ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ متمانەدان بە كابینەكەی عەللاوی كۆدەبێتەوە

عێراق

29/02/2020     ژمارەی بینراو 513

راچڵەكین-

وابڕیارەسبەی یەكشەممە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ متمانەدان بەكابینەكەی محەمەد تۆفیق عەللاوی، سەرۆكوەزیرانی راسپێردرا كۆبێتەوە. نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لەبەغدا دەڵێت:" بەپێی ئەو بەرنامەیەی عەللاوی دایڕشتووە، لە پێكهێنانی كابینەكەیدا سەركەوتوونابێت."

فارس عیسا، رایگەیاند '' عەللاوی وەكو كەس، كەسێكی باشە، بەڵام وەكو ئەوەی كە بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق راسپێردراوە، پێمان وایە ئەو كەسە نییە كە بتوانێت بەو بەرنامەی كە ھەیەتی تیایدا سەركەوتووبێت''.

لەبارەی قسەكردن لەسەر داواكارییەكانی كورد، بەتایبەتی بابەتی بوودجە و گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم  وتی: '' عەللاوی بەرنامەی خۆی بە ئەنجوومەنی نوێنەران راگەیاند و دواتر لیژنەیەك دامەزرێنرا بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە بەرنامەكەدا بكات، ئەندامانی لیژنەكە رازی نەبوون باسی بودجەو شایستە داراییەكانی ھەرێم و ھێزی پێشمەرگە بكەن و ئەوان پێیان وابوو كە ئەم بابەتە بۆ حكوومەتی داھاتووبێت، ئێمەش پێمان وایە ئەمە فێڵكردنە و بەم جۆرە رازی نەبووین''.

فارس عیسا وتیشی: ''ئێمە پێمان وایە كە ئەم حكوومەتە دەبێت بەھێز بێت بۆ ئەوەی لەم دۆخە دەربازی بێت، هەروەها پێمان وایە كە بەبێ تەوافق و شەراكەتی ھەموولایەنەكان، سەركەوتوو نابێت''.

فارس عیسا لەبارەی پلانی دووەمی كورد لە ئەگەری بەشدارینەكردن لە كابینەكەی عەللاوی-دا وتی: ''لایەنە سیاسییەكان، بەتایبەت شیعەكان دەبێت بڕیار بدەن و كەسێك دابنێن، ئەمە نەك ھەر ماڵی عێراقی تێكداوە، رەنگە كاریگەری لەسەر ناو ماڵی شیعەش ھەبێت، بۆیە ئێمە پێشنیاز دەكەین كەسێك دەست نیشان بكرێت كە ناو ماڵی عێراق یەكبخاتەوە''.

نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا سەبارەت بە هەڵوێستی شیعەكان و سوننەكان لەسەر بەشدارینەكردنی كورد لە كابینەكەدا، وتی: ''لەگەڵ لایەنە سوننەكان و زۆرینەی شیعەش لێكتێگەیشتنمان ھەیە بۆ ئەوەی بتوانین ئەم وڵاتە بونیاد بنێین، بەم ئەقڵیەتەی ئێستا و ئەو میكانزمەی كە ئەو بەڕێزە دیاریكردووە، نە خزمەتی عێراق دەكات و نە خزمەتی شەراكەت دەكات و نە خزمەتی چارەسەری كێشەكانیش دەكات، ئەوانیش ھەمان بۆچوونیان ھەیە''.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن