مامۆستایانی ناڕازی هەڵوێستی خۆیان لەسەر بڕیاری دەستپێكردنەوەی دەوامی خوێندنگاكان راگەیاند

کوردستان

27/10/2020     ژمارەی بینراو 249


راچڵەكین-

مامۆستایانی ناڕازی رەتیدەكەنەوە پابەندی بڕیارەكەی پەروەردەی سلێمانی بن بۆ شكاندنی بایكۆت و دەڵێن:" تا داواكارییەكانمان جێبەجێ نەكرێن ناچینەوە هۆڵەكانی خوێندن".

مامۆستا عومەر محەمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، ئەمڕۆ لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا، دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندنی لە سنوورەكە راگەیاند و وتی:" پشتگیری لە مامۆستایانی دەكەین بە تایبەت پێدانی مووچە لە كاتی خۆیدا، بەڵام بەردەوامی بایكۆت مەترسی لەسەر پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ دروستدەكات، بۆیە پێویستە مامۆستایان بچنەوە هۆڵەكانی خوێندن".

وتیشی:" لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەری پەروەردەكان كۆبووینەوە و لە ئەمڕۆوە بڕیارمانداوە پرۆسەی خوێندن دەستپێبكاتەوە، هەر مامۆستایەكیش پابەند نەبێت بە پێی یاسا و رێنماییەكان لێپرسینەوەی لەگەڵ دەكەن".

لەبەرامبەردا، مامۆستا دڵشاد بابانی، نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی لە لێدوانێكدا بۆ راچڵەكین وتی:" بە هیچ شێوەیەك تا داواكارییەكانمان جێبەجێ نەكرێت ناچینەوە هۆڵەكانی خوێندن، چونكە تا ئێستا ئەوەی ئێمە داوامانكردووە جێبەجێ نەكراوە و بۆیە هەر بەردەوامدەبین لە ناڕەزایەتییەكانمان".

ئاماژەی بەوەشكرد:" هیچ كاتێك مامۆستایان پابەندی ئەو بریارەی پەروەردەی سلێمانی نابن، مەگەر لەژێر فشارێكی زۆری حزب زۆر لە بەڕێوەبەرە حزبییەكان بكات، ئەگەر نا ئێمە وەك مامۆستایانی ناڕازی هیچ كاتێك بە مامۆستایان ناڵێین بچنەوە هۆڵەكانی خوێندن".

دەشڵیت:" لە زۆربەی زۆری ناوەندەكانی خوێندن لە سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان بایكۆتە و چەند خوێندنگایەك كە لە پەنجەكانی دەست تێپەڕ ناكات دەوام دەكەن".

سەبارەت بە سزادانی مامۆستایان دەشڵێت:" دەتوانن مامۆستایان غیاب بدەن، یان مووچەكانمان دەبڕن ئەگەر نا ناتوانن هێج شتێكی دیكە بكەن".

27ی ئەیلولی ئەمساڵەوە پڕۆسەی خوێندن لە هەرێمی كوردستان دەستیپێكردوە، بە جۆرێك پۆلەكانی یەك و دووی بنەڕەتی و 12ی ئامادەیی لە ناو هۆڵەكانی خوێندن وانە دەخوێنن قۆناغەكانی دیكەش بە ئەلكترۆنی وانە دەخوێنن، بەڵام تا ئێستا مامۆستایان لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندنیان كردوە و داوای پێدانی موچە 30 رۆژ جارێك دەكەن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن