ئێمە چراكانمان بۆ فڕێ دا...

هونه‌ر تاڵه‌بانی


16/02/2020


هونەر تاڵەبانی
ئەوكات عامودەكان لە سەرێكی تاشراو ئەچوون، بێ گەیەنەر، بێ فنجان، بێ محاویلە، ئەوكات گەر لە دوورەوە ڕوناكی گڵۆپێكمان ببینیایە، شا گەشكە دەبووین. 
ماڵە هەژارەكان چرایەك ڕوناكیان بوو، خوا پێداوانی ئەو سەردەمە لۆكس ڕوناكیان بوو، ووزەی كارەبا لە دوو بەنداوە دێرینەكە (دوكان‌و دەربەنیخان) بەرهەم دەرهێنرا.
ئەوكات لاپەڕە ڕەش‌و سپیەكانی كتێبی خوێندنمان لەبەر ڕوناكی یە كزەكەی چرا دەخوێندەوە، دەستمان بەهۆی سێبەرەوە لەسەر دێوارەكە دەكردە شاخی ئاسك‌و بەو جۆرە یاریمان دەكرد، 
ئەی هاوار چی نەهامەتیەك بوو گەر بلوری چراكە بشكایە، دەبوو بچیت بلورێكی تر بكڕیت، ئەمەش ناخۆشتربوو لە ناخۆشیەكانی ئەوكات..
لە خۆم لە ئێوە ئەپرسم ئەرێ چراكانمان بۆ فڕێ دا؟ 
باشە من سەدان خەونم بینی، لە خەونێكمان كارەبا (24) كاتژمێری دەبێت‌و لە خەونێكی ترما لە جیاتی بەنداوێك دەیان بەنداومان دەبێت‌و لە خەونێكی ترما كارەبامان ئەوەندە زۆر ئەبێت ئەیفرۆشین بە وڵاتان، ئەدی ئێوە بۆ چراكانتان شكان ؟ !
وەڵام مەدەنەوە نەكا زمانتان ببڕن، نەكا گوێی بیستنتان كەڕكەن، نەكا چاوبینینتان نابیناكەن، وا لە جیاتی ئێوە، لە بیری یادی ئێوەدا یەك بەدوای یەك خەونەكانتان ئەگێڕمەوە:
تۆ ئەتوت لە هەر شارو شارۆچكەیەك بەنداوێك دروست دەكرێت، ئەو ئەیووت بەهۆی غازی سروشتیەوە كارەبا دەگاتە گوند بەگوندو ماڵ بە ماڵ، ئەوان ئەیان ووت وەزارەتێكمان ئەبێت كە سیستمی كارەبا بەجۆرێك ڕێك دەخات كە فێربین پێویستمان بە ڕوناكی نەبێت خێرا گڵۆپەكان بكوژێنینەوە.
ئای چی خەونی جوانتان ئەبینی بیرمە هاوڕێیەكم ئەیووت وەهای لێدێت چەند وزەی كارەبات بەكارهێناوە سەری مانگ لەگەڵ پێدانی مووچەكەتدا بەهۆی هەماهەنگی وەزارەتی كارەباو وەزارەتی داراییەوە لە بڕی پارەی وزەی بەكارهاتوو لە مووچەكەت دەبڕدرێت، 
هاوڕێكەم ئەی ووت ڕەنگە ڕێكخراوێك بەهۆی دەستپێشخەری وەزارەتی كارەباوە دروست بكرێت بۆ ئاگاداركردنەوەی خەڵك تاكو كارەبا بەشێوەیەكی گونجاو بەكاربێنرێت!! 
ئای لەم ڕۆژانەدا خەونم بینی ئەدیسۆن ئەگریا، پرسیم بۆ ؟ ووتی لە بەر هەزارانی وەكو تۆ، كە بێ ڕوناكین كە هێشتا هاژەی مۆلیدەو دوكەڵی گاز دەئاخنە لوت‌و گوێچكەیان ...