عێراق.. ژمارەیەك فەرماندەی ئەمنی دەستگیركران

عێراق

29/09/2020     ژمارەی بینراو 347

راچڵەكین -

لەكاردانەوەی هێرشە مووشەكییەكەی دوێنێی بەغدا، كە ژمارەیەك كوژراوو برینداری لێكەوتەوە، حكومەتی عێراق بە فەرمانی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران، بڕیاری دەستگیركردنی ژمارەیەك ئەفسەرو بەرپرسی ئەمنیی ئەو ناوچانەی دەركرد، كە هێرشەكانی تێدا ئەنجامدراوە، وتەبێژی سەرۆك وەزیرانیش رایگەیاند، چەند كەسێك بە تۆمەتی تێوەگلان لە هێرشەكان دەستگیركراون.

ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، وتەبێژی سەرۆك وەزیرانی عیراق، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەانیدا كە ئەمڕۆ 29-9-2020 ئەنجامیدا، رایگەیاند: بە تۆمەتی كەمتەرخەمی لە جێبەجێكردنی ئەركەكانی سەرشانیان، 19 ئەفسەر و بەرپرسی ئەمنیی ئەو ناوچانە دەستگیركراون، كە هێرشە مووشەكییەكانی تێدا ئەنجامدراوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، هێزە ئەمنییەكان لەمیانەی هەڵمەتێكدا ژمارەیەك كەسیان دەستگیركردووە، كە تێوەگلاون لەو هێرشە مووشەكەییانەی دەكرێنە سەر ناوچەی سەوز و بنكە سەربازییەكان.

وتەبێژی سەرۆك حكومەتی عێراق، بەبێ ئاماژەكردن بە ناسنامەی تۆمەتبارە دەستگیركراوەكان، ئاشكراشیكرد كە سەرجەمیان دەستیان لە هێرشە مووشەكییەكاندا هەبووە. 

هێرشە مووشەكییەكەی دوێنێی بەغدا، كە ئاراستەی دەوروبەری فڕۆكەخانەی بەغدا كرا، بەڵام بەسەر ماڵێكدا كەوتە خوارەوەو بەهۆیەوە حەوت كوژراوو برینداری لێكەوتەوە، كە سەرجەمیان ژن و منداڵ بوون، كاردانەوەی گەورەی لەناوخۆی عێراق لێكەوتەوەو زۆربەی لایەنە سیاسیەكان داوایان لە حكومەت كرد، ئاسایش و ئارامی بەرقەرار بكات و ئەنجامدەرانی هێرشەكانیش دەستگیر بكات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن