شەبەك بەدوای چارەنووسی بێسەروشوێنكراوەكانیان دەگەڕێت

کوردستان

06/08/2020     ژمارەی بینراو 246

راچڵەكین AA

پێكهاتەی شەبەك بەدوای چارەنووسی رۆڵەكانیان دەگەڕێن كە شەش ساڵ لەمەوبەر لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە رفێندراون، نوێنەرێكی ئەو پێكهاتەیەش لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرایدەكات، تاوەكو ئێستا چارەنووسی ٢٣٣ هاووڵاتی رفێندراوی شەبەك نادیارە.

قوسەی عەباس شەبەكی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە كۆتای شەبەك، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، ئەمڕۆ شەش ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر كەوتنی دەشتی نەینەواو داگیركردنی ئەو ناوچانە لەلایەن گروپی تیرۆریستی داعش.

قوسەی عەباس شەبەكی ئاشكرایكرد، تاوەكو ئێستا چارەنووسی ٢٣٣ هاووڵاتی شەبەك كە زۆرینەیان گەنجن، لەدوای رفاندنیان لە گوندەكانی دەشتی نەینەواو ناو شاری موسڵ لەلایەن داعشەوە، نادیارە.

قوسەی عەباس شەبەكی داوای ئاشكراكردنی چارەنووسی ئەوانەی كرد كە لەلایەن داعشەوە رفێنراون، هاوكات داواشیكرد یارمەتی پێشكەش بە خێزان و كەسوكاریان بكرێت كە بەوتەی ئەو، لە دۆخێكی ناهەمواردا دەژین.

لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤، چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان كردە سەر شاری موسڵ ناوەندی پارێزگای نەینەوا، لە دوای داگیركردنی شارەكە، لە رۆژی شەشی ئابی هەمان ساڵ، هێرشیان كردە سەر ناوچەكانی دەشتی نەینەوا و ئەو ناوچانەشیان داگیركرد.

مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی ٢٠١٧، ھێزە عێراقییەكان بە پاڵپشتی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش و دوای سێ ساڵ لە شەڕی سەخت دژبە چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش، كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوی ئەو رووبەرەیان راگەیاند كە بە سەدا ٥٠ی خاكی عێراق ھەژماردەكرا كە داعش لە ھاوینی ٢٠١٤ كۆنترۆڵی كردبوو. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن