رێككەوتنی هەرێم و بەغدا لە بودجەی 2021 جێگیر دەكرێت

عێراق

15/09/2020     ژمارەی بینراو 393

راچڵەكین -

وتەبێژی سەرۆك وەزیرانی عێراق گەشبینی خۆی بە گەیشتنە رێككەوتنی هەرێم و بەغدا نیشان دەدات و راشیدەگەیەنێت، مستەفا كازمی سەردانێكی سەركەوتووی بۆ هەرێم ئەنجامداو رێككەوتنەكەش لە بودجەی 2021 رووندەبێتەوە.

ئەحمەد مەلا تەڵاڵ وتەبێژی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە كۆنفرانسی رۆژنامەوانیی هەفتانەیدا، كە ئێوارەی ئەمڕۆ 15-9-2020 لەدوای كۆتایی هاتنی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ئەنجامیدا، لەبەشێكی قسەكانیدا سەبارەت بە رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا رایگەیاند، سەردانەكەی كازمی بۆ هەرێمی كوردستان و دیداری كۆبوونەوەكانی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم، گرنگ و سەركەوتوو بوون، تیایدا قسە لەسەر هەموو پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوانیان كرا.

وتیشی:" رێككەوتن كراوە كە بودجەی 2021، هەوڵێك بێت بۆ پتەوكردنی ئەو رێككەوتنەی لەنێوان بەغداو هەرێم كراوە، لەوانەش چەپساندنی مافە دەستورییەكانی حكومەتی فیدراڵی لە دەروازە سنورییەكان و كەرتی نەوت، هەروەها جێگیركردنی مافەكانی هەرێم لە نەوتی هەناردەكراوو رادەستكردنی بە حكومەتی فیدراڵی".

وتەبێژی سەرۆك وەزیرانی عێراق، گەشبینی خۆی نیشاندا بە گەیشتنە رێككەوتنی تەواو لەگەڵ هەرێمی كوردستان و ئاماژەی بەوەشكرد كە رێككەوتنەكە لە بودجەی 2021 ی عێراقدا رووندەبێتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن