ئەو كەسەی سووكایەتی بە مێردمنداڵەكەی بەغدا كردبوو لە سلێمانی دەستگیركرا

کوردستان

07/08/2020     ژمارەی بینراو 331

راچڵەكین 

 

پۆلیسی سلێمانی یەكێك لەو تۆمەتبارانەی دەستگیركرد، كە بەهۆی سووكایەتیكردنی بە مێردمنداڵێكی شاری بەغدا و دەرچوونی فەرمانی دەستگیركردنی، بەرەو سلێمانی هەڵاتبوو.

ئەمڕۆ 7-8-2020، عەمید ئاسۆ شێخ تەها، بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی سلێمانی، لە كۆنگرەیەكی رۆنامەوانیدا ڕایگەیاند: سێ رۆژە ئەو تۆمەتبارە هاتۆتە شاری سلێمانی و هێزەكانی پۆلیس توانیان دەستگیری بكەن.

راشیگەیاند: تۆمەتبارەكە لە ڕێزی هێزە ئەمنییەكانی بەغدایەو پلەدارە.

دوای بڵاوبوونەوەی گرتەی ڤیدیۆیی سووكایەتیكردن بە مێردمنداڵێك لەلایەن چەند كارمەندێكی هێزە ئەمنییەكانی عێراق، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق فەرمانی دەستگیركردنی بۆسەرجەم تۆمەتبارەكان دەركرد.

بەگوێرەی راگەیاندراوێكی پۆلیسی سلێمانی، دوێنێ 6-8-2020، لیوا بەختیار بابان، بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ پۆلیسی‌ هەرێم و لیوا كاكە ڕەش، نوێنەری‌ وەزارەتی‌ ناوخۆی‌ حكومەتی‌ هەرێم لەبەغدا پەیوەندییان بە بەڕێوبەری پۆلیسی سلێمانییەوە كردو رایانگەیاند كە گومان دەكەن یەكێك لەو كەسانە هەڵهاتبێت بۆ هەرێمی‌ كوردستان‌.

عەمید ئاسۆ شێخ تەها وتیشی‌، ‌ئێمەش لێكۆڵینەوەكانمان دەستپێكرد بۆ دەستكەوتنی‌ سەرەداوێك و دۆزینەوەی‌ ئەو كەسە، خۆشبەختانە ئێوارەی‌ ئەمڕۆ توانیمان ئەو كەسە لەناو شاری‌ سلێمانی‌ دەستگیر بكەین.

بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی‌ بۆ ئەوەشكرد، دوای‌ كۆتاییهاتنی‌ ڕێكارە یاساییەكان، تۆمەتبارەكە ڕادەستی‌ نوێنەری‌ بەرێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌‌ بەغدا دەكرێتەوە، كە ئێستا لەشاری‌ سلێمانییە‌، لەبەرئەوەی‌ دۆسیەی‌ لێكۆڵینەوەكەی‌‌ لەبەغدایە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن