ئێران پێشنیازێك بۆ چارەسەركردنی كێشەی كاراباخ و راگرتنی شەڕ دەخاتەڕوو

جیهان

27/10/2020     ژمارەی بینراو 266

پێشنیازەكەی ئێران دەخرێتەبەردەم هەردوو لایەنی شەڕكەر

راچڵەكین - AA

كۆماری ئیسلامیی ئێران پێشنیازێك بۆ چارەسەركردنی كێشەی هەرێمی كاراباخ لە نێوان ئەرمینیاو ئازەربایجان بەشێوەی هەمیشەیی ئامادە دەكات و بۆ ئەو مەبەستەش یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، سەردانی باكۆو یەریڤان دەكات بەمەبەستی قایلكردنی هەردوو وڵاتی شەڕكەر بە چارەسەرەكە.

ئاژانسی فەرمیی هەواڵی ئێران IRNA بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ 27-10-2020 عەباس ئێراكچی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران، سەردانی باكۆی پایتەختی ئازەربایجان دەكات و لە رۆژانی داهاتووشدا سەردانی مۆسكۆو یەریڤان و ئەنكەرە دەكات.

لەبارەی هەوڵەكانی ئێران بۆ كۆتایی هێنان بە كێشەی هەرێمی كاراباخ، محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە رایگەیاند، پێشنیازێكیان بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئەو هەرێمە ئامادەكردووە و لە رۆژانی داهاتوودا پێشكەشی هەردوو حكومەتی ئەرمینیاو ئازەربایجانی دەكەن.

جەواد زەریف، لە لێدوانێكیدا بۆ تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران وتی، "ئێران پێشنیارێكی بۆ چارەسەرێكی هەمیشەیی بۆ كێشەی قەرەباغ ئامادەكردووە، یاریدەدەرم بۆ كاروباری سیاسی (عەباس ئێراكچی) سەبارەت بەم بابەتە لە رۆژانی داهاتوودا  سەردانی باكۆو و یەریڤان دەكات".

وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە ئەو كێشانەی هەیە، لە رێگەی دیپلۆماسی و ئاشتییانە چارەسەر بكرێت.

ماوەی مانگێكە شەڕو پێكدادان لە هەرێمی ناگۆرنۆ كاراباخ لەنێوان سوپای ئازەربایجان و هێزەكانی حكومەتی كاراباخ دەستی پێكردووە، كە لەلایەن ئەرمینیاوە دانی پێدانراوە، بەگوێرەی میدیاكانی جیهان، لەو ماویەدا سەدان كەس لەهەردوولا كوژراون، لەئێستاشدا بەنێوەندگیری ئەمریكا، ئاگربەستی مرۆیی لەناوچەكە راگەیەندراوە.  

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن