چۆنیەتی بەخێوکردن و چاودێریکردنی ئاژەڵی ماڵی(پێت ئەنیماڵ )

کشتوکاڵ

21/02/2020     ژمارەی بینراو 2959

ئاژەڵی ماڵی

ڕاچڵه‌كین-
ئاژەڵە ماڵیەکان (pet animal )  ئەو ئاژەڵانە دەگرێتەوە کە هەر لەکۆنەوە مرۆڤ بەخێوی کردوون و هاوڕێیەتی کردوە لەگەڵیاندا وە چەندین ئامانج و مەبەستیشی هەبووە لەم کارەیدا وەک ( بەمەبەستی یاریکردن و کات بەسەربردن لەگەڵیاندا کە کاریگەریەکی دەروونی زۆری هەیە لە سەر مرۆڤ ، یان بەمەبەستی پارێزگاری کردن لە ئاژەڵەکە و هێشتنەوەی بەزیندوویی ، یاخود ئاژەڵەکەی بەخێوکردووە بە مەبەستی سود وەرگرتنی لە تاقیگەدا ، یاخود بە مەبەستی سود وەرگرتن لە بەرهەمی ئاژەڵەکە ...... ) ، یان بەمەبەستی جوانی بەخێودەکرێن .

ئاژەڵە ماڵیەکان ئەمانە لەخۆ دەگرێت "پشیلەو سەگ کە باوترین جۆری پێت ئەنیماڵن و ئاژەڵی تری وەک ئاژەڵە تاقیگەییەکان (laboratory animal ) کە کەروێشک و هامستەر و بەرازی گینی و جرج لەخۆ دەگرێت ، باڵندەی ماڵی( avian pet ) وەکو : توتی و مریشک، خشۆکە ماڵیەکان ( reptile pet ) وەکو : کیسەڵ ، جۆرە تیمساحێکی ئەمریکی ، مارمێلکە . ئاژەڵی ئاوی کە ماڵی کراوە( aquatic pet ) وەک ; ماسی ، لولپێچی ئاوی، ، بۆق .

هەروەها جومگەدارە ماڵیەکان( arthropod pet) وەک: تارەنتوڵاس کە جۆرە جاڵجاڵۆکەیەکی ژەهراویە ، قرژاڵ .

چۆنیەتی چاودێری کردنی و بەخێوکردنی ئاژەڵی ماڵی( pet animal)

1- پێویستە شوێنی مانەوەی ئاژەڵەکان پاک و خاوێن بێت و دووربێت لەهەر سەرچاوەیەکی نەخۆشی .
2-پێویستە خواردن و ئاوی پاک و تازەیان پێبدرێت وە کواڵیتیەکی باش بێت تاکو پارێزراوبن لە هەر نەخۆشیەک کە سەرچاوەکەی خۆراک بێت .
3- پێویستە ماوە ماوە پشکنینی بۆ بکرێت لەلایەن پزیشکی ڤێتێرینەری بەپێی پێویست.
4- پێویستە مۆڵەتی گەڕان و پشودان بە ئاژەڵەکە بدرێت

چۆنیەتی پاککردنەوە و خاوێن ڕاگرتنی ئاژەڵی توکن یاخود توکدار چۆن دەبێت

1-رۆژانە شانەی بکە بۆ ئەوەی توکەکەی نە ئاڵۆسکێت و توک وەرین کەم ببێتەوە، وە چاوەکانی بسڕە بۆ ئەوەی پیسی و ریپۆقی تیانەبێت .
2- هەفتانە ددانەکانی بشۆ و دەمی پاکبکەرەوە .
3- مانگانە ئاژەڵەکە بشۆ : شۆردن بە ئاوی شلەتێن دەبێت و پاشان دەبێت زۆر بە جوانی ئاژەڵەکە وشکبکرێتەوە .
4-مانگانە نینۆکی بۆ بکە.
5- گوێپاککردنەوەش لە پیسییەکان هەر ئەرکێکی مانگانەیە ، ئاگاداربە کە پیسییەکان با ئاراستەی دەرەوە بێنین نەک زیاتر بیانبەیتە ناو گوێچکەی.
6- ئەو ئاژەڵانەی کە توکیان درێژە ٣ مانگ جارێک پێویستییان بە ڕێککردنەوی قژ و توکبڕین هەیە.

چەند تێبینیەکی گرنگ بۆ ئەکەسانەی کە ئاژەڵی ماڵی بەخێو دەکەن:

1- پێویستە وریای تەندروستی خۆیان بن چونکە زۆر نەخۆشی گوازراوە(zoonotic disease ) هەیە کە لە ئاژەڵەوە توشی دەبن.
2-- پێویستە پاک و خاوێنی خۆیان بپارێزن لەکاتی دەست لێدان یاخود هەڵگرتنی ئاژەڵ لەکاتی خواردن پێداندا وە دوای ئەوە دەبێت دەستیان بە ئاو سابون بشۆن.

ئا: سلێمان صلاح

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن