قەرزەكانی كۆمپانیای نالیا!

رێكەوت زەكی


20/02/2020

١/ لەبابەتی ٧٠ ملیار دیناری قەرزەكانی سەر كۆمپانیای نالیا، ژاوە ژاوێك دروستكراوە خەریكە ئەوە بۆ نالیا دەكەن كە خۆی دەیەوێت! 

٢/ رەهنی قەرزەكانی نالیا لە شوقەكانی گوندی ئەڵمانییەوە گوازراوەتەوە سەر بەشە پشكەكانی خاوەنی كۆمپانیاكە لەپرۆژەی چاڤی لاند.

٣/ ساڵی ٢٠١٥ كۆمپانیای نالیا بەبیانووی ئەوەی قەیرانەو پارەی كاشیان نییە، بۆ تەسویەی قەرزەكانیان خۆیان داوا لەوەزیری پێشووی دارایی دەكەن هاوكاریان بكرێت و حكومەت پشكەكانی چاڤی لاندیان لێ هەڵگرێتەوە!

٤/ بەمەش نالیا ٢ دەستكەوتی دەبێت، هەم قەرزەكانی لەسەر لادەچێت ، هەم ئەو پشكانەی چاڤی لاند كە هاوپشكەكان وێڵن بۆئەوەی بیكەنەوە بەپارەو بیفرۆشنەوە، كۆمپانیای نالیا بەئاسانی لەڕێی حكومەتەوە ئەوەی دەستدەكەوێت و هەموو كەموكورتییە یاسایی و داراییەكانی پرۆژەكەی لەسەر لادەچێت، هەروەها خۆشی لەسكاڵای هاوپشكەكان رزگار دەكات.

٥/ وەزیری پێشووی دارایی بۆ هاوكاریكردنی كۆمپانیای نالیا، بەداواكەیان قایل دەبێت و بەفەرمانی وزاری ١٠٥٩٤ لە  ٢٠١٥/٨/٥ لیژنەیەك بۆ ئەم مەبەستە دروستدەكات!

٦/ بەندە كە راپۆرتێكی نزیكەی ٤٠ لاپەڕەییمان لەسەر كەموكورتییە یاسایی و داراییەكانی پرۆژەكە بۆ بەردەم ئەنجومەن ئامادەكردبوو، پەیوەندیم بە چەند ئەندامێكی لیژنەكەوە كرد راپۆرتەكەم بۆ ناردن كە وەك ئەوە وایە حكومەت لەبری قەرز كێشە بۆخۆی بكرێت، هەستم كرد فشاریان لەسەرە كە بەو نرخە قایلبن بۆ هەر پشكێك كە كۆمپانیای نالیا داوای دەكات، نەك ئەو نرخەی كە بۆ حكومەت باشە! ئەوە بوو دوای ماوەیەك وەزیری پێشووی دارایی و ستافەكەی لەحكومەت دوورخرانەوەو ئەو كارەش سەرینەگرت.

٧/ ئێستا كە باسی وەرگرتنەوەی قەرزە بازرگانییەكان، لەنێویاندا قەرزەكەی سەر كۆمپانیان نالیا گەرموگوڕە، حكومەت دەیەوێت لەبەرامبەر قەرزەكان رەهنەكانیان هەڵبگرێتەوە! بەمەش رێك ئەو كارە بۆ كۆمپانیای نالیا دەكات كە لە بەرژەوەندیانەو خۆیان ساڵی ٢٠١٥ داوایان دەكرد، بۆیە بابەتەكە گومان هەڵدەگرێت.!

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی