مێسی یەكەم هەنگاو بۆ جێهێشتنی یانەی بارسێلۆنا دەنێت

وەرزش

26/08/2020     ژمارەی بینراو 674

راچڵەكین

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی دیاری یانەی بارسێلۆنا، لەرێی فاكسێكەوە بە ئیدارەی یانەكەی راگەیاندووە كە دەیەوێت بڕوات و داوای رەزامەندی لێكردوون، بەڵام یانە كەتەلۆنییەكە ئەم داوایەی رەتكردووەتەوە.

بەپێی چەند هەواڵێكی میدیای ئەرجەنتینی و ئیسپانی، مێسی بە یانەی بارسێلۆنای راگەیاندووە كە نایەوێت وەرزی داهاتوو لەگەڵ ئەو یانەیە بەردەوام بێت لە یاریكردن و داوای كردووە بێ بەرامبەر گرێبەستی نێوانیان كۆتایی پێ بهێندرێت.

مێسی كۆتا جار لە ساڵی ٢٠١٧ گرێبەستی لەگەڵ ئەو یانە ئیسپانییە تازە كردەوە و ئەم گرێبەستە تا مانگی حوزەیرانی ٢٠٢١ كاری پێ دەكرێت.

یەكێك لەو بابەتانەی تا ئێستا لەنێوان مێسی و بارسێلۆنا-دا یەكلایی نەكراوەتەوە ئەوەیە ئایا "پێویست دەكات مێسی بڕی ٧٠٠ ملیۆن یورۆ بدات لە بەرامبەر یەكلایەنە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی نێوانیان؟"

راگەیاندنەكانی ئیسپانیا بانگەشەی ئەوە دەكەن كە پێویست ناكات مێسی ئەو بڕە پارەیە بدات بە مەرجێك ساڵێك پێش جێهێشتنی یانەكە، بارسێلۆنا ئاگادار بكاتەوە.

بەپێی هەواڵی رۆژنامەیەكی ئیسپانی، یانەی بارسێلۆنا راستەخۆ وەڵامی مێسی داوەتەوە و پێیان راگەیاندووە كە داواكاری كۆتایی هێنانی گرێبەستەكە بەبێ بەرامبەر هیچ پاڵپشتێكی یاسایی نییە.  

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن