خوێندنی باڵا شەش پۆست له‌ زانكۆی سلێمانى ڕاده‌گه‌یەنێت

کوردستان

10/08/2020     ژمارەی بینراو 363

راچڵەکین-

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى شەش پۆست بۆ جارى یەکەم لە زانکۆى سلێمانى بە چەند مەرجێک ڕادەگەیەنێت و دەڵێت، هەر کەسێک ئارەزوى هەیە و مەرجەکانى تێدایە دەتوانێت تاکو ٢٠-٨-٢٠٢٠، (c.v) و داواکارییەکەى پێشکەش بکات.
 
لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پۆستی هەریەک لە( ڕاگرى کۆلیژى پزیشکى، ڕاگرى کۆلیژى پزیشکى ڤێتەرنەرى، ڕاگرى کۆلیژى زمان، ڕاگرى کۆلیژى زانستە ئەندازیارییە کشتوکاڵییەکان، ڕاگرى کۆلێژى بازرگانى، ڕاگرى کۆلێژى هونەرە جوانەکان( راگەیاندووە بە چەند مەرجێک.
 
لە راگەیەندراوەکەدا وەزارەتی خوێندنی باڵا چەند مەرجێکی بۆ ئەو پۆستانە داناوە کە بریتین لە :"هەڵگرى بڕوانامەى دکتۆرا بێت، ناونیشانى زانستى لە پرۆفیسۆرى یاریدەدەر کەمتر نەبێت، خزمەتى زانکۆیی لە (10) ساڵ کەمتر نەبێت".
    
وەزارەتی خوێندنی باڵا دەشڵێت:" چانسى زیاتر دەدرێت بەو بەڕێزەى کە دیدو بۆچون و بەرنامەى کار و چالاکییەکانى خۆى پێشکەش بکات بۆ بەرەوپێشبردنى زانکۆ بۆ ئەو چوار ساڵەى کە پۆستەکەى وەردەگرێت، زمانى ئینگلیزى و بەکارهێنانى کۆمپیوتەر هەلى زیاتر بۆ پیشکەشکار دەڕەخسێنیت".

بە پێی راگەیەندراوەکە، دواکات بۆ پێشکەشکردنى (c.v) و پوختەى ڕاژە کۆتایی دەوامى ڕێکەوتى (٢٠/٨/٢٠٢٠) دەبێت، پێویستە پوختەى ڕاژەى لەلایەن بەرپرسى یەکەمى فەرمانگەکەیەوە واژوو کرابێت، هەر کەسێک ئارەزوى هەیەو مەرجەکانى سەرەوەى تێدا بەدى دەکرێت دەتوانى  (c.v) و پوختەى ڕاژەى ڕاستەوخۆ  بۆ ئەم ئیمیلە [email protected] بنێرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن