ئەردۆغان سكاڵای یاسایی لە دژی گۆڤاری چارلی ئیبدۆ تۆمار دەكات

جیهان

28/10/2020     ژمارەی بینراو 242

ئەردۆغان داوا دەكات لێپرسینەوە لە بەرپرسانی گۆڤارە فەرەنسیەكە بكرێت

راچڵەكین – AA

رەجەب تەیب ئەردۆغان لەسەر بڵاوكردنەوەی وێنەیەكی لە بەرگی گۆڤاری چارلی ئیبدۆ، بڕیاریدا سكاڵای یاسایی لەدژی ئەو گۆڤارە فەرەنسییە تۆمار بكات.

بەهۆی ئەو وێنەیەی كە ئەمڕۆ 28-10-2020 گۆڤاری فەرەنسی چارلی ئیبدۆ لەسەر بەرگی گۆڤارەكە بڵاویكردووەتەوەو ناوەڕۆكی بێڕێزی لە بەرامبەری تێدایە، رەجەب تەیب ئەردغان سەرۆك كۆماری توركیا، سكاڵایەكی یاسایی پێشكەشی داواكاری گشتیی ئەنكەرە كرد.

میدیاكانی توركیا بڵاویانكردەوە، حوسێن ئایدن پارێزەری تایبەتی ئەردۆغان، سكاڵاكەی پێشكەشی داواكاری گشتیی ئەنكەرە كردو داوای كردنەوەی لێكۆڵینەوە لەگەڵ بەڕێوەبەری نووسین و بەڕێوەبەری گشتیی بڵاوكردنەوە و كاریكاتێریستی گۆڤارەكە كردووە بە تۆمەتی بێرێزیكردن لە بەرامبەر سەرۆك كۆماری توركیا.

لە سكاڵاكەدا ئاماژە بەوەكراوە كە ئەو بابەتە لە چوارچێوەی ئازادی رۆژنامەوانیی و رادەربڕین نییە و پێویستە دامەزراوە مێدیاییەكان پابەندی رێنمایی و پرەنسیپەكانی رۆژنامەوانی بن و خۆیان بەدوور بگرن لەو هەڵسوكەوتانەی كە پێشیلكاری ماف و ئازادیی تاكەكان دەكات.

سكاڵاكە ئەوەی ئاشكراكردووە كە ئەو وێنەیەی گۆڤاری چارلی ئیبدۆ بەكارهێناوە، كەسایەتی و ئیعتیباری ئەردۆغانی كردووەتە ئامانج و تاوانی بێڕێزی لە بەرامبەر سەرۆك كۆماری توركیا ئەنجامدراوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن