وەزارەتی دارایی: 350 ملیۆن دینارمان بۆ خەزێنەی حكومەت گەڕاندەوە

کوردستان

27/10/2020     ژمارەی بینراو 439

راچڵەکین-

وەزارەتی دارایی و ئابووری رایگەیاند، لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی پڕۆژە یاسای چاكسازی، بەرێوبەرایەتی گشتی خانەنشینی نزیكەی 350 ملیۆن دینار بۆ خەزێنەی حكومەت دەگەڕێنێتەوە.

لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی دارایی و ئابووری بڵاویکردووەتەوە، لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی پڕۆژە یاسای چاكسازی، بە دیاریكراوی لە ماددەی 16 و بڕگەی دووەمی یاسای چاكسازی كە تایبەتمەندە بە خانەنشینی، بەرێوبەرایەتی گشتی خانەنشینی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووری توانیان مانگانە نزیكەی 350 ملیۆن دینار بگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەتی هەرێمی كوردستان. 

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایدا هاتووە، بەڕێوبەرایەتی گشتی خانەنشینی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەستان بە هەمواركردنەوەی لیستی موچەی پلەی شارەزاكان و دوای هەمواركردنەوەیان، توانرا جیاوازی موچەیان بۆ یەك مانگ نزیكەی (350) ملیۆن دینار بگەڕێندرێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەتی هەرێمی كوردستان. 

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، لە ماددەی 16 و بڕگەی دووەمی یاسایی چاكسازی باس لەوە دەكرێت كە كاربە هیچ دەقێكی یاسایی یان بڕیارێكی ناكۆك لەگەڵ حكومەكانی ئەم یاسایەدا ناكرێت و هەڵوەشاندنەوەی یاسای خانەنشینی خاوەن وەزیفە باڵاكانی هەرێمی كوردستان-عێراق ژمارە (36)ی ساڵی 2004 و جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی بەسەریاندا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن