باڵیۆزخانەی عێراق لە توركیا ژمارەیەكی فریاگوزاری بڵاودەكاتەوە

عێراق

30/10/2020     ژمارەی بینراو 243

داوا لە عێراقییەكانی نیشتەجێی شاری ئیزمیر دەكرێت لەكاتی پێویستدا پەیوەندی بە باڵیۆزخانەوە بكەن

راچڵەكین –

لەكاردانەوەی بوومەلەرزەكەی ئەمڕۆی شاری ئیزمیر، كە دەیان قوربانی لێكەوتەوە، باڵیۆزخانەی عێراق لە توركیا ژمارەیەكی فریاگوزاری بڵاودەكاتەوەو داوا لە هاووڵاتیانی عێراقیی نیشتەجێی ئەو وڵاتە دەكات، لەكاتی پێویستدا پەیوەندییان پێوە بكەن.

حەسەن جەنابی باڵیۆزی عێراق لە ئەنكەرە، لە پەپامێكدا هاوسۆزی خۆی بۆ توركیا دەربڕیوە بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەی كە ئەمڕۆ چەند ناوچەیەكی پارێزگای ئیزمیری گرتەوەو بووە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی دەیان كەس.

باڵیۆزی عێراق لە ئەنكەرە داواشی لە هاووڵاتیان عێراقیی نیشتەجێی توركیاو بەتایبەتیش نیشتەجێی پارێزگای ئیزمیر كردووە، لەئەگەری هەر پێویستییەك بەهۆی بوومەلەرزەكەوە، پەیوەندی بكەن بە ژمارەی فریاگوزاری (05368787900) بۆ ئەوەی بەزووترین كات بەهانایانەوە بچن.

ئەمڕۆ هەینی 30-10-2020، بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 6.6 پلەی رێختەر كەنارواوەكانی پارێزگای ئیزمیری لە رۆژئاوای توركیا گرتەوەو بەگوێرەی نوێترین زانیارییش چەندین باڵەخانە رووخاون و تائێستاش چوار كەس گیانیان لەدەستداوەو 152 كەسی دیكەش بریندار بوون، پارێزگاری ئیزمیریش رایگەیاند، تیمەكانی بەرگری شارستانی توانیویانە 70 كەس لە ژێر داروپەردووی بینا رووخاوەكاندا رزگاركر بكەن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن