یەكگرتووی ئیسلامی: سووتاندنی ئاڵای كوردستان..برینداركردنی ھەستی نیشتمانیی گەلەكەمانە

کوردستان

17/10/2020     ژمارەی بینراو 261

راچڵەكین-
 
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رایدەگەیەنێت سووتاندنی ئاڵای ھەرێمێكی دەستووری كە ھێمای گەلێكی پڕ قوربانییە، بۆ كۆتاییھێنان بە ستەمی دیكتاتۆرییەت و بنیاتنانی عێراقێكی پێشكەوتووی دیموكراسی مایەی نیگەرانی قووڵ و برینداركردنی ھەستی نیشتمانیی گەلی كوردستانە. 

وتەبێژی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رایگەیاند: "سووتاندنی ئاڵای كوردستان و ، بارەگای پارتە سیاسییەكان، لە ھەر پارێزگا و ناوچەیەكی عێراق؛ بە ھەرێمی كوردستانیشەوە، دیاردەیەكی ناشارستانییە و دژە بە پرنسیپەكانی دیموكراسیەت و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و سیاسی، ھاوكات سووتاندنی ئاڵای ھەرێمێكی دەستووری كە ھێمای گەلێكی پڕ قوربانییە، بۆ كۆتاییھێنان بە ستەمی دیكتاتۆرییەت و ، بنیاتنانی عێراقێكی پێشكەوتووی دیموكراسی. مایەی نیگەرانی قووڵ و برینداركردنی ھەستی نیشتمانیی گەلی كوردستانە". 

وتیشی: "عێراق، لەم دۆخەدا كە پێویستی ژیانی بە حیواری نیشتمانی و لێكتێگەیشتنی سیاسی قووڵ و سەپاندنی ئیرادەی دەوڵەت ھەیە، ئەم جۆرە رووداوانە ھەوڵەكانی چارەسەركردنی قەیرانەكان، لەبار دەبات". 

وتەبێژی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان وێڕای ئیدانەكردن داوای ھێوركردنەوەی دۆخەكەی كردووە و بە پێویستی زانیووە دەوڵەت ھەیبەتی یاسا بەسەر كۆی رووداوەكاندا بسەپێنێت. 

بەیانی ئەمڕۆ شەممە، بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە لێدوانێكی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، ھۆشیار زێباری لەبارەی حەشدی شەعبییەوە، لایەنگرانی حەشدی شەعبی لە بەردەم بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ناوەڕاستی بەغدا پایتەختی عێراق خۆپیشاندانیان سازكرد. 

لە میانی خۆپیشاندانەكەدا، ئاڵای كوردستان لە لایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبییەوە سووتێنرا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن