەكان بەدواداچوون بۆ بڕیارەكانی كۆبوونەوەی پێشووتر بكرێت و بزانین چەند لە بڕیارەكان جێ بە جێ كراون و چەندیش جێ بە جێ نەكراون. بپرسینەوەو بزانین بۆ جێبەجێ نەكراون..؟
#دەیان ساڵ پێش ئەمڕۆ (دەیڤد ماكداول) لە پێشەكی كتێبـی مێژووی هاوچەرخی كورد نووسیویەتی: (هێشتا وەك میللەتێكی بەیەكەوە پەیوەست دەرنەكەوتوون) زۆر دەمێكیشە شاعیرانی كورد وتویانە(كورد ناگا بە مەقسەد چونكە یەكگرتوو نین). بەداخەوە وەزعی عیراق و ناوچەكە یەك پارچە ئاگرە، كەسیش نازانێ ململانێی ئەو دەوڵەتانەی ناوچەكەو زلهێزەكان بە كوێ دەگات. كەچی ئێمەی كورد لە بەرامبەر ئەو هەڕەشە گەورانە ناتوانین فراكسیۆنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق یەكبخەین..!! هەمووشمان دەزانین تەنیاو تەنیا یەك دەنگی، یەك ڕیزی، كورد لە هەڕەشە دیارو نادیارەكان دەپارێزێ، تەنیا ڕێگاشە بۆ پاراستنی ئەم ئەزموونەو زیاتر دەستەبەركردنی مافەكانی خەڵكی كوردستان.