راچڵەکین-
کێشەی خاوەندارێتیکردنی زەوی لە ناوچە کێشەلەسەرەکان لە نێوان جوتیارانی کورد و عەرەب جارێکی تر سەریھەڵداوەتەوە، عەرەبەکان ھەوڵی گەڕانەوە بۆ ئەو ناوچانە دەدەن و کوردەکانیش ئامادەنین ناوچەکەیان بۆ جێبھێڵن، بۆیە ناو بەناو شەڕ و ئاڵۆزی ڕوودەدات.
بەیانی ئەمڕۆ هەینی جارێکی دیکە ژمارەیەک لە عەرەبی ھاوردەی سەردەمی بەعس گەڕاونەتەوە سەر زەوییەکانی گوندی فەریق لەناوچەی حەفتەغار و گرژی و ئاڵۆزی لە ناوچەکەدا دروستبووە.
بە گوێرەی زانیارییەکان پاش ئەوەی ئەو ھاووڵاتییە عەرەبانە ھاتوون بۆ کێڵانی زەوییە کشتوکاڵییەکان، جوتیارانی کورد رێگریان لە کێڵانی زەوییەکانیان کردووە و بەھۆیەوە گرژی دروستبووە و ھێزە ئەمنیەکانیش گەیشتوونەتە گوندی فەریق و دۆخەکەیان ھێور کردووەتەوە و بۆ رێگری لەدروستبوونی گرژی زیاتر، عەرەبەکانیان لە ناوچەکە دورخستوەتەوە.