چیتان لەم شەڕە قسەیە دەست دەکەوێت؟

لوقمان حه‌مه‌دی مه‌ڕان


26/07/2020


ئەوەی ئێستا بەدەست هاتووە بەرهەمی یەکڕیزییە، نەک شەڕەقسەو جنێو فرۆشی. هەمیشە ئەنجامی ئەو هەموو شەڕەقسەیە ماڵ وێرانی و لێکترازانی ناو ماڵی کوردی لێ کەوتۆتەوە ئەگەر پێتان وایە قسەکەم ڕاست نییە بگەڕێنەوە سەیرێکی مێژووی نزیک بکەن نەک زۆر دوور.

بەدرێژایی مێژووی کورد هەرچی بە خەبات و قوربانی بەدەستی هێناوە لە ئەنجامی ناکۆکی لە دەستی داوه‌، بەڵام ئەوەی لای من زۆر سەیرە سەرکردەو ڕێبەرانی کورد هەرگیز په‌ند لە ڕابردوو وەرناگرن بۆیە سات بەدوای سات کورد بەرەو دواوە دەچێت.

بۆیە هەرگیز ناگەین بە ئامانجەکانمان تا خاوەنی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە بین
شۆڕشەکانی کورد هەر لەسەرەتاوە تاوەکو دەگاتە شۆڕشی یەکێتی و پارتی پڕیەتی لە ململانێی خوێناوی و قێزەون لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی پارتی و یەکێتی و چەند هێزێکی تر ئەوانیش بەدەر نەبوون لەم ململانێ خوێناویە بگرە چەندین ساڵ شەڕی یەکتریان کردو هەزاران ڕۆڵەی ئەم وڵاتەیان کردە قوربانی و ماڵی هەزاران کەسیان وێرانکرد.

بەڵام ئەوەی زۆر لای من سەیرە ئەوەیە لەم سەردەمەو لە پاش ئەم هەموو ململانێ خوێناویە ئێستاش بەهەمان ئاواز خەریکی جاردانی جەنگێکی تری خوێناوین ڕەنگە زۆر کەس بڵێت هەرگیز ڕوونادەت، بەڵام من دڵنیام ئەم شەڕە قسە بێ مانایە ئەنجامی باشی نابێت وابڕوات ڕۆژێ دەبیستین لە سەنگەرێک کە پێشمەرگەی پارتی و یەکێتی بەیەکەوەن و لە ناو یەک سەنگەردان بۆی هەیە بەریەکەوتن ڕوو بدات بەهۆی دەم گەرمی هەندێک سەرکردە.

بۆیەئاسانە ڕوودانی ڕووداوێکی لەم جۆرە ئەم کارەساتەش تەنها تەقینی یەک فیشە بەسه‌ بۆ ئەوەی هەزارانی تری بە دوادابێت وەک چۆن بەیەک دەنکە شقارتە هەزاران دۆنم لە داراستان دەسوتێت بۆیە بەهیوام ئەوەی
لە ئەنجامی تەبایی چەند ساڵی ڕابردووی نێوان یەکیتی و پارتی بەدەست هاتووە بۆتە جێگای ئومێدی کورد تاڕادەیەک ژیانێکی باشی بۆ دەستەبەر کردبووین، بەڵام لە ئەنجامی ناکۆکیەکانیان ڕۆژ بە ڕۆژ ژیانی خەڵکی کوردستان لە هەموو ڕووێک خراپ دەبێت من تێناگەم دەبێت چ لەزەتێکی هەبێت بۆ هەندێک کۆمێنت و لایک و دەست خۆشی کەسانی ناحالی خەریکن ئەزموونی ڕۆژە ڕەشەکانمان بۆ دووبارە بکەنەوە بەهیوام خەڵکی عاقڵ لە هەرێم سنورێک بۆ هەندێک کەس دابنێن تاوەکو ئەم دۆخە لەدەست دەرنەچێت دوای دەبێت هەموومان پەنجەی پەشیمانی بۆ بگەزین.

کاتێک دەبینم کەسانێکی بەناو سیاسی و سەرکردە بەنزمترین ئاست هێرش دەکەنە سەریەکتری و سوکایەتی بەیەکتری دەکەن کە ئەمەش تەنها دڵ تەنگی خەڵک و تێکدانی یەکڕیزی و لەیەکترازانی ناو ماڵی کورد هیچی تری لێ بەرهەم نایەت.