راچڵەكین
حكومەتی عێراق پارەی تایبەت بە موچەی فەرمانبەران رەوانەی هەرێم دەكات و ئەندامێكی كوردی ئەنجومەنی نوێنەرانیش رایدەگەیەنێت، هیچ پاساوێك بۆ دواخستنی موچەی فەرمانبەران نییەو ناكرێ هەرێم لەوەزیاتر سەبری هاوڵاتیان تاقی بكاتەوە.
د. رێبوار كەریم مەحمود، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە راچڵەكین-ی راگەیاند، پارەی ئەم مانگەی موچەی فەرمانبەران لەبەغداوە هاتووەو رۆژی یەكشەممە 1-3-2020، لەژێر دەستی هەرێم دەبێت.
ئەو پەرلەمانتارە رەخنەی لەحكومەتی هەرێم گرت بەهۆی مانەوەی بەشێكی زۆری داهاتی هەرێم بەنادیاری، وتیشی: جگە لەو بڕە كەمەی كە دەدرێتە وەزارەتی دارایی، داهاتەكانی دیكەی هەرێم نادیارە، كە لە فرۆشتنی نەوت و داهاتی ناوخۆو باج دەستی دەكەوێت و بەردەوامیش بڕەكەی زیاد دەكات.
د. رێوار كەریم، رەخنەشی لە زیادكردنی باجیش گرت كە بەردەوام حكومەت لەدەرەوەی یاسا لەسەر هاوڵاتیانی زیاد دەكات و داهاتەكەشی نادیارە، وتیشی: هیچ پاساوێك بۆ دواخستنی موچەی فەرمانبەران نییەو ناكرێ هەرێم لەوە زیاتر سەبری هاوڵاتیان تاقی بكاتەوە.