بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەیمانگاكان و مەشقكردنی وەزارەتی پەروەردە لەسەر لێدوانەكانی مامۆستایەكی ئایینی هاتەدەنگ

کوردستان

29/02/2020     ژمارەی بینراو 330

راچڵەكین-

بەڕێوبەرایەتی گشتی پەیمانگاكان و مەشقكردنی وەزارەتی پەروەردە رایدەگەیەنێت "هیچ حاڵەتێكی بێڕێزیكردن لە هیچ یەكێك لە پەیمانگاكانی هونەرە جوانەكانی ئێمە رووینەداوە، رێگا نادەین بەهیچ كەسێك بێڕێزیی و سوكایەتی بە ناوەندەكانی خوێندن و مامۆستایان و قوتابیان و خوێندكاران بكات".

بەڕێوبەرایەتی گشتی پەیمانگاكان و مەشقكردنی وەزارەتی پەروەردە، لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە:" چەند رۆژێك لەمەوبەر كەسێك هێرشێكی ناڕەوای كردە سەر پەیمانگاكانی هونەرەجوانەكان، كە ناوەندێكی فەرمی خوێندنە و سەر بە بەڕێوبەرایەتی گشتی پەیمانگاكانی وەزارەتی پەروەردەیە، بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە بێڕێزیەك بەرامبەر پێگەی مامۆستایانی ئاینی كرا بێت و بەبێ ئەوەی بەدواداچوون بكات، لەگەڵ بابەتێكی دیكە تێكەڵی كردووە. ئەم هێرشە ناڕەوایە و وشە ناشرین و بێڕێزیانە بووەتە مایەی نیگەرانی مامۆستایان و خوێندكاران و قوتابیانی پەیمانگای هونەرە جوانەكان و ئێمە و گشت هونەرمەندان".

ئەوەشروونكراوەتەوە: "هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە كە هیچ حاڵەتێكی بێڕێزیكردن لە هیچ یەكێك لە پەیمانگاكانی هونەرە جوانەكانی ئێمە رووینەداوە، رێگا نادەین هیچ كات ناوەندەكانی خوێندن بۆ ئەو بابەتانە بەكاربهێنرێت و بەهەمان شێوەش رێگا نادەین بەهیچ كەسێك بێڕێزیی و سوكایەتی بە ناوەندەكانی خوێندن و مامۆستایان و قوتابیان و خوێندكاران بكات، بۆ ئەم مەبەستەش بەمافی خۆمانی دەزانین لە رێگای دادگاوە رێكاری یاسایی پێویست بگرینەبەر".

لەچەند رۆژێكی رابردوودا، لە گرتە ڤیدیۆیەكدا مامۆستایەكی ئاینی ھێرشی كردە پەیمانگاكانی ھونەرە جوانەكان، ئەوەش كاردانەوەی لەلایەن ھونەرمەند و مامۆستا و قوتابیانی پەیمانگاكانی ھونەرەجوانەكانی لێكەوتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن