ئاژانسێك: لەرۆژهەلاتی كوردستان 8 كەس تووشی كۆرۆنا بوون

کوردستان

29/02/2020     ژمارەی بینراو 314

راچڵەكین-

لەرۆژهەڵاتی كوردستان، ژمارەی تووشبووان بەڤایرۆسی كۆرۆنا گەیشتە 8 كەس. وەك ئاژانسی مێهری ئێرانی بڵاویكردووەتەوە.

ئاژانسەكە لەزاری وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران بڵاویكردووەتەوە، ٢٠٥ تووش بووی نوێ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ماوەی ٢٤ كاتكۆی رابردوودا لەئێران تۆماركراون، كە لەو ژمارەیە ٥ كەسیان لە رۆژهەڵاتی كوردستانن. 

پێشتر زانكۆی زانستە پزیشكییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان ڕایگەیاند، ٣ كەس وەك تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراون، بەوشێوەیەش سەرجەمی ئەو كەسانەی لە رۆژهەلاتی كوردستان وەك تووشبوی ئەو ڤایرۆسە تۆماركراون گەیشتووەتە 8 كەس.

ئەوەش لەكاتێكدا دێت، ئەمڕۆ شەممە كیانوش جیهانپور، وتەبێژی تەندروستی ئێران ئاماژەی بەوەكرد، لەماوەی 24 كاتكۆی رابردوودا 9 تووشبووی كۆرۆنا لەو ولاتە گیانیان لەدەستداوە، بەوەش لەسەرانسەری ئێراندا ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 43 كەس.

جیهانپور، ئەوەشی روونكردەوە، لەئێستا 593 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەرانسەری ئێران تۆماركراون. هاوكات 123 كەسیش تائێستا چاكبوونەتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن