راچڵەكین-
لە شاری هەولێر ٢٠٠ تووشبووی كۆرۆنا باری تەندروستییان ناجێگیرە و ٨٠ تووشبوو لە ژێر ئامێری هەناسەدانی دەستكرددان و باری تەندروستیان خراپە و ١٠٠ حاڵەتیش پێویستیان بە ئۆكسجین هەیە و رۆژانە ئۆكسجین بەكاردەهێنن.
د. بژار موسا، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەممە لە لێدوانێكدا بۆ راچڵەكین وتی:" هەزار و ٩٢٠ لە نەخۆشخانەكانی شاری هەولێر لە ژێر چاودێری پزیشكیدان، بەشێك لەو نەخۆشانەی كە باری تەندروستییان جێگیرە لە ماڵەوە چارەسەر وەردەگرن و ئیمە وەك تەندروستی بەدواداچوونیان بۆ دەكەین ئەگەر پێویست بێت لە نەخۆشخانە داخڵیان دەكەین."
سەبارەت بە بەكارهێنانی دەرمانە رووسییەكە بۆ تووشبووانی كۆرۆنا ئاماژەی بەوەشكرد:"هیچ زانیارییەكم نییە لەسەر بەكارهێنانی ئەو دەرمانە".
بە پێی ئامارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ١٥ هەزار و ٥٧٧ كەس تووشی كۆرۆنا بوون كە پێنج هەزار و ٤١٧ تووشبوو لە هەولێرن، ١٤٨ تووشبووش لە شاری هەولێر گیانیان لەدەستداوە.