مەسرور بارزانی: هەرێمی كوردستان فاكتەرێكی گرنگیی سەقامگیرییە لە عێراق و ناوچەكەدا

کوردستان

24/09/2020     ژمارەی بینراو 270

راچڵەكین -

سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، هەرێمی كوردستان فاكتەرێكی گرنگیی سەقامگیرییە لە عێراق و ناوچەكەدا، دەشڵێت: سەرەڕای قەیرانی دارایی، حكومەت بەردەوامە لە ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاریی و جێبەجێكردنی بەرنامە چاكسازییەكەی.

ئەم وتەیەی مەسرور بارزانی، لەمیانەی دیدارێكی هات لەگەڵ مارتن هوس باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپا لە عێراق، كە ئەمڕۆ 24-9-2020 لەهەولێر كۆبوونەوە.

بەگوێرەی راگەیاندراوێكی حكومەتی هەرێم، لەو دیدارەدا دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتەكانی عێراق و پەڕەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و یەكێتی ئەوروپا تاووتوێ كرا.

باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپا لە عێراق، ئاماژەی بەوەدا كە هەرێمی كوردستان نموونەیەكی سەركەوتوو و گەشەسەندووە لە عێراق، یەكێتی ئەوروپاش ئامادەیە بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكان و هاندانی وەبەرهێنەرانی ئەوروپایی بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان.

سەرۆكی حكومەتی هەرێمیش سوپاسی پشتگیرییەكانی یەكێتی ئەوروپای كرد لە هەرێمی كوردستان، راشیگەیاند، هەرێمی كوردستان، فاكتەرێكی گرنگیی سەقامگیرییە لە عێراق و ناوچەكەدا.

مەسرور بارزانی جەختی لەوەشكردەوە كە سەرەڕای قەیرانی دارایی، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەردەوامە لە ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاریی و جێبەجێكردنی بەرنامە چاكسازییەكەی، لە پێناو گەشەپێدانی زیاتری هەرێمی كوردستان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن