پێشبینی دەكرێت ژمارەی قوربانیانی تەقینەوەكەی بەیروت روو لەهەڵكشان بكات

جیهان

08/08/2020     ژمارەی بینراو 197

راچڵەكین-

راوێژكاری وەزیری تەندروستی لوبنان، رایگەیاند، ژمارەی قوربانیانی تەقینەوەكەی بەندەری بەیروت بەرزبووەتەوە بۆ ١٥٤ كوژراو و نزیكەی شەش هەزار بریندار.

رەزا موسەوی، لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكرد:" ئەگەری هەیە ژمارەی كوژراوانی تەقینەوەكەی بەندەری بەیروت بەرزببێتەوە، بەو پێیەی ١٢٠ بریندار رەوشی تەندروستییان ناجێگیرە و ژمارەیەكیش بێسەرو شوێنن". 

سێشەممەی رابردوو تەقینەوەیەك لە بەندەری بەیروت روویدا و بەپێی خەمڵاندنەكان، زیانە ماددییەكانی ئەو تەقینەوەیە بە ١٠ تاوەكو ١٥ ملیار دۆلار ئەژمار دەكرێت.

هەر ئەو كات، میشێل عۆن-سەرۆكی لوبنان رایگەیاند، هۆكاری رووداوەكە تەقینەوەی زیاتر لە 2700 تۆن ماددەی نیتراتی ئەمۆنیۆم بووە كە ماوەی شەش ساڵە لەیەكێك لەئەمبارەكانی بەندەرەكە هەڵگیراوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن