چۆن دەزانیت ٪٩٠ زیاتر ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ توشی كۆرۆنا بوبیت؟

تەندروستی

06/08/2020     ژمارەی بینراو 1201

چۆن دەزانیت ٪٩٠ زیاتر ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ توشی كۆرۆنا بوبیت؟


ڕاچڵه‌كین- 

لە ئێستادا شەپۆڵ و ھێرشی ڤایرەسی کۆڕۆنا لە بەرزبوونەوەیە لە ھەولێر، تا پێت دەکرێت وه‌ك ئەرکێکی مرۆڤانه‌ کە زۆر پێویستی نەکرد نەچیتە دەرەوە و قەڕەباڵخیی و لە ئەگەری چوونە دەرەوەت ماسکی گونجاو ببەستە، دكتۆر زانا پزیشكی پسپۆڕی هه‌ناوی له‌م بابه‌ته‌دا چه‌ند ڕێنماییه‌كی گرنگ ده‌داته‌ هاوڵاتیان بۆ خۆپاراستن له‌ مه‌ترسی توشبوون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا.

ھەندێك ڕێنمایی گشتیی بۆ هاونیشتمانییان.

تا و کۆکە و بێھێزیی و ئازاری ماسولکەت ھەیە؟ بۆن و تامکردنت نەماوە؟ لەگەڵ ئەمانە هێڵنج و سکچوون و سەر ئێشەت ھەیە؟

ئه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌كه‌ت به‌ڵێ بوو ئه‌وە تۆ ٪٩٠ زیاتر دەشێ تووشی کۆڤید_کۆرۆنا بووبیت، ئەگەر ھەناسە تەنگییت نییە، ئەگەر کۆکەیەکی بێزارکەرت نییە، ئەگەر تایەکەت بەردەوام لە بەرزبوونەوە نییە، ئەگەر پەنجە و لێوەکانت شین ھەڵنەگەڕابن، ئەوا دەتوانی لە ماڵەوە خۆت چارەسەر بکەیەت بەپێی ئه‌م پڕۆتۆکۆڵە:

1-نەشڵەژان و نەترسان، بەڵام چاودێریی خۆت بکە.

2-خۆت لە کەس و کارت جیا بکەوە لە ژوورێکی تایبەت و ماسک بە بەردەوامی ببەستە تا ڤایرەسەکە سووڕی ژیانی تەواو دەکات، تێکەڵی کەس مەبە و تا سێ ڕۆژ دوای تەواوبوونی نیشانەکانت، یان دە ڕۆژ لەسەرەتای سەرھەڵدانی نیشانەکانت، مەچۆرە دەرەوە. ھەموو شتێکت لەگەڵ خێزانەکەت جیا بکەوە.

3-پێوانی ڕێژەی ئۆکسجین لە خوێنت بکە بە جیھازی pulse oximeter کە لە زۆربەی فرۆشگای کەلو پەلی تەندروستیی ھەیە، ڕۆژانە ئەمە بەیانیان و عەسر و شەوان بکە، ھەروەھا پێوانی گەرمی لەشت بکە بە گەرمی پێو، ڕۆژانە بەیانیان و عەسر و شەوان.

ئەگەر ڕێژەی ئۆکسجین لە خوێنت دابەزی بۆ کەمتر لە ٩٤٪، ئەوا پێویستە یان سەردانی نەخۆشخانە بکەیت یان پزیشکی پسپۆڕ ئاگادار بکەیتەوە، ئەگەر بۆ زیاتر لە ٤٨ کاژێر تایەکی زۆرت ھەبێت و بە ھیچ دانەبەزێت، ئەوا بەھەمان شێوە سەردای نەخۆشخانە بکە یان پزیشکی پسپۆڕی لێ ئاگاداربکەوە.

4-پشووی تەواو بدە، لە ھەفتەی یەکەم وەرزش مەکە تەنھا پشوو بدە، پاشان دەتوانیت ڕۆژانە نیو کاتژمێر بۆ چل خولەک ڕێکردنت ھەبێت.

5-ڕۆژانە ھەشت بۆ دە كاتژمێر بە تەواویی بخەوە، ڕۆژانە بەتایبەت بەیانیان بۆ ماوەی چارەكە كاتژمێرێك خۆت بدە بەر تیشکی خۆر بە جۆرێک دەست و قاچ و سەر و ملت ڕووت بن.

6- تا پێت دەکرێت ئاو زۆر بخۆرەوە، ڕۆژانە ھەشت بۆ دە پەرداخ ئاو بخۆره‌وه‌، هه‌تا دەتوانیت میوەجاتە ترشەکان و سەوزەوات بەتایبەت بیبەر و پیاز و سیر و لیمۆ زۆر بخۆ. کەم کردنەوەی خواردنی شەکر و کێک و خواردنەوە گازیی و پڕ شەکرەکان و مۆتا و ئایسکرێم و نانی سپیی و سەموون.

7-هه‌تا پێت دەکرێت لەسەر پشت مەخەوەو پاڵ مەکەوە، ھەوڵ بدە زۆرتریین کات (١٦ كاتژمێر) لەسەر سک پاڵکەویت یان بخەویت، ئەگەر بۆت نەکرا، لەسەر تەنیشتەکان.

8-وەرزشی سییەکانت بکە بە جۆرێک ڕۆژانە بەیانیان و عەسران و شەوان (٢٠ بۆ ٣٠) جار لە ڕێگەی لووتت ھەناسەی قووڵ ھەڵمژە و بۆ ماوەی پێنج چرکە ڕایبگرە پاشان لەڕێگەی دەمتەوە ھەناسەکە بەتەواویی بدەوە.

9- ئەگەر حەبی تا و ئازار شکێنت پێویست بوو، ئەوا پاراسیتۆل بەکار بھێنە بەجۆرێک حەبی ١ گم شەش كاتژمێر جارێک.

10- ھەڵمژینی ھەڵمی ئاوی کوڵاو زۆر بەسوودە، بەیانیان و ئێواران بۆ ماوەی پێنج خولەک ئەمە دووبارە بکەوە.

11-غەڕغەڕەکردنی بە ئاوی شلەتێن و خوێ ڕۆژانە بەیانیان و شەوان، بە جۆرێک لە ھەر غەڕغەڕەیەک با خوێواوەکە تا چل چرکە لەناو دەمت بێت، پاشان فڕێیبدە.

12-خواردنی حەبی ڤایتەمین C ڕۆژانە حەبی ٥٠٠ملغم بەیانیان و ئێواران دوو حەب بەیەکەوە.

13-خواردنی حەبی زینک ٢٥ ملغم بەیانیان و ئێواران.

14-خواردنی کەپسولی ڤایتەمین D ٢٠٠٠ بۆ ٥٠٠٠ وەحدە، ڕۆژانە لەگەڵ کەوچکێک لە ڕۆنی زەیتی زەیتوون.

15-خواردنی حەبی مەگنسیۆم بە جورعەی ٢٥٠ بۆ ٥٠٠ملغ ڕۆژانە، لەگەڵ حەبی ڤیتامین B12 بە جورعەی 0.5ملغم، بەتایبەت بۆ بەتەمەنەکان و یان ئەوانەی ئێش و ئازاری ماسولکەی زۆریان ھەیە.

ئەمانە چارەسەری ڤایرەسەکە نین، بە شێوەیەکی گشتیی ئەوانە بۆ بەھێزکردنی کۆئەندامی بەرگریی لەشتە دژی ڤایرەسەکە لەو کەسانەی کە نەخۆشییەکەیان بە سووکیی یان مامناوەندیی گرتووە. بۆ ئەوانەی نەخۆشییەکەیان بە تووندی گرتووە، دەبێت پزیشکی لێ ئاگادار بکرێتەوە.

شتی تر و چارەسەری تریش دەبێت لە کاتی پێویست و بە ڕاوێژ لەگەڵ پزیشکی پسپۆڕ بەکاربھێندرێت.

ئەوانەی تەمەنیان سەروو ٦٠ ساڵییە یان نەخۆشیی درێژخایەنی وەک نەخۆشییەکانی دڵ و سییەکان و نەخۆشیی شەکرە و نەخۆشیی شێرپەنجە و سستبوونی گورچیلەکانیان ھەیە، یان ئەوانەی چارەسەری کیمیایی و چارەسەرەکانی ڕۆماتیزم بەکاردەھێنن، ئەوا پێویستە ڕۆژانە و بەردەوام پزیشکی پسپۆڕ لە حاڵەتەکانیان ئاگاداربکەنەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن