تەقینەوەكەی بەیروت 100 هەزار منداڵی شارەكەی ئاوارەكرد

جیهان

07/08/2020     ژمارەی بینراو 234

راچڵەكین

رێكخراوی یونیسێف رایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەكەی بەندەری بەیروت، 120 خوێندنگەی ئەو شارە زیانیان پێگەیشتووەو نزیكەی 100 هەزار منداڵیش ناچار بوون ماڵەكانیان جێبهێڵن.

بەگوێرەی راپۆرتێكی رێكخراوی یونیسێف-ی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، تەقینەوەكەی رۆژی سێشەممەی رابردوو كە لە بەندەری بەیروتی پایەتەختی لوبنان روویداو بەهۆیەوە جگە لە كوژران و برینداربوونی هەزاران كەس، كاریگەرییەكی زۆر خراپی لەسەر منداڵانی ئەو شارە هەبووەو نزیكەی 100 هەزار منداڵ ناچار بوون ماڵەكانیان جێبهێڵن.

رێكخراوەكە، ئاماژەی بەوەشكردووە، لەئەنجامی تەقینەوەكە، 120 خوێندنگە لە شاری بەیروت زیانی پێگەیشتووە، كە 55 هەزار خوێندكار لەخۆدەگرێت.
 
لەلایەكی دیكەوە، كۆمسیۆنی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاندووە، لەئێستادا بارودۆخی بەیروت كارەساتبارەو دانیشتوانی شارەكەش پێویستییەكی زۆریان بە شوێنی حەوانەوە هەیە، بەو پێیەی زۆرێك لە خانووەكان لەئەنجامی تەقینەوەكە، زیانێكی زۆریان پێگەیشتووەو بەشێكیشیان وێران بوون، كە بۆ نیشتەجێبوون دەستنادات.

بەپێی نوێترین ئامار، نزیكەی 300 هەزار هاووڵاتی دانیشتووی بەیروت، كە دەكاتە رێژەی زیاتر لە 12%ی كۆی دانیشتوانی شارەكە، شوێنی نیشتەجێبوونیان لەدەستداوەو ناتوانن لەماڵەكە رووخاوەكانیان بمێننەوە.

لەدوای سێ رۆژ لە تەقینەوە بەهێزەكەی بەیروت، كە بەگوێرەی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان، بەهۆی تەقینەوەی بڕێكی زۆر نیتراتی ئامۆنیا بووە، كە لە كۆگایەكی بەندەرەكە عەمباركرابوو، تائێستا تیمەكانی بەرگری شارستانی بەدوای تەرمی قوربانییەكان و بێ سەروشوێن بووەكان لەژێر داروپەردووی بەندەرە رووخاوەكەدا دەگەڕێن، كە بەپێی نوێترین ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی لوبنان، 150 كەس گیانیان لەدەستداوەو زیاتر لە چوار هەزاریش بریندار بوون.

جگە لە كێشەی نیشتەجێبوون و زۆرییی ژمارەی قوربانییەكان، لوبنان دووچاری كێشەی خۆراكیش بووەتەوە، تەقینەوەكە بووە هۆی رووخانی گەورەترین سایلۆی ئەو وڵاتەو لەناوچوونی كۆی گەنمی عەمباركراو، كە بڕی 120 هەزار تۆن گەنمی تێدا عەمباركرابوو.

نێردەی رێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵی سەر بە نەتەوەكان بۆ لوبنان رایگەیاندووە، لەناوچوونی عەمباری گەنم، دانیشتووانی ئەو وڵاتە دەخاتە بەردەم مەترسییەكی گەورەوە، ئەوان ئێستا پێویستییان بە كۆمەكی بەپەلەی خۆراك هەیە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن