زیاتر لە 600 منداڵی چەكدارانی داعش لە كەمپەكانی رۆژئاوای كوردستانن

جیهان

29/10/2020     ژمارەی بینراو 122

راچڵەكین-

لێكۆڵینەوەیەكی بەلژیكی ئاشكرایكردووە، زیاتر لە 600 منداڵی دایك و باوك داعشی، لەكەمپەكانی دەستبەسەركردنی چەكدارانی داعشن لە رۆژئاوای كوردستان، سێیەكی ئەو منداڵانەش بەڕەگەز فەڕەنسین.

تۆمار رینارو ریك كۆڵسایت، شارەزایان لەكاروباری چەكداران لە پەیمانگای ئیگمۆنت لە برۆكسل رایانگەیاندووە:" لەنێوان 610-680 منداڵی ئەوروپی لەئێستادا لەگەڵ دایكیان لەهەردوو كەمپی رۆژ و هۆڵ لەرۆژئاوای كوردستان دەستبەسەرن."

ئەوەشیان روونكردووەتەوە، بەشێك لەو منداڵانە لە ساڵی 2019وە لەگەڵ دایكیان كەزۆربەیان لەریزی داعشدا شەڕیان كردووە، لەو دوو كەمپەن.

بەگوێرەی ئەو لێكۆڵینەوەیە، فەرەنسییەكان لەسەروو لیستی ئەو دەستبەسەركراوانەن بەجۆرێك 150-250 یان فەڕەنسین و دوای ئەوانیش ئەڵمانییەكان دێن، لەپلەی سێیەم هۆڵەندی- سویدی- بەلژیكی و دواجار بەریتانییەكان دێن.

بەووتەی ئەو لێكۆڵەرەوانە،منداڵەكان "قوربانیی بژاردەی دایك و باوك، شەڕ، رەوشی سەختی ژیانی نێو كەمپەكانن، هەروەها قوربانیی تەمبەڵیی حكومەتە ئەوروپییەكانن... حكومەتەكانی ئەوروپا زۆر بەباشی ئاگاداری رەوشیانن، بەڵام بژاردەكەیان ئەوەیە نەیانگەڕێننەوە وڵاتی خۆیان، زۆرجار ئەمەش پێچەوانەی رێنماییەكانی بەڕێوەبەرایەتی و دەزگاكانی دژەتیرۆری ئەو وڵاتانەیە".

لێكۆڵەرەكە رەتیدەكاتەوە ئەو منداڵانە وەكو بۆمبی دانراوە بن، ئەگەر گەڕێنرانەوە وڵاتەكانی خۆیان و، دەڵێ "60 بۆ 70٪ـی ئەو منداڵانە تەمەنیان نەگەیشتووەتە 5 ساڵ، بەنزیكەیی هەموو منداڵەكانی دیكەش تەمەنیان لە 12 ساڵ كەمترە، تەنیا چەند منداڵێكیان گەیشتوونەتە تەمەنی مێرمنداڵی".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن