حەسەن نەسروڵڵا روونكردنەوە لەبارەی تەقینەوەكەی بەیروت دەدات

جیهان

07/08/2020     ژمارەی بینراو 449

راچڵەكین

ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان هەر جۆرە پەیوەندییەكی حزبەكەی بە تەقینەوەكەی شاری بەیروت رەتكردەوەو رایگەیاند: ئێمە لەبەردەم كارەساتێكی مرۆییداین و سزاكانیش تەنها ئێمەی لێ بەئامانج ناگرێت، بەڵكو هەموو گەلی لوبنان دەگرێتەوە.

حەسەن نەسروڵڵا، لە وتەیەكدا رایگەیاند: تەقینەوەكەی رۆژی سێشەممەی بەندەری بەیروت كارێكی پیلان بۆ داڕێژراو نەبووە، تائێستاش ئەنجامی كۆتایی لێكۆڵینەوەكان لەو رووداوەكە تەواو نەبووە، هەربۆیە پێمان سەیرە هەندێ كەس و لایەن پێشوەختە تۆمەت ئاراستەی حزبوڵڵا دەكەن.

نەسروڵڵا رەتیكردەوە حزبەكەی هیچ دەسەڵاتێكی بەسەر بەندەری بەیروتدا هەبێت، وتیشی:" نە ئێستاو لە رابردووش هیچ كۆگایەكی عەمباری چەك و تەقەمەنیمان لەو بەندەرەدا نەبووەو نییە، لە داهاتووشدا نامانبێت".

ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان، ئامادەیی حزبەكەی بۆ هاوكاریكدرن و لەخۆگرتنی خێزانە زیانلێكەوتووەكانی تەقینەوە گەورەكەی بەیروت دەربڕی و راشیگەیاند، ئێستا كاتی هێوركردنەوەو خزمەتكردنە.

لەبارەی سەپاندنی سزاكانیش، نەسروڵڵا ئاماژەی بەوەكرد كە سزاكان تەنها ئامانج لێی حزبوڵڵا نییە، بەڵكو لەدژی هەموو گەلی لوبنانە.

جەختی لەوەشكردەوە، لێكەوتەكانی تەقینەوەكەی بەندەری بەیروت، زۆر مەترسیدار دەبن و دەرەنجامی كۆمەڵایەتی و تەندروستی و ئابووریشی لێدەكەوێتەوە.

ئێوارەی رۆژی سێشەممە 4-8-2020 لەئەنجامی تەقینەوەیەكی بەهێز لە بەندەری بەیروت، 150 كەس گیانیان لەدەستداو زیاتر لە چوار هەزاریش بریندار بوون، هاوكات زیانە داراییەكانیش بە زیاتر لە 10 ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن