پەرلەمانتارێک: بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ و کشتوکاڵ تەنها لە دیوانی‌ وەزارەتەکانیان جێبەجێدەکرێن

کوردستان

30/10/2020     ژمارەی بینراو 278

راچڵەکین-

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت:"بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ و کشتوکاڵ بۆ پاراستنی‌ بەرهەمی‌ ناوخۆ تەنها لە ‌ دیوانی‌ وەزارەتەکانیان جێبەجێدەکرێت، ئەگەر دەشڵێن وا نییە، بە بەڵگەوە بۆیان دەسەلمێنم".

عومەر گوڵپی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە و دەڵێت:"بە پێی‌ بەدواداچوونەکانم، وێڕای‌ قەدەغەکردنیان، بەڵام هەنار لە سنوری‌ سوریا،و کەلەرم‌و قەڕنابیت‌و کاهوو لە سنوری‌ ئێرانەوە داخڵی‌ بازاڕەکانی‌ کوردستان دەبێت، بەمەش جوتیارو باخەوانی‌ هەژاری‌ کوردستان‌ زیانی‌ گەورەی‌ بەردەکەوێت، بێجگە لە ئابوریی هەرێم‌و چوونە دەرەوەی‌ پارە".

دەشڵێت:" بە پێی‌ ڕێنمایی‌و بڕیارەکان، بە درێژایی‌ ساڵ هێنانی‌ کەلەرم‌و قەڕنابیت‌و کاهوو قەدەغەیە، بەڵام یەک بەڕادی‌ ترێلە لە مەرزی‌ باشماخەوە بە بڕی‌ (٤٠٠٠ - چوار هەزار) دۆلار بۆ کڕیار دەهێننە سلێمانی‌، بە باری‌ تایبەت".

گوڵپی ئاماژە بەوەشدەکات:" ئێستا کە وەرزی‌ پێگەیشتنیەتی‌، هێنانی‌ هەنار قەدەغەکراوە، بەڵام بە بڕی‌ (٢٨٥٠ - دوو هەزارو هەشت سەدو پەنجا) دۆلار بارهەڵگرێکى ٢٤ تەنی لە مەرزی‌ فیشخابوورەوە بۆ کریار دەهێننە هەولێر، بەباری‌ تایبەت".

"حکومەت‌و بەرپرسەکانی‌ هەمیشە دەڵێن:"سەرچاوەکانی‌ داهات لەکوردستان هەمەچەشن دەکەین‌و گرنگی‌ بەکشت‌و کاڵ دەدەین و بەرهەمی‌ ناوخۆ دەپارێزین"، بەڵام ڕێک بە پێچەوانەوە بە ڕۆژی‌ ڕووناک‌و بە چاوپۆشی‌ دەزگای‌ فەرمی‌‌و بە پاسەوانی‌ هێزی‌ فەرمی‌، حکومەت نەوەک سەرچاوە هەمەچەشنەکانی‌ داهات زۆر ناکات، بەڵکو ئەو چوار فلسەی‌ لەهەر وەرزێکدا دەچێتە گیرفانی‌ باخەوان‌و جوتیاری‌ هەژارو دەستقڵیشاوی‌ کوردەوە ئەوەش وێران دەکات، تەنهاو تەنها بۆ گیرفانی‌ حزب‌و کۆمپانیاکانی‌‌ ئەم‌و ئەو" عومەر گوڵپی وا دەڵێت.

سەبارەت بە پارێزگای هەڵەبجەش ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت:" هەڵەبجە پارێزگایەکی‌ فەرامۆشکراوە، بە ئەستەم نەبێت هیچ پڕۆژەیەکی‌ نیمچە گەورەی‌ گەشتیاری‌، بازرگانی‌، پیشەسازی‌، تێدا نییە کە هەلی‌ کار بۆ گەنجەکان‌و خەڵکەکەی‌ بڕەخسێنێت، لەم وەرزەشدا کە هەناری‌ هەڵەبجە وەک مارکەیەک وایە لە باشی‌‌و جوانی‌‌و تەندروستیدا، کەچی‌ سیاسەتی‌ خراپی‌ بەرێوەبردن‌و یاساشکێنی‌ نایەڵێت باخەوانی‌ هەژاری‌ هەڵەبجە چوار فلسی‌ دەستبکەوێت".

لە کۆتایی نووسینەکەیدا ئاماژە بەوەدەکات:" هەناری‌ هەڵەبجە چۆن دەتوانێت بە ڕێگەیەکی‌ خراپ‌ و دوورو درێژدا بە تێچوویەکی‌ زۆر بگاتە دهۆک‌و هەولێرو لەوێشەوە پارێزگاکانی‌ تری‌ عێراق‌ و کێبڕکێی‌ هەناری‌ سوریا بکات لە نرخدا؟ بۆیە ئەگەر هەریەکە لە وەزیری‌ کشتوکاڵ ‌و وەزیری‌ ناوخۆ ئینکاری‌ ئەم زانیاریانەیان کرد، ئەوە من ئامادەم هەریەکە بارێک لە کاهوو کەلەرم‌ و قەڕنابیت و هەنارى سورى و ئێرانیان بۆ بنێرم، بۆ ئەوەی‌ دڵنیابن لەوەی‌ سیاسەت‌و بڕیاری‌ پاراستنی‌ بەرهەمی‌ ناوخۆی حکومەت تەنها لە ژووری‌ دیوانی‌ وەزارەتەکانیان بەباشی‌ جێ بەجێدەکرێت".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن